خانمی رووناکبیر و تێکۆشەری کورد خاتوو “نەجیبە خانی جەلیزاده”. ئەم خانمەی کورد لە لەشاری کۆیه لە دایکبووه. کچی مەلای گەورە، زانا و ئەدیب و شاعیری کۆیە. لەو کاتەی، کە زۆر لە خەڵکی کوردستان لە سەرەتاکانی بیستەکانی سەدەی رابوردوودا کوڕەکانیان نەدەناردە قوتابخانەی فەڕمیی، باوکی کچەی خۆی لەگەڵ کوڕان لەساڵی 1924دا لە لەبەر خوێندن دادەنێ، تاکو بووە پۆلی پێنجەم و خاوەن زانیاری رۆشنبیرییەکی هۆشیارانه، خەڵکەکە بەگەرمیەوە رۆڵەکانی خۆیان لەبەر خوێندن دانا لە دوای نەجیبە خان. ئەو خانمە ھۆشیارە چالاکە، لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 1946.08.16دا بووەتە ئەندامێکی دڵسۆزی ئەو پارتە نەتەوەییە دیموکراتییەی کورد و رۆڵێکی رامیاری باشی لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و هەستی نیشتمانی لەنێو ئافرەتانی شارەکەیدا هەبووه، بەتایبەتی لەسەردەمی کۆماری دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەمەدی نەمر. لەگەڵ دامەزراندنی رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە 1953.12.11دا رۆڵێکی باشی تێدا گیڕاوە و بەنهێنی بەسەرۆکی یەکێتی ئافرەتان لە کۆیە هەڵبژێردراوە و لەدوای بەرپابوونی شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ بەشێوەیەکی ئاشکرا بەسەرۆکی یەکێتی ئافرەتەکانی کوردستان – لقی کۆیە هەڵبژدراوە و لەئاهەنگ و بۆنە نیشتمانیەکاندا وتاری یەکێتی ئافرەتانی خوێندۆتەوە و مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و بزوتنەوەی ئافرەتانی کوردستانی بۆ جەماوەر شیکردۆتەوه. خاتوو نەجیبە بەشداریی لە شۆڕشی ئەیلوولدا کردوو و لە دوای نسکۆهێنانی ئەو شۆڕشە بەکاریگەریی پلانە چەپەڵەکەی جەزائیر لە 1975.03.06دا لە ساڵی 1975-1977 لە ئێران ماوەتەوە و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری ژیانی دەربەدەری چەشتووه، ئینجا گەڕەواتەوە کۆیە، چەند ساڵێک پێش کۆچکردنی روو دەکاتە شاری هەولێری پایتەخت و لە ئەنجامی پیریی تووشی نەخۆشی ئێسکەنەرمەی قاچ هات. و ساڵی ١٩٩٩ کۆچی دوایی دەکات. ئەم ئافرەتە رووناکبیرە لە ماوەی ژیانیدا سێ بەرگ لە تەفسیری قورئانی لە نووسینی مەلای گەورەی باوکی بە چاپگەیاندووە و لە نووسینەکانی خۆیشی کۆمەڵێک بابەتی بەنرخی بەدەسنووسی لەپاش بەجێماوە و لەوانەش: 1. مێژووی کۆیه 2. مێژووی بنەماڵەی جەلیزاده 3. هەواڵی رووداوەکانی کوردستان لەسەردەمی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە 1961دا 4. کۆمەڵێک لە چیرۆکی فۆلکلۆری و دیاری کوردەواری