منداڵباز (ڕۆمان)

ڕۆمانێک لە نووسینی فەرھاد پیرباڵ

منداڵباز ڕۆمانێکی کوردییە لە نووسینی فەرھاد پیرباڵ.[١][٢] بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٣ بڵاو کرایەوە. ڕۆمانەکە باس لە دیاردەی منداڵبازی لە دەیەکانی ڕابردووی گەڕەکەکانی ھەولێر دەکات.[٣]

منداڵباز
نووسەرفەرھاد پیرباڵ
وڵاتکوردستان
زمانکوردیی ناوەندی
بابەتڕۆمان
بڵاوبوونەوە٢٠٠٣
جۆری کتێبچاپ
لاپەڕەکان٢٠٥

چیڕۆک دەستکاری

ڕۆژێکیان یووسف، کە نەوجەوانێکی ١٥ ساڵانە، لە بەیانییەکی زوو دەچێتە کڕینی سەموون، بەڵام ناگەڕێتەوە. ھەر لەو ڕۆژەدا پیرەژنێک و کوڕە لاوێک لە ھەمان ئەو سەموونخانەی کە یووسف بۆی چووە گەواھیدەری ڕووداوێکی منداڵبازی دەبن. کوڕە لاوەکە ھاوار دەکات تاکو پۆلیس بگەن، بەڵام کاتێک پۆلیس دەگاتە شوێنەکە ئەوان لەوێ نەماون، بە گوتەی پۆلیس منداڵباز و منداڵەکە لە سەربانەوە ھەڵاتوون. ھەر لەدوای ئەم ڕووداوەوە چیتر یووسف نەگەڕاوەتەوە ماڵ. خێزانی یووسف (باوک و دایک و براکەی) گومان دەکەن ئەو ڕووداوە بەسەر یووسفدا ھاتبێت، ھەر بۆیەش سکاڵا لەسەر خاوەنی سەموونخانەکە، کە مەلایەکە، لەگەڵ چەند منداڵبازێکی ناسراوی دەوروبەری ناوچەکە تۆمار دەکەن. پۆلیس و دادگا دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر ئەم بابەتە. دواتر ڕووداوێکی دیکە دێتە گۆڕێ، کە لە ھەمان ڕۆژدا حاڵەتێکی دیکەی منداڵبازی تۆمار کراوە، تێیدا باوکی منداڵە قوربانییەکە کوڕەکەی و ھەروەھا منداڵبازێکی کوشتووە، و دواتریش ھاتووە و خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە. لە درێژەی بابەتەکەی یووسف، دایکی بەرەو شێتبوون دەچێت، ھەروەھا باوک و براکەی چاوەڕێی ئەنجامەکانی پۆلیس دەکەن و ڕۆژ بە ڕۆژ لەو چاوەڕوانییەش بێ ھیوا دەبن، چونکە دەنگۆی ئەوەش دێتە کایەوە کە یووسف دەستدرێژی نەکراوەتە سەر، بەڵکو لەلایەن بەعسەوە ڕفێندراوە چونکە پێشتر بینراوە کە ڕاگەیەندراوەکانی پێشمەرگەی بەناو شاردا بڵاو کردووەتەوە.

چاپەکان دەستکاری

ڕۆمانەکە لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ماڵی شەرەفخانی بەتلیسی بڵاو کرایەوە. چاپی دووەمیش لە ئازاری ٢٠٠٦. نوێترین چاپی ڕۆمانەکەش لە ساڵی ٢٠٢٢ لە خانەی کەلتوور بڵاو کرایەوە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ: ئەرشیف". galawej.com. Retrieved 2022-08-15. ١٥ی ئابی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "فەرھاد پیرباڵ لەسەر ڕۆمانی (منداڵباز)ی قسە دەکات". www.wishe.net. Retrieved 2022-08-15.
  3. ^ "منداڵباز: زەمەنی گێڕەرەوە وئاستی گێڕانەوە – Denegkan" (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-08-15.