فۆبیا (بە ئینگلیزی phobia) جۆرێکە لە نائارامیی دەروونی، ترسێکی لەڕادەبەدەری بەردەوامە لە شتێک یان بارودۆخێک. بەگشتی فۆبیا لە ترسێکی کتوپڕەوە دروست دەبێت کە ماوەی شەش مانگ یان زیاتر دەخایەنێت، ئەم ترسە لە ڕادەبەدەر و گەورەکراوە دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە شتێک، بارودۆخێک، چالاکییەک یان شوێنێک. گەر کەسەکە نەتوانێت خۆی لێ دوور بخاتەوە، ئەوا دەکەوێتە بارێکی نائارمیی بەردەوامەوە. نیشانەیەکی تر کە لە کاتی تووشبوون بەم ترسە پەیدا دەبێت بریتییە لە لەهۆشخۆچوون و، ئەمەش زیاتر لەو کەسانەدا ڕوو دەدات کە فۆبیایان بە خوێن یان برینی جەستەیی هەیە. ٪٧٥ لەو کەسانەی تووشی فۆبیا بوون زیاتر لە جۆرێکی فۆبیایان هەیە.

جۆرەکانی فۆبیا دەستکاری

بەگشتی فۆبیا سێ جۆری هەیە:

١- فۆبیای تایبەتی: ترسانە لە شتێکی دیاریکراو. دەکرێت ئەم فۆبیایە لە ئەزموونێکی نەرێنییەوە پەیدا ببێت، بەهۆی ترس لە ڕووداوێک یان شوێنێک کە کەسەکە لە تەمەنی منداڵیدا تووشی بووبێت.

بۆ نموونە لە:

•ئاژەڵێک (مار، جاڵجاڵۆکە، سەگ، تاد.). (ترس لە جاڵجاڵۆکە یەکێکە لە بەربڵاوترین جۆرەکانی  فۆبیا.)

• شوێن یان دیاردەیەکی سروشتی (بەرزایی، زریان، ئاو، هەورەگرمە، تاد.)

خوێن و کەرەستە پزیشکییەکان

•بارودۆخێکی تایبەتی (ترس لە فڕۆکە، قوتابخانە، شۆفێری، ئاسانسۆر، شوێنی داخراو، تاد.)

•هەندێک شتی تر وەک (دەنگی بەرز، ڕشانەوە، تاد.)

۲- فۆبیای کۆمەڵایەتی: کەسی تووشبوو بەم فۆبیایە ترسی لە باروودۆخێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو هەیە، وەک قسەکردن لەگەڵ خەڵک، ناسینی کەسانی تازە و بەشداریکردن لە کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە نیگەرانە لەوەی کە ئایا کەسانی دەورووبەری بە چ شێوەیەک بڕیار لەسەر کەسایەتیی ئەو دەدەن.

۳- ئەگۆرافۆبیا : ترسە لە ڕووبەڕووبونەوەی بارودۆخێک یان شوێنێک، بەهۆی سەختیی بارودۆخەکە یان نەبوونی توانای ڕزگاربوون لێی لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا، وەک ترس لە ڕۆشتنەدەرەوە بەتەنیا، بەکارهێنانی هۆیەکانی گواستنەوە، دوکان و بازاڕەکان، شوێنە جەنجاڵەکان، تاد.

هۆکارەکانی تووشبوون بە فۆبیا دەستکاری

هۆکارەکانی تووشبوون بە جۆرەکانی فۆبیا بەگشتی دەکرێن بە دوو بەشەوە. یەکەمیان هۆکارە ژینگەیییەکانن کە ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن لە تووشبوون و پەرەسەندنی فۆبیا، بۆ نموونە دەکرێت بەرکەوتن بە ڕووداوێکی زەبردروستکەر (تراوماتیک) ببێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان شوێنی ڕووداوەکە و ئەو یادەوەرییە ناخۆشەی کە ترسێکی زۆری لەو کەسەدا دروست کردووە و هەموو کات بە بینینەوەی ئەو شوێنە یان ئەو بارودۆخە، کەسەکە دەچێتەوە هەمان حاڵەتی نائارامیی دەروونییەوە و هەست بە پەشۆکاوی دەکات. ئەگەر کەسەکە نەتوانێت بەباشی دژ بەم ترسە بوەستێت و زاڵ ببێت بە سەریدا، ئەوا دەبێتە ترسێکی بەردەوام (تۆقین). دەکرێت کەسانی چواردەوریش کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبێت لە تووشبوون بە فۆبیا؛ بۆ نموونە، کاتێک کاردانەوە و ترسی کەسێک دەبینیت بەرامبەر بە شتێک یان شوێنێک، ئەوا کاریگەریی نەرێنی و ترسێکی سەرەتایی لەسەر دەروونت دروست دەکات و پاشان پەرە دەسەنێت، ئەم ترسەش دەکرێت زۆر جار ڕاستی نەبێت چونکە تەنها لە ئەزموونی کەسانی ترەوە هەستت پێ کردووە.

