زەر فیلمێکی کوردی-تورکییە. لە نووسین و دەرھێنانی کازم ئۆزە. ھەریەکە لە نیک خەلیلاج، ھالیغ جیەل و گولەر ئۆکتەن ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن. فیلمەکە بۆ یەکەمینجار لە ٢١ی نیسانی ٢٠١٧ لە تورکیا لە بۆنەی فیستیڤاڵی فیلمی نێونەتەوەییی ئەستەمبوڵ نمایشکرا،[١] ھەروەھا لە ھەمان ساڵدا لە فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی و فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دھۆک نمایشکرا.[٢][٣]

زەر
Zer
دەرھێنەرکازم ئۆز
بەرھەمھێنەرمێرال باڵک
نووسینکازم ئۆز
چەشنی فیلمدراما
مۆسیقامستەفا بیبەر
وێنەگری سینەماییفێزا چاڵدران
ئەیووب بۆز
ئۆرچون ئۆزکڵچ
ستۆدیۆ(کان)پڕۆدەکشن ١٣ فیلم
نەوا فیلم
ڕێکەوتی دەرچوون٢١ی نیسانی ٢٠١٧
ماوەی فیلم١١٣ خولەک
وڵاتباکووری کوردستان، تورکیا، ئەمریکا و ئەڵمانیا
زمانکوردی، تورکی

چیڕۆک دەستکاری

ژان کوڕێکی بێباکە لە نیویۆرک ژیان بەسەردەبات، لەبەشی مۆسیقا دەخوێنێت. ڕۆژێکیان لە پڕدا، لەلایەن دایک و باوکییەوە داوای لێدەکرێت بچێتە فڕۆکەخانە بۆ گەیاندنی داپیرەی (زەریفە) کە لە تورکیاوە بەھۆی نەخۆشییەوە ھاتووە. ژان ئەوەشی لەسەربوو کە لە نەخۆشخانە چاودێری لە داپیرەی بکات، ئەمەش ئاسوودەی نەدەکرد. شەوێکیان لە نەخۆشخانە زەریفە داوا لە ژان دەکات کە گۆرانییەکی بۆ بڵێت، ژان گۆرانییەکی بە ئینگلیزی بۆ دەڵێت، لەبەرامبەردا داواشی لێدەکات کە ئەویش گۆرانییەکی بۆ بڵێت. نەنە زەریفە گۆرانی زەر بۆ دەڵێت، کە گۆرانییەکی فۆلکلۆرییە. ژان لێی دەپرسێت کە گۆرانییەکە بە چ زمانێکە، زەریفە پێی دەڵێت ئەوە بە زمانی کوردییە. ژان ئەوەی پێ سەیر دەبێت.

شەوانە زەریفە خەون بە ڕووداوەکانی ژیانی منداڵی دەبینێت لە کاتی کۆمەڵکوژی دێرسیم، بەڵام لەژیانیدا شووناسی کوردبوونی شاردووەتەوە. دوای چەند شەوێک، ژان داوا لە داپیرەی دەکاتەوە کە گۆرانی زەر بۆ بڵێتەوە، بەڵام تەندرووستی ڕێگای نادات. بۆ شەوی دواتر ژان دەچێتەوە نەخۆشخانە بەڵام داپیرەی براوەتە بەشی چاودێری چڕ، داپیرەی دەیەوێت شتێکی پێبڵێت بەڵام ژان پێی دەڵێت بەیانی دێمەوە ئەوکات بە تەندرووستییەکی باشتر قسەکانت بکە. بۆ ڕۆژی دواتر کە ژان دەچێتەوە نەخۆشخانە ئەوا دەبینێت داپیرەی کۆچی دوایی کردووە. ژان لەگەڵ دایک و باوکی تەرمی داپیرەی دەگەڕێنەوە بۆ شاری ئافیۆن، تورکیا. لەوێ لە پرسەی داپیرەیدا، ژان لەبەردەم ھەموویاندا باسی گۆرانییە کوردییەکە دەکات، بەڵام کاردانەوەی ھەموویان نەرێنی بوو، بەتایبەت باوکی کە ھەڵدەستێت و شەقێک لە ژان دەدات، ئەمەش بەھۆی ئاشکرابوونی شووناسی کوردبوونی. دواتر ژان، بەتەنیا لەگەڵ پووریدا دادەنیشێت، پووری پێی دەڵێت کە ئەو خەونانەی کە دایکی بینیویەتی لە نەخۆشخانە ئەوا خەون نەبوون بەڵکوو ژیانی ڕاستەقینەی ئەو بووە، ھەروەھا بە ژان دەڵێت کە ناوی ئەو بەمانای ئازار دێت و ناوێکی کوردییە، کە پێشتر ژان لەلایەن دایک و باوکییەوە پێی گوترابوو کە ناوەکەی فەڕەنسییە. داپیرەی ژان ئاواتی ئەوەی ھەبوو کە لە زێدی خۆی لە دێرسیم بنێژرێت بەڵام بەو خەونەی ناگات.

