مەلا مارف کۆکەیی


مەلا مارف کۆکەیی (لەدایکبووی ١٨٧٤ لە مەھاباد - مردووی ١٩٤٥ لە مەھاباد) شاعیرێکی کورد بوو.

مەلا مارف کۆکەیی

Mela marf.jpg
لەدایکبوون١٨٧٤
مەرگ١٩٤٥
مەھاباد
شوێنی گۆڕمەھاباد، گۆڕستانی مەلا جامی
نەتەوەکورد
پەروەردەمامۆستایی ئایینی
پیشەشاعیر و مامۆستای ئایینی
ھاوسەرئامینە خانم
مناڵ(ەکان)چوار کوڕ و دوو کچ - عەلی، مەعسووم، عەبدوڵڵا، محەممەد، تووبا و ئەحمەد

ژیاندەستکاری

مەلا مارف کۆکەیی کوڕی وێسف ساڵی ١٢٥٣ی ھەتاوی لە گوندی حاجی خۆشی شاری مەھاباد لە دایک بووە. «بەپێی گۆڤاری (ھاواری کورد) کە بە مەودای مانگێک پاش مەرگی مەلا مارف دەرچووە؛ مەلا مارف لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٨٧٥ لە دێی حاجی خۆشی ناوچەی شاروێرانی موکریان کە دەکەوێتە ٣٠ کیلۆمیتریی باکووری مەھاباد لە دایک بووە.» ناوی دایکی زبێد و لە بنەماڵەیەکی ئایینی ناوچەی بانە بووە. بنەماڵەی کۆکەیی تایفەی (پەڕبڵاو) سەر بە عەشیرەتی (مووریکن)؛ کە ئەویش دەکەوێتە چوارچێوەی عەشیرەتی (پیران). بابی بە کاروباری لادێ و کشتوکاڵەوە خەریک بووە و مارفیش ھەتا تەمەنی دوازدە ساڵی لە گوند ژیاوە و بەپێی توانا یارمەتیی باوکی داوە. ھەر لەم تەمەنی مێرمنداڵییەوە ڕۆژێک بێھەواڵ و لەناکاو ماڵی باوکی کە ئەودەم لە گوندی شاگێلدی بووە جێ دێڵێ و بۆ خوێندن ڕوو دەکاتە باشووری کوردستان. براکانی پێوشوێنی ھەڵدەگرن و پاشی دوو ساڵ و نیو لە (خانەقای مەحوی) شاری سلێمانی دەیبیننەوە و لەگەڵ خۆیان دەیھێننەوە. دوای گەڕانەوە لە تورجان و سەردەرئابات لەلای مامۆستایانی بنەماڵەی تورجانیزادە (قزڵجی) درێژەی بە خوێندن داوە. مەلا مارف لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا (١٢٧٨ھەتاوی) ئامینە خانمی کچی مەلا ڕەزای بانەیی خەڵکی گوندی سووت و بەردەڕەش لای شاری بانەی مارە کردووە و گوازتوویەتەوە بۆ گوندی قوڵغە تەپەی ھەرێمی ئیل تەیمووری لای مەھاباد کە لەوێ مەلای مودەریس بووە. ئامینە خانم بەفرانباری ساڵی ١٣١٧ لە شاری مەھاباد کۆچی دوایی کردووە و ئیدی مەلا مارفیش ژنی نەھێناوەتەوە و خۆیشی لە تەمەنی حەفتا و سێ ساڵیدا لە ٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٢٤ ماڵاوایی لە ژیان کردووە. لە ڕێوورەسمی بە خاک سپاردنی مەلا مارفدا خەڵکی زۆربەی شارەکانی کوردستان و مامۆستایانی ئایینی وەکوو: (سدیق سدقی)، (مەلا محەممەد لاھیجی) و (سەید عەبدوڵڵا ئەتھەری) کوڕی (شێخ عەبدولقادر بەرزنجی) و ھتد بەشدارییان کردووە. بەرھەمی سی و ھەشت ساڵ ژیانی ھاوبەشی مەلا مارف و خێزانی چوار کوڕ و دوو کچ لە گەورەوە بۆ بچووک: «عەلی، مەعسووم، عەبدوڵڵا، محەممەد، تووبا و ئەحمەد» بووە. عەلی، کوڕە گەورەی مەلا مارف لە ھەڕەتی مێرمنداڵیدا کە تەمەنی شازدە ساڵان بووە بەھۆی ڕووداوێکی نەویستە تووشی چارەنووسێکی تاڵ دەبێ و پاشی سێ _ چوار ساڵ ژیانی نھێنی و پڕ کارەسات؛ دەکوژرێ. ئەم ڕووداوە دەبێتە سەرەتای دەربەدەری و غەم و پەژارەی شاعیر و لە ئاکامدا بە نابینایی سەردەنێتەوە.