لە ڕاستیدا زۆربەی ئەو کەسانەی کە فۆبیایان هەیە، ناتوانن هۆکاری تووشبوونەکەیان دیاری بکەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هۆکارێکی تری سەرەکیی فۆبیا بابەتە بۆماوەیییەکانە. بۆهێڵەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن لە هەبوون و پەرەسەندنی فۆبیادا بەهۆی گواستنەوەیان لە باوانەوە بۆ وەچەکان. نوێترین توێژینەوەکان دەری دەخەن کە نزیکەی ٥٠٪ ی گەشەسەندنی فۆبیا پەیوەندیی بە هۆکارە بۆماوەیییەکانەوە هەیە بە تایبەت جۆری (ئەگۆرافۆبیا).

چارەسەرەکان دەستکاری

زۆرێک لە تووشبووانی فۆبیا پێویستیان بە چارەسەرێکی دیاریکراو نییە؛ تەنها دوورکەوتنەوە لە سەرچاوەی ترسەکەیان بەسە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. بە پێچەوانەشەوە، لە هەندێک بارودۆخدا دەکرێت چەند جۆرێکی چارەسەر بەیەکەوە پێشنیار بکرێن.

بەشێکی زۆر لە جۆرەکانی فۆبیا چارەسەر دەکرێن، بەڵام هیچ چارەسەرێک گەرەنتیی تەواوەتیی نییە بۆ چارەکردنی هەموو تووشبووان.

چەندین شێوازی جۆراوجۆر هەیە بۆ چارەسەرکردنی فۆبیا کە بەربڵاوترینیان ئەمانەن:

چارەسەرکردنی خودی: ئەم جۆرە چارەسەرە بریتییە لە چەند کردارێکی سادە کە کەسی تووشبوو ئەنجامی دەدات، وەک گۆڕینی شێوازی ژیان، هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە دڵەراوکێ، گفتوگۆکردن، وەرزشکردن، ڕێکخستنی کاتەکانی خەو و، تاد.

چارەسەر لەڕێگەی گفتوگۆوە: ڕاوێژکردن یاخود گفتوگۆ کردن لەگەڵ پسپۆڕانی دەروونی و کەسانی شارەزا لەم بوارەدا یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێگەکان بۆ چارەسەرکردنی فۆبیا. لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەتوانرێت هەوڵی ئەوە بدرێت کە شێوازی بیرکردنەوە یان هەڵسوکەوتی کەسی نەخۆش بۆ شێوازێکی ئەرێنی بگۆڕدرێت.

بەکارهێنانی دەرمان: یەکێکی تر لە چارەسەرەکان بەکارهێنانی دەرمانە پزیشکییەکانە. بەگشتی ئەم چارەسەرە بۆ ماوەیەکی کورتخایەن بۆ هەندێک جۆری فۆبیا وەک دڵەڕاوکێ بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئەم شێوازە بەزۆری پێشنیار ناکرێت چونکە بە شێوەیەکی گشتی گفتوگۆکردن بە ڕێگایەکی کاریگەرتر و بێ زیانتر دادەنرێت.[١][٢]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Specific phobias - Symptoms and causes". Mayo Clinic (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-08-13.
  2. ^ Diagnostic and statistical manual of mental disorders : DSM-5. Internet Archive. Arlington, VA : American Psychiatric Association. 2013. ISBN 978-0-89042-554-1.{{cite book}}: CS1 maint: others (link)

https://www.mayoclinic.org/diseases-conditions/specific-phobias/symptoms-causes/syc-20355156

https://archive.org/details/diagnosticstatis0005unse/page/190