لەباربردنی منداڵی مێینە

بریتییە لە کوشتن یان لەناوبردنی منداڵی تازە لەدایکبووی ڕەگەز مێینە. دیاردەکە جێی نیگەرانییەکی بەرچاوە لە چەندین وڵات دا وەک: چین، ھیندستان و پاکستان. زۆرێک لە شیکەرەوان ھۆکاری بنچینەیی دیاردەکە دەگەرێنەوە بۆ ئەو پلەوپایە نزمەی تەماشای ئافرەتی پێ دەکرێت لە کۆمەڵگە ھۆزگەرایی و پیاوسالارییەکان دا. [١]

لە ساڵی ١٩٧٨ دا، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەیلا ویڵمسن کۆی کردبوونەوە دەربارەی بەربڵاوی لەباربردنی منداڵانی مێینە گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە دیاردەکە لە ھەموو کیشوەرەکان دا ڕوودەدات و بەربڵاوە لە کۆمەڵە سەرەتاییەکانی وەک ڕاوکەر و کۆکەرەوەکان ھەتا کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان کە لە جیاتی ئەوەی دیاردەکە کەم و شاز بێت، زۆر و باوە.[٢] دیاردەکە بە تەواوی و بەڕادەیەکی بەرچاو جێبەجێ کراوە لەلایەن دانیشتوانە ڕەسەناکانی وڵاتانی ئوستڕڵیا، باکوری ئالاسکا و باشوری ئاسیا و باربرا میلەر بۆچوونی وایە کە کردەیەکی جیھانی و سەرتاپایی بێت تەنانەت لە ڕۆژئاواش دا.

لە ساڵی ١٩٩٠ دا، لە نووسینێکی ئامرتیا سێن لە گۆڤاری (New York Review of Books) دا پێی وابوو کە بەپێی خەمڵاندنەکان دەبێت ١٠٠ میلیۆن ئافرەتی کەمتر بوونیان ھەیە لە ئاسیادا وەک لەوەی چاوەڕوانکراوە و ئەم ژمارە زۆرەی دیارنەبوونی ئافرەت دەرخەری ئەو ڕاستییە تاڵەی نایەکسانی و پشتگوێخرانەیە کە بووەتە ھۆی زیادەڕۆیی ڕێژەی مردنی ئافرەتان. لە سەرەتادا ئەم بانگەشەیەی نووسەر سێن بە توندی بەرپەچی درایەوە و ھۆکاری نەخۆشی (Hepatitis B) وەک وەڵام بۆ دیاردەکە پێشنیار کرا بەڵام دواتر و لە سەردەمی ئەمرۆدا بە شێوەیەکی بەرفراوان پەسەندکراوە کە ڕێژەی کەمی ئافرەتان لە ئامارەکان دا دەگەرێتەوە بۆ لەباربردنی منداڵانی ساوا بەپێی ڕەگەز، کوشتنی منداڵانی مێینە و پشتگوێ خستنی ئافرەتان.[٣]

لە سەدەی حەوتەم دا پێش دامەزراندنی کلتووری ئایینی ئیسلام کوشتنی منداڵانی مێینە بە فراوانی جێبەجێ دەکرا لە ناوچە عەرەبییەکان دا و بە پێی لێکۆڵەران و نووسەران ھۆکارەکەی بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە ئافرەتان وەک «کاڵا» تەماشا کراون و مامەڵەیان لەگەڵ دا کراوە لەناو ئەو کۆمەڵگانەدا و ھەندێکی تر پێیان وایە کە ھۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەسەربردنی ژیانێکی مەینەتی بۆ کچەکانیان ئەوا دایکەکانیان ھاڵدەستان بە کوشتنی منداڵە کچەکانیان. لەگەڵ گەیشتنی دەسەڵاتداری ئیسلامی دا کردەکە بە نایاسایی کرا.[٤]

