مەلا ئەحمەد شەڵماشی ناسراو بە مەلا ئاوارە یان شەھیدی ڕێگای ئازادی کوردستان کوڕی مەلا محەممەد ئەمینی ھەمەوەند شۆڕشگێڕێکی کورد و یەکێک لە دامزرێنەرانی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو کە لەلایەن ڕەژیمی محەممەدڕەزا پەھلەوی گولەباران کرا.[١]

مەلا ئەحمەد شەڵماشی

لەدایکبوون١٩٣٤
مەرگ٢ی ئەیلوولی ١٩٦٨
سەردەشت
ھۆکاری مەرگلەلایەن ساواکی ئێرانەوە تیرباران کرا
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر، سیاسەتمەدار

ژیاننامە دەستکاری

مەلا ئاوارە ساڵی ١٣١٣ی ھەتاوی لە گوندی شەڵماشی سەر بە شارستانی سەردەشت لە دایک بووە. لەلای باوکی خوێندنی دەست پێ کردووە و پاشان چووەتە ناو جەرگەی فەقێیان و لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی تر و لە قوتاخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی تر زۆر شوێن و ناوچەی کوردستان گەڕاوە و بە شێلگیرییەوە خوێندوویەتی و بووتە مەلا. مەلا ئاوارە بەھۆی ئەوەیکە مرۆڤێکی ھێژا، ئاگا، دیندار، خاوەن ھەستی نەتەوایەتی و خەڵکدۆست بووە، ھەر لە کاتی خوێندنەوە بینینی نابەرامبەری و حاڵ و باڵی دڵتەزێنی بێدەستان و زۆربێژی و خەڵک ڕووتاندنەوەی دەسەڵاتداران ئازاری داوە و سەرەنجام لێ بڕاوە بە ھەموو گیانییەوە بۆ نەھێشتنی ئەم کارەساتە تێکۆشیاوە و بەم جۆرە چووەتە ناو حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە و ساڵی ١٣٤٣ی ھەتاوی لەگەڵ چەند ئەندامی کارای تری حیزبدا گەڕاوەتەوە رۆژھەڵات و لە ناوچەی موکریان، بەتایبەت دێھاتی دەوروبەری سەردەشت و بانە و ئالان و چەند شوێنێکی تر، کەوتووەتە گەڕان و و دانیشتن لەگەڵ خەڵکی چەوساوە و تێگەیاندنیان لە ھۆی دوا کەوتووییان و ئاشنا کردنیان لەگەڵ بەرنامەی حیزبدا.[٢] بانەمەڕی ساڵی ١٣٤٧ (حەسەن سەکر) کوێخای گوندی دیوالان وەک دارەدەستی شا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی گوندەکەی بانگھێشتی مەلا ئەحمەدی کردووە و ھەر ئەوێ شەوێ ھاوکات لەگەڵ دەرمانداو کردنی حکوومەتی ئاگادار کردووەتەوە و بەیانییەکەی مەلا ئاوارە ھاوڕێ لەگەڵ دوو پێشمەرگەی تر بە ناوەکانی (مەلا کەچە) و (مام ڕەحمانی وەتمان چاوشین) بۆ دادگای سەحرایی جەڵدیان گوازراونەتەوە و دوای چەن مانگ ئەشکەنجە لە ڕۆژی ١١ی خەرمانانی ١٣٤٧ی ھەتاوی لە شوێنێک بە ناوی (خڕی کانی ساردێ) لە شاری سەردەشت تیرباران کراون. بەر لە ئیعدام بوون مەلا ئاوارە وتوویە:" بە کوشتنی من خەباتی ڕزگاری خوازی نیشتمانپەروەرانی کورد دوایی نایەت. "[٣]

مەھدی خانبابا تارانی لە ھاوپەیڤینێک لەگەڵ حەمید شەوکەتدا گوتوویە کە مەلا ئاوارە برای مستەفا شەڵماشی ئەندامی کومیتەی ناوەندیی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و خوێندکاری یاسا لە زانستگەی تاران بووە و پەیوەندیشی بووە لەگەڵ ڕێکخراوەی شۆڕشگێری پارتی توودەی ئێران.[٤]

بەرھەمەکان دەستکاری

مەلا ئەحمەد لە زەمانی فەقێیەتییەوە ھۆگری شیعر بووە و ئەوکاتی کە پێشمەرگە بووە ھەڵبەستی ھۆنیوەتەوە و خاوەنی دیوانێکی شیعرییە.

  • دیوانی مەلا ئاوارە[٥]

نموونەی شیعری دەستکاری

کوڕم تۆ کوردی، تۆ بێچووە شێرینەتەوەی کاوەی، ئازا و دلێری
باب و باپیرت، خزم و که‌س و کارزۆریان کێشاوه، مەینەت و ئازار
بۆ پارێزگاری، نامووس و ماڵیانقەت نەوەستاوە، دەست و گوپاڵیان
تۆش وە‌ک ئەوان بە، نەترس و نەبەزبازی کێوی بە، نەک کەوی قەفەس


تووتنوانێکی ھەژارمبێ خانوو و زەوی و زارم
بێپووڵ و باغ و بزن و مەڕدوورم لە خێر، نزیک لە شەڕ
مناڵم ڕووت و برسییەژیانم پڕ مەترسییە

شیعری لەتیف ھەڵمەت بۆ مەلا ئاوارە دەستکاری

لەتیف ھەڵمەت شیعرێکی لەژێر ناوی «بڕگەیەکی بڵاونەکراوە لە ڕۆژژمێرەکەی مەلا ئاوارە، وێنەی نەمر» بۆ مەلا ئاوارە نووسیوە؛ ئەوە دەقی شیعرەکەیە:

من دڵنیام … چەندێ بژیم
ڕۆژێ مەرگ دێ بۆ پێشوازیم
بەڵام ھەزاران ھەزار ساڵ
لە دوای مردن
دەرمبێنن لە گۆڕ و چاڵ
ئەگەر سینگم بە نەشتەرێ ھەڵبدڕن
ھێشتا دیارە لەسەر برینی دڵی من
خۆڵەمێشی گوندەکەم و
جێ زنجیری تانکی دوژمن…!
بست بە بستی … ئائەم خاکە
جێ بزماری چەکمەی پاسدار و ساڤاکە…![٦]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ تاریخ مشاھیر کرد، جلد دوم: عرفا، علما، ادبا، شعرا
  2. ^ مێژووی ناودارانی کورد: بابە شێخ مەردۆخ ڕۆحانی "شیوا" وەرگێڕانی: ماجد مەردۆخ ڕۆحانی، بەرگی دووھەم، لاپەڕەی ٨٣١، لە کتێبەکانی ئەکادیمیای کوردی، ھەولێر، ٢٠١١ ز. چاپی یەکەم
  3. ^ شەھید مەلا ئاوارە، ڕەحمان نەقشی، ئەیلوولی ٢٠١١
  4. ^ شوکت، حمید، نگاھی از درون بە جنبش چپ ایران (گفتگو با مھدی خانبابا تھرانی)، تھران: شرکت سھامی انتشار، چاپ دوم: ۱۳۷۲، ص۱۵۴.
  5. ^ دیوانی مەلا ئاوارە، کۆکردنەوەی: عەوڵا مینایی
  6. ^ کۆی بەرھەمە شێعرییەکانی لەتیف ھەڵمەت، بەرگی دووھەم، ل ۲۰۱، بڵاوکەرەوەی مانگ، بانە ۲۰۱٦

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری