محەممەد سدیق موفتیزادە

دوکتور محەمەد سدیق موفتی‌ زادە ساڵی‌ ١٩١٨ لە گوندێکی‌ ناوچەی‌ جوانڕۆ لەدایک بووە. مەلا عەبدوڵای‌ باوکی‌ یەکێک بووە لە زانا ئاینییە بەناوبانگەکانی‌ سەردەمی‌ خۆی‌ و لە تاران نازناوی‌ موفتی‌ کوردستانی‌ پێ‌ دراوە. محەمەد سدیق بە منداڵی‌ خراوەتە بەر خوێندن و بەفەقێیەتی‌ گەلێ‌ شوێن گەڕاوە وەک موکریان و شارەزوور و پێنجوێن و سلێمانی‌ و کەرکووک و رواندز و سەرەنجام لەشاری‌ سنە ئیجازەی‌ مەلایەتی‌ وەرگرتووە. دواتر لە زانکۆی‌ تاران ھەردوو قۆناغی‌ بەکالۆریۆس و دکتۆرای‌ تەواو کردووە و بووە بە مامۆستای‌ زمان و ئەدەبی‌ کوردی‌. لەبواری‌ رۆژنامەنووسیشدا خزمەتێکی‌ زۆری‌ بە ئەدەب و مێژووی‌ نەتەوەکەی‌ کردووە و ئەو ماوەیەش کە لێپرسراوی‌ بەشی‌ کوردی‌ بووە لە رادیۆی‌ تاران گەلێ‌ بەرنامەی‌ گرنگی‌ سەبارەت بە کەلتورو ئەدەب و مێژووی‌ کورد بڵاوکردۆتەوە. ئەم زانا پایە بەرزە چەند لێکۆڵینەوەیەکی‌ گرنگیشی‌ ئامادەکردووە بۆ چاپ کە یەکێکیان سەبارەت بە رێزمانی‌ کوردی‌یە و بەرھەمێکی‌ تریشیان لێکدانەوەو شیکردنەوەی‌ ھۆنراوەکانی‌ مەولەوی‌یە. دکتۆر موفتی‌ زادە لەشیعر نوسینیشدا دەستێکی‌ باڵای‌ ھەبووە و ھەوڵی‌ داوە لەم بوارەی‌ ئەدەبدا ئامۆژگاری‌ میللەتەکەی‌ بکات و پەندەکانی‌ ژیانیان فێربکات. ئەم پیاوە رۆشنبیرە لەتەمەنی‌ شەست و سێ‌ ساڵیدا لە شاری‌ تاران کۆچی‌ دوایی‌ کرد و لە گۆڕستانی‌ (وەیسی‌ قەرەنی‌) نزیک شاری‌ کرماشان بە خاک سپێردرا.

سەرچاوەکان دەستکاری