نەداری و تەنگدەستیدەستکاری

مەلا مارف لە ھەلومەرجێکی زۆر ئەستەم و لە نەداری و چەرمەسەریدا ژیانی بەسر بردووە و ھۆنراوەی ھۆنیوەتەوە، تەنانەت ئەو نەدارییە بە ئاشکرا لە بەرھەمەکانیدا ڕەنگی داتەوە و کاریگەریی خستووەتە سەر شێوازی نووسینی.[١][٢][٣][٤][٥]

نموونەی شیعریدەستکاری

گوێ شل کە برا لەم غەزەلە، نسحەت و پەندە وا تێمەگە بەیتی بلەیە مەیکە بە خەندە
ڕووحم بە فیدای ئەو کەسە میللەت دەپەرەستێ بێزارە لە مەحکوومیی و ئازادی پەسەندە
ھەرکەس کە دەگەڵ میللەتی خۆی نییەتی چابێ زاتێکە کە عالینەسەب و فکری بوڵەندە
ئەم میللەتە مەحڕوومە لە ئازادی و شادی ئاوارە لە بووم و وەتەنن بوونە پەڕەندە
دەخولێنەوە سەحرا و دەر و دەشت و بیابان وەک غوولی بیابانی و حەیوانی چەڕەندە
قسمێکی وەکوو عەقرەب و وەک مار و ڕوتەیلە مەیلی بە گەزینە وەکوو حەیوانی گەزەندە
باعیس ئەمەیە بێکەس و سەردار و ڕەئیسن ھەر بۆیەشە ئەم ئیشە کە گەندیدە و گەندە
گەر موتتەفیقەن دەس بدەنێ نەیکەنە قەڵبی یەک قووەتی پێ لازمە ئەم بەند و کەمەندە
تەوفیق لە خوداوەندە لەسەر ئێوە قیامە یەک حەملە بەرن فرسەتە وەک شێری دڕەندە
ئەو سەدد و تەلیسمانە بە گورزان بشکێنن لەتلەت بکەن ئەم قەیدە بە شمشێری بڕەندە
ئەو لەززەتی ئازادی و حوڕڕییەتی نەفسی سەد مەرتەبە شیرینترە لەم شەککەر و قەندە

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ (زانایانی کورد: محەممەد ساڵح ئیبراھیمی "شەپۆل" - لاپەڕەی ١٩٥–٢١٢، چاپەمەنی محەممەدی، سەقز، ١٣٧٩)
  2. ^ (چێشتی مچێور: بیرەوەرییەکانی مامۆستا عەبدولرەحمان شەرەفکەنی "ھەژار" - چاپی پاریس ١٩٩٧- لاپەڕەی ٤٧)
  3. ^ (تاریخو فرھنگ و ادب موکریان، ابراھیم افخمی، چاپەمەنی محەممەدی، سەقز)
  4. ^ (نگاھیبە تاریخ مھاباد، سید محمد صمدی -نشر ڕھرو، مھاباد- ١٣٧٧ - ص ٢٤١)
  5. ^ (تاریخ مشاھیر کُرد - بابا مردوخ ڕوحانی (شیوا) - جلد دوم - انتشارات سروش ١٣٦٦ - تھران - ص ٢٧٥)

بەستەرە دەرەکییەکاندەستکاری