مافی خۆپاراستن مافێکی ڕەوای خەڵکییە لە بەکارھێنانی ھێزێکی شیاو و بەجێ یان ھێزێکی خۆپارێزەرانە (ھەروەھا ھێزێکی توند و کوشندە لە ھەندێک بارودۆخی تایبەت دا) بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە ژیانی خۆی یان ژیانی کەسانی دی. ئەگەر کەسی خۆپارێز ھەستێت بە بەکارھێنانی ھێزێکی خۆپارێزەرانە بەرانبەر بە ھەوڵێکی مەترسیدار یان ھێرشێکی کوشندە کە لەلایەن یەکێکی دیەوە دەکرێتە سەری ئەوا کەسی خۆپارێز کردەکەی بە «پاساوێکی ڕەوای خۆپارێزەرانە» مامەڵەی لەگەڵ دا دەکرێت.[١]

بەندی ژمارە ١٢ لە جاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژە دەکات بە:

نابێت ھیچ کەسێک لایەنی (تایبەتمەندێتی، خێزان و ماڵ)ەکەی دووچاری دەستێوەردانی بێ ھۆکار و ھەڕەمەکی ببێتەوە بەھەمان شێوە نابێت بە ھیچ ھۆکار و پاساوێک ھێرش بکرێتە سەر شکۆ و ناوبانگی. ھەموو کەسێک مافی خۆپاراستنی ھەیە بەرانبەر ئەو جۆرە دەستدرێژی و ھێرشانە.[٢]

مەرجەکانی مافی خۆپاراستن دەستکاری

  1. ڕوودانی دەستدرێژییەک کە بەڕاستی بە تاوان دابنرێت و دەبێت کردەکە ھەڕەشە بێت بۆ سەر ژیانی کەسەکە. ئەمە بە مەرجی سەرەکی دادەنرێت وەک پاساو بۆ بەکارھێنانی ھەر جۆرێک لە جۆرەکانی خۆپاراستن بەڵام سەرنجێکی گرنگ ھەیە لەم مەرجەدا کە لە چەند بارێک دا بە خۆپاراستن ھەژمارناکرێت. وەک: لە کاتی سزادانی باوک بۆ کوڕەکەی و لێرەدا کوڕەکە مافی خۆپاراستنی نییە.
  2. مافی خۆپاراستن ڕەوا نییە لە ڕووبەروبوونەوەی ئەفسەرانی یاسایی لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان تەنھا لە کاتی لادانیان لە یاسا کە کردەکانیان بە تاوان و سەرپێچی دابنرێت.
  3. مافی خۆپاراستن دروستە لە کاتی بوونی دەستدرێژی و ھێرش تەنانەت ئەگەر لەلایەن کەسێکەوە بێت کە بەرپرسیارێتی یاسایی لەسەر نەبێت. وەک: خۆپاراستن لە ھێرشی کەسێکی شێت، ناجێگیری دەروونی یان منداڵ.
  4. مافی خۆپاراستن ڕەوا و یاساییە کاتێک کەسی ھێرشکەر ھەڵدەستێت بەسوودوەرگرتن و قۆستنەوەی پاساوێکی یاسایی بۆ کردەی ھێرش و دەستدرێژییەکە. بۆ نموونە بەکارھێنانی ھێز و دەستدرێژی لەلایەن پیاوەوە بۆ سەر ھاوسەرەکەی ئەوا ئافرەتەکە مافی خۆپاراستنی ھەیە سەرەڕای ھاوسەرگیریان بەپێی یاسا.
  5. مەترسی خەیاڵاوی، دەکرێت مرۆڤ باوەڕی بە بوونی مەترسییەک ھەبێت بۆیە پەنا بۆ خۆپاراستن بەرێت بەڵام دواتر ڕوون ببێتەوە کە مەترسییەکە درووست نەبووە و تەنھا خەیاڵی بووە. ئەرکی ھەڵسەنگاندن و ئاشکراکردنی ئەم بارە دەکەوێتە سەر دادگا و لێھاتووی دادوەر.
  6. کەسی خۆپارێز دەترسێت بەڕاستی دووچاری کوشتن یان برینێکی کوشندە ببێتەوە.
  7. فڕاندنی مرۆڤ
  8. چوونەژووەرەوە بۆ ناو ماڵێک بە شەو بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوانێک و بۆیە لێرەدا یاسا کوشتن بە یاسایی دادەنێت.

