عەلی گەلەبانی ناسراو بە «عەلی کەردار» لە دایکبووی بۆکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان حەیران‌بێژ و بەیت‌بێژی ناسراوی کوردە.

عەلی کەردار
لەدایکبووی١٩٢٨
بۆکان، ڕۆژھەڵاتی کوردستان
بنەچە کوردستان
مردووی١٤ گەلاوێژی ٢٠٠٢
بۆکان
پیشە(کان)گۆرانیبێژ،حەیرانبێژ،بەیتبێژ

ژیان دەستکاری

عەلی کەردار ساڵی ١٩٢٨ لە ئاوایی باخچەی بناری چیای میرقاز، سەر بە شاری بۆکان لە دایک بووە. حەیران و بەیت و باوی لە دەمی خۆشخوانانی وەک "ساڵە کوردە" و "کەریم ملخوار" و "ڕەحمان لێفەدروو"وە قۆزتۆتەوە و بە زەوقی خۆی وەریگرتوون و کوتوونیەتەوە. حەیرانی بە ھەر سێک شێوازی دەشتی ھەولێر و بەری سۆران و دیوی مەنگوڕ و گەورکان کوتۆتەوە. شێوازی کوتنی بەیتەکان لە زاری عەلی کەردارەوە تایبەت بە خۆیەتی و سۆزی دەنگ و حەزی شاراوەی ناو قوڕگی وای کردووە لاسایی کردنەوەی مەحاڵ بێ. عەلی کەردار جگە لە حەیران و بەیت، وردەقام و بەندیشی کوتوون. وردەقامەکانی مۆرکی خۆی پێوەیە و کوتنی لە کوتنی کەس ناچێ و لاسایی‌کردنەوە نین. کەردار جگە لەو ھونەرانەی ھەیبوون قسەخۆش و نوکتەزان و بەمشووریش بووە، لە ناو مەجلیساندا ڕووی ھەموان لەوی بووە. ھەقایەت و چیرۆکانیشی زۆر زانیوە و لە مەجلیسان کوتوونی. خەڵک بە حورمەتەوە لێیان ڕوانیوە و قسەیان لێ وەرگرتووە و لە ناوبژیدا کەس قسەی نەشکاندووە. بە ھەر ھۆیەکەوە بێ زۆر خووی نەداوەتە تۆمارکرانی دەنگ و ڕەنگی و لەو دەریا بێ‌سامانەی فولکلۆری کورد ئەوی لە خنکان قوتار بووە زۆر نین و ھەمووشیان عەنتیکەن.[١][٢][٣]

بەرھەمەکان[٤] دەستکاری

لەو سامانە بێ نەزیرەی ناو سینە و دەنگی بەسۆزی عەلی کەردار تا ئێستا ئەم بەرھەمانە بە تۆمارکراوی لە بەر دەستن:

بەیت: سەیدەوان، ناسروماڵماڵ، لەشکری، شەم و شەمزین، کاکەمیر و کاکەشێخ، کانەبی، برایمۆک، خەج و سیامەند، عەبدوڕڕەحمان

بەند: سوارۆ، پاییزە، بەھارە، ئازیزێ، وەرە زاڵم، ئایشێ گوڵ، گەلۆ، ڕۆی مەحشەرە ئیمڕۆ

وردە قام: وەخەی وەخەی خەزاڵێ، نیزام نیزام، کیژ دەڵێ خۆشم دەوێ، گوڵاڵە سوورە، بەری بەیانە، ڕاوچییان ڕاوە، ئەی یار ئەی یار، مەلەک بۆ وا دەکەی، ئایشیلێ ئەمان، دەڵێ ھات ڕابرد، خاڵۆی ڕێبوار، کراس ڕەشێ، لە گوڵان و لە گوڵان

کۆچی دوایی دەستکاری

عەلی کەردار ڕۆژی ١٤ گەلاوێژی ساڵی ٢٠٠٢ لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کردووە و ھەر لە گۆڕستانی ئاوایی باخچە بە خاکی نیشتمان ئەسپێردراوە.

سەرچاوە دەستکاری

  1. ^ ئازمەند، قادر، کەمەندی مراد (ژیان و تایبەتمەندییەکانی مامۆستا عەلی کەردار، ماھنامە فرھنگی، اجتماعی و ھنری ژین. شمارە دوم، تیر ٩٥، ل ٢٦ و ٢٧)
  2. ^ http://www.dana.ir/news/895493.html[[[https://web.archive.org/web/*/http://www.dana.ir/news/895493.html بەستەری مردوو] بەستەری مردوو]] سایتی اطلاع رسانی دانا (سەردان ٢٠١٨/٦/٢) دومین یادوارە " استاد علی کردار" بیت خوان نام دار کردستانی در بوکان برگزار شد
  3. ^ http://tnews.ir/news/27c828615934.html[بەستەری مردوو] سایتی ھەواڵنێریی جوان پرس: گرامیداشت ” استاد علی کردار” گنجینە موسیقی فلکلور کُردی در بوکان
  4. ^ "عەلی کەردار/ دەنگ و دەقی بەرهەمەکان".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.