ژیانی داپیرەی و گۆرانی زەر وا لە ژان دەکەن کە گەشتێک دەستپێبکات بۆئەوەی جارێکی دیکە گوێبیستی گۆرانی زەر ببێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی دێرسیم و چەندین گوند دەکات. لەکاتی گەشتەکەیدا، ژان چاوی بەچەند کەسێک دەکەوێت کە ئەگەریان ھەیە گۆرانی زەر بزانن. ژان لەلایەن زۆرێک لە خەڵکی گوند و شارەکانەوە گاڵتەی پێدەکرێت کە بۆ گۆرانییەک لە ئەمریکاوە ھاتووە دەگەڕێت. سەرباری زەحمەتی گەشتەکەی، ئەوا ژان چێژ دەبینێت لەگەڕان بەدوای شوناسی کوردبوونیدا.

کاست دەستکاری

  • نیک خەلیلاج وەک ژان
  • گولەر ئۆکتەن وەک زەریف
  • ھالیغ جیەل وەک باربارا
  • لێڤەنت ئۆزدلەک وەک سەرتاچ
  • فوسون دێمیرەل وەک ھاڤا
  • تێرێسا ئان ڤۆلگێناو وەک کاترین
  • تۆمریس ئنجیر
  • ئەحمەد ئەسلان وەک دەرڤیش
  • بولەنت چۆلاک
  • جۆزێ ڕامۆن ڕۆزاریۆ
  • دەنیز ئکیجی
  • محەممەد عەلی ئۆز
  • زەکیە بای

سانسۆرکردن دەستکاری

لەکاتی نمایشکردنی فیلمی زەر، لە ٣٦ەمین فیستیڤاڵی فیلمی نێونەتەوەییی ئەستەمبوڵ ئەوا دوو دیمەن لە فیلمەکە سانسۆرکرا، لەکاتی نمایشکردنی فیلمەکە دیمەنەکان تەڵخکران و تێکستێک خرایە سەری کە نووسرابوو، «ناتوانینت سەیری ئەم دیمەنە بکەیت چونکە دیمەنێکی گونجاو دانانرێت لەلایەن ئەنجومەنی پێداچوونەوە لە بەڕێوبەرایەتی گشتی سینەمای وەزارەتی ڕۆشەنبیری.» کازم ئۆز لەبارەی ئەم دوو دیمەنە ئاشکرایکرد کە یەکێکیان دیمەنی کۆمەڵکووژی دێرسیم لە ساڵی ١٩٣٨ بوو، دیمەنەکەی دیکەش پشاندانی گەریلا و کەمپەکانیان بوو.[٤]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Kazım Öz'ün yeni filmi 'Zer' prömiyerini İstanbul Film Festivali'nde yapıyor". {{cite web}}: Unknown parameter |dil= ignored (help); Unknown parameter |erişimtarihi= ignored (help); Unknown parameter |eser= ignored (help); Unknown parameter |tarih= ignored (help); Unknown parameter |yayıncı= ignored (help)
  2. ^ فیلمی زەر: ڕۆشنکردنەوەی ھەقیقەتی بوونی کورد، ماڵپەڕی کەلتور مەگەزین، نووسینی خەندە حەمید، ڕۆژی ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە.
  3. ^ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دھۆک بە فیلمی زەر دەکرێتەوە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوەماڵپەڕی ڕووداو، ڕۆژی ٢٣ی ئابی ٢٠١٧ لەلایەن ھیوا سەڵاح بڵاوکراوەتەوە.
  4. ^ Dealing with Art Censorship in Turkey: The Case of Kazım Öz’s film Zer ١٧ی ئایاری ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ماڵپەڕی seismopolite، لەلایەن Hazal Sipahi نووسراوە، ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٠ ھێنراوە.