سنووری بەکارھێنانی خۆاپاراستن دەستکاری

ھێزی بەرکارھێنراو دەبێت ھاوتا بێت لەگەڵ قەبارەی کەسی ھێرشکەر و نابێت ھێزەکە لە ڕادەبەدەر بێت بە بەراورد بە کەسی ھێرشکەر. بۆ نموونە، مندالێکی بچووک دەیەوێت لە پیاوێک بدات و پیاوەکە لە وەڵام دا چەکی بەکاردەھێنێت ئەوا ئەم بارە بە خۆپاراستنی یاسایی ھەژمارناکرێت.

پارێزگاری لە کەسانی دیکە دەستکاری

یاساکان ھاوشێوەن کاتێک ھێز بەکاردەھێنرێت بەمەبەستی پارێزگاری کردن لە کەسێکی تر.[٣] بەشێوەیەکی گشتی کەسی خۆپارێز دەبێت باوەڕ و بۆچوونێکی ژیرانەی ھەبێت کە کەسی سێیەم (ئەو کەسەی ھێرشی دەکرێتە سەر) لە پێگەیەکدان مافی بەکارھێنانی ھێزی خۆپاراستنیان ھەیە. بۆ نموونە، لە کاتی ڕوودانی شەڕ و ناکۆکییەک لەنێوان دوو کەس دا ئەگەر ھەیە کەسێکی بێ ئاگا پارێزگاری لە ھێرشکەرەکە بکات و لە زۆرێک لە دەسەڵاتە دادوەرییەکان دا، کەسێک کە دەبێتە ھۆکاری زیانی جەستەیی و بریندار بوون لە کاتی پارێزگاری کردن لە یەکێکی دی دەکرێت دووچاری تۆمەتی تاوانکاری و مەدەنیی ببێتەوە ئەگەر سەلمێندرا کە بەکارھێنانی ھێزەکە لەو بارودۆخەدا ناپێویست و زیادەرۆ بووە.

لایەنی یاسایی خۆپاراستن دەستکاری

ھەوڵدان بۆ سەلماندنی دۆسییەیەکی خۆپاراستن لە دادگا بەندە لەسەر ھەڕەشەکە و ئەم پرسیار و سەرنجانە گرنگن لە سەلماندنی دۆسییەکە کە یەکێک لەمانە ڕوویانداوە: ئایا ھەڕەشەیەکی زارەکی بووە کە کەسەکە ھەستی بە مەترسی کردووە و بە پێویستی زانیوە پارێزگاری لەخۆی بکات؟ ئایا ھەڕەشەکە بەدڵنیاییەوە نزیک بووە لەڕوودان یان نا؟[٤] ئایا ژیانی کەسەکە بەڕاستی لەژێر مەترسی دا بووە؟ ئایا کەسی خۆپارێز پاڵنەر بووە لە ھاندان و وروژاندنی کەسی ھێرشکەر لە ھەر دەمێکی ھێرشەکەدا؟ ئایا لە کاتی ھێرشکردن وەڵامی کەسی خۆپارێز ھاوتا و ھاوبڕ بووە لەگەڵ ھێرشەکە؟ ئایا ھێزێکی لە ڕادەبەدەر بەکارھێناوە بەرانبەر بە کەسەکە لە کاتی خۆپاراستن دا و زیادەرۆیی کراوە کە بۆتە ھۆی بریندارکردن یان کوشتنی کەسێک؟ وە ھەروەھا ئایا ھێرشکەر بەمەبەست ھاتۆتە ماڵەکەت ئازاری تۆ و خێزانەکەت بدات کە پێویست بکات پارێزگاری لە خۆت و کەسانی دی بکەیت لەڕێی بەکارھێنانی ھێزی توند و کوشندەوە؟

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ For the rationale of Self-defense, see: Boaz Sangero, Self-Defence in Criminal Law 11 - 106 (Hart Publishing, 2006).
  2. ^ Criminal Law Cases and Materials, 7th ed. 2012; John Kaplan, Robert Weisberg, Guyora Binder
  3. ^ Criminal Law Cases and Materials, 7th ed. 2012; John Kaplan, Robert Weisberg, Guyora Binder
  4. ^ Inc., US Legal. "Imminent Danger Law and Legal Definition | USLegal, Inc". definitions.uslegal.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-11-29.