چارەسەرەکان دەستکاری

ڕێکخراوی گەشەپێدانی ناحوکمی ھەن کە ھەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی سیاسەتی ھۆشیاری کە ئامادەکراوە بۆ ڕێگری کردن لە جیاکاری کردن بەرانبەر بە ئافرەتان لە سەرتاسەری جیھان دا. بۆ نموونە، ئەم ڕێکخراونە بە کۆمەڵە و دەستەی بچووک دەست پێ دەکەن و دواتر بەرەو دامەزراوە گەورەکان ھەنگاو دەنێن بۆ پەروەردەکردنی کارمەندەکانیان دەربارەی جیاکاری ڕەگەزیی. ڕێکخراوەکان بە گرنگتری دەزانن لە پەروەردە و فێرکردنی پیاوان لە ناوندەکانی کاردا دەربارەی کێشەکانی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا و لە ئەنجام دا پیاوان بتوانن ھاوسۆز بن لەگەڵ ئافرەتان دا کە واتای چییە ئافرەت بیت لە کۆمەڵگەدا و چۆن بە چاوێکی کەمتر لێت تەماشابکرێیت.[٥] چارەسەرێکی دی لابردن و نەھێشتنی نەریتی مارەیی ئافرەتانە بەمەبەستی لەناوبردنی بیرۆکەی تەماشاکردنی ئافرەتان وەک بارگرانییەکی دارایی.

«نەخشەی پاراستنی منداڵانی کچ» ڕێکخراوێکە ھەڵدەستێت بە دانانی بێشکە و پێخەفی منداڵان لە نزیک بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بۆ ئەوەی خێزانانەی زۆرینەی منداڵەکانیان کچە دەیانەوێت دەستبەداریان ببن لە شوێنێکی سەلامەت دا بەجێیان بھێڵن لە جیاتی ھەستان بە کردەی کوشتنی کچەکانیان[٦] و ئەمە ڕێخۆشکەرە کە دواتر حوکمەت بتوانێت ھەڵیان بگرێتەوە، بیانپارێزێت و بیانبەخشێت بە خێزانی تر.

کاردانەوەکان دەستکاری

(ناوەندی جێنف بۆ کۆنترۆڵی دیموکراسی ھێزە چەکدارەکان - DCAF) لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٠٥ دا با ناوی (ئافرەت لە جیھانێکی ناجێگیردا - Women in an Insecure World) ئاماژەیان بەوە دا لە کاتی کەمبوونەوەی ژمارەی قوربانی جەنگەکان، لەلایەکی ترەوە کۆمەڵکوژییەکی نھێنی ئەنجام دەدرێت لە دژی ئافرەتان.[٧] بەپێی DCAF کەمی ژمارەی ئافرەتان کە ھۆکارەکەی کێشە ڕەگەزییەکان بوون نزیکە لەو ١٩١ میلیۆن کەسەی گیانیان لەدەست داوە لە کۆی ملمڵانێ و جەنگەکان دا لە سەدەی بیستەم دا. لە ساڵی ٢٠١٢دا، فیلمی بەڵگەنامەیی (دۆکۆمێنتاری) بە ناوی (کچە: سێ کوشندەترین وشە لە جیھان دا - It's a Girl: The Three Deadliest Words in the World) بڵاوکرایەوە و لە چاوپێکەتنێک دا ژنێکی ھیندی لێدوانی دا لە ھەشت لە کچەکانی خۆی کوشتووە.[٨]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Jones & 1999-2000.
  2. ^ Milner & A.
  3. ^ Einarsdóttir 2004, p. ١٤٢.
  4. ^ Michael et al. 2013, pp. ٩٧–١٠٢.
  5. ^ Mungello 2008, p. ١٠.
  6. ^ Harrison 2008, p. ٧٧.
  7. ^ Oberman 2005, pp. ٥–٦.
  8. ^ Mungello 2009, pp. ١٣٦–١٣٧.