ساننێس (بە نوروێژی: Sandnes) شارێکە و هەروەها شارەوانییەکە لە پارێزگای ڕۆگالاند لە وڵاتی نوروێژ. ساننێس لە باشووری شاری ستاڤانگەر هەڵکەوتووە کە چوارەم گەورەترین شاری نوروێژە و پێکەوە ناوچەی ستاڤانگەر/ساننێس سێیەم گەورەترین ناوچەی شاری لە وڵاتی نوروێژ پێکدەهێنن.

ساننێس بەشێکە لە ناوچەی یارەن. بەشی ڕۆژاوای شارەوانیی ساننێس زیاتر شارنشینە لە کاتێکدا بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو شارەوانییە زیاتر گوندنشینە. شارەوانییەکە دابەشکراوە بەسەر ١٣ ناوچە لەوانە هۆمەرسۆک، هولە، فۆس-ئایکلاند، ستۆکا، فۆرساند، لیسەبۆتن و ڤاتنە.

ڕووبەری شارەوانیی ساننێس ١٠٤١ کیلۆمەتری دووجایە. ئەم شارەوانییە لە کۆی گشتیی ٣٥٦ شارەوانیی وڵاتی نوروێژ لە پلەی ١٠٩هەم دایە لە ڕووی ڕووبەرەوە، بەڵام شاری ساننێس حەوتەم شارە لە نوروێژ و ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٣ هەزار و ٣٨٢ کەسە(٢٠٢٣).

 
نەخشەی ناوچەی ستاڤانگەر/ساننێس
 
دیمەنێک لە گوندی هۆمەرسۆک

ساڵی ١٨٦٠ی زایینی گوندی بچووکی ساننێس بۆ یەکەمجار نازناوی شارۆچکەی پێ بەخشرا و لە گوندەوە بوو بە شار. هەروەها نازناوی ''شاری بچووکی دەروازەی زەڕیا''ی پێ بەخشرا. پاشان لە ڕێکەوتی ٦ی ئاپریلی ١٨٦١ی زایینی لە شارەوانیی ''هوی لاند'' جیا بووەوە و بوو بە شارەوانییەکی سەربەخۆ. لەو کاتەدا دانیشتوانی شارەوانیی ساننێس تەنیا ٤٤٠ کەس بوو.

لە ١ی جوولای ١٩٥٧ بەشێکی کەم لە شارەوانی هوی لاند (ژمارەی دانیشتووان: ١٨ کەس) گواسترایەوە بۆ شارەوانیی ساننێس.

لە ساڵانی شەستەکاندا یەکگرتن و جیاکردنەوەی شآرەوانییەکان زۆر ڕووی دا. لە ١ی جانواری ١٩٦٥ چوار شار و شارەوانیی ساننێس، هوی لاند، بەشێک لە شارەوانیی هولە و هەروەها هەتلاند یەکیان گرت.

ساڵی ٢٠١٤ پارلمانی نوروێژ بڕیاری دا کە پێوەری ژمارەی دانیشتوانی یەکە جوگرافیایی‌یەکان کەم بکرێتەوە.

بڕیار وابوو هەر سێ شارەوانیی ستاڤانگەر، ساننێس و سوولا یەکبگرن و شارەوانیی''باکووری یارەن'' پێکبهێنن، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی ئەنجومەنی ئەو شارانە، بڕیارەکە سەری نەگرت و دواتر فۆرساند لەگەڵ ساننێس یەکیان گرت.

ڕێکەوتی ١ی جانواریی ٢٠١٧ ڕووبەرێکی بچووکی گوندی سوولا کرۆسەن، خرایە سەر شارەوانیی سوولا.

لە ١ی جانواریی ٢٠٢٠ زۆربەی شارەوانیی فۆرساند لەگەڵ ساننێس تێکەڵکرا و یەک شارەوانی گەورە بە ناوی ساننێس پێکهێنرا.

ناوی ساننێس (بە نوروێژی Sandnes) لە ناوی (سانناس Sandnæs) وەرگیراوە. ناوەکە لە دوو بەش پێک هاتووە: ساند (Sand) و نێس (nes). Sand بە زمانی نوروێژی واتە لم و nes واتە نیمچە دوورگەی بچووک.

واتە ناوی ساننێس دەبێتە: نیمچە دوورگەی بچووکی لماوی.

دانیشتوانی وڵاتی نوروێژ و ناوچەکە لە کاتی بێژەکردنی (Sandnes) پیتی (د) بێژە ناکەن و تەنیا دەڵێن: ساننێس.

ئەنجومەنی شارەوانی

دەستکاری

ئەنجومەنی شارەوانیی ساننێس لە ٤٩ نوێنەر پێک هاتووە کە بۆ خولی چوار ساڵە هەڵدەبژێردرێن. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی وڵاتی نوروێژ دوو ساڵ دوای هەڵبژاردنی پارلمان ئەنجام دەدرێت.

گەلەری میدیا

دەستکاری