ھێدی

شاعیری کورد
(لە خالید حیسامیەوە ڕەوانە کراوە)

خالید حیسامی ناسراو بە ھێدی یان شێواو (لەدایکبووی ١٩٢٧ لە شێخاڵی، بۆکان - مردووی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە ھەولێر، ھەرێمی کوردستان) شاعیر و وەرگێڕێکی کورد بوو.[١]

ھێدی
لەدایکبوون١٩٢٧ لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
Bukan لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
مەرگ٢٠١٦ لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە (بە تەمەنی ٨٩ )
ھەولێر، ھەرێمی کوردستان لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە
پیشەشاعیر، نووسەر لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە

ژیاندەستکاری

خالید ئاغای حیسامی کوڕی حاجی محەممەد ئاغای موکری ساڵی ١٣٠٦ی ھەتاوی (١٩٢٧) لە ئاوایی شێخاڵی سەر بە بۆکان لە دایک بووە. نازناوی بنەماڵەکەی (حیسامی)یە، لە عەشیرەتی دیبۆکرین. ھەر لەو ئاوایییەش کە موڵکی باوکی بووە دەستی بە خوێندن کردووە لای مامۆستای تایبەتی. ساڵی ١٩٤٥ پەیوەندی بە کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان کردووە و دواتر لە سەردەمی کۆماردا وەک پێشمەرگە و شاعیرێک چالاک بووە و بە نازناوی (شێواو) لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا بەرھەمی بڵاو کردووەتەوە. پاش ڕووخانی کۆمار ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و ڕەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول کەوتووە و لەوێش ھەم وەکوو پێشمەرگە و ھەمیش لە بەشی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی و ڕادیۆی دەنگی کوردستاندا چالاکی نواندووە. ھێدی لەلای مەلا مستەفا بارزانی ڕێزێکی زۆری ھەبووە.[٢] بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٤٥ لە مەھاباد مەلا مستەفا بارزانی ناسیوە و ئاشنایەتی لەگەڵ پەیدا کردووە.[٣] لە دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ چووەتەوە ناو شۆڕش و بۆ دووەمین جار چاوی بە بارزانی کەوتووەتە. لەسەر دەستی ئەو بووە بە خەباتگێڕی چەکدار لە ناو شۆڕشدا. ماوەیەک لە ڕانیە و سەنگەسەر و قەڵادزێ ژیانی پێشمەرگەیی بردووەتە سەر. لە ماوەی گفتوگۆکەی نێوان شۆڕشی کورد و دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارف لە بەغدا، لە لایەن شۆڕشەوە کراوە بە قایمقامی قەڵادزێ، لە پاشاندا گواستراوەتەوە ڕانیە، ماوەیەکیش لە ڕادیۆی «دەنگی کوردستانانی عێراق»دا کاری کردووە. لە دوای وەستانی ڕادیۆ گواستراوەتەوە ناوچەی باڵەک، چاپخانەی شۆڕشی لێ بووە و کاری لە جاپکردنی ڕۆژنامەی خەباتدا کردووە.
لە دوای بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ گەشتی بەغدای ھەبووە، دکتۆر حەسەن حیسامی برای کە لە ئەڵمانیا دەژیا ھاتبووە بەغدا پێکەوە چوونەوە ئەڵمانیا. لەوێوە ڕووی کردە سوید، پاشان گەڕاوە کوردستان.
لەگەڵ کۆتایی شۆڕشی ئەیلوول گەڕاوەتەوە ئێران.پێشنیاری بۆ کرا لە ڕادیۆی کرا لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بەشی کوردی تاران کار بکات، بەینێک کاری کردووە و پاشان بەجێی ھێشتووە. لەو ماوەیەدا پەیوەندی لەگەڵ بارزانییەکان ھەبووە تا ڕاپەڕینی ١٩٩١ و لەگەڵ ئەواندا گەڕاوەتەوە عێراق.

مردندەستکاری

خالید حیسامی تا کۆتایی ژیانی لە ھەولێر نیشتەجێ بووە. لە ئاکامدا لە پاش نیوەڕۆی پێنج شەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ی زایینی (٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی ھەتاوی) لە تەمەنی ھەشتا و ھەشت ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و دوو ڕۆژ دواتر لە گۆڕستانی پیرمام بە خاک سپێردراوە. ھێدی وەسیەتی کردبوو تەرمەکەی بگەڕێنرێتەوە موکریان و لە شاری مەھاباد و لەکن ھێمن و ھەژار تەسلیم بە خاک بکرێ کە نەلوا.[٤][٥][٦][٧]

شیعردەستکاری

خالید حیسامی شاعیری سەردەمی کۆمار بووە و ھاوکات لەگەڵ ھەژار و ھێمن دەستی بە شیعر وتن کردووە و شێوازی تایبەت بە خۆیشی ھەبووە و زۆربەی شیعرەکانیشی دەکەونە قاڵبی ئەدەبیانی بەرگرییەوە. ھێدی لە غەزەلدا دەستێکی باڵای ھەبووە و زمانی غەزەلەکانی ساکار و ناوەرۆکەکەیشیان ئەویندارانە و نیشتمانییھ؛ ھەروەھا تایبەتمەندیی گشتیان ئەوەیە کە بەرەو ئاقارێکی ئەرێنیدا دەچن. ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن وەزارەتی ڕۆشەنبیریی ھەرێمی کوردستانەوە کۆڕێکی گەورە بۆ ڕێز لێنان لەم شاعیرە بە بەشداری شاعیران و نووسەرانی کورد لە شاری ھەولێر بەڕێوە چوو.[٨]

بەرھەمەکاندەستکاری

  • کاروانی خەیاڵ (بەشێک لە ھەڵبەستەکانی شاعیر).[٩]
  • ئاوێنە شکاو یان بیرەوەریی ھێدی (ژیاننامەی شاعیر بە قەڵەمی خۆی).[١٠]
  • کاروانی خەیاڵ و ئاوێنە شکاو (شیعر و بیرەوەریی ھێدی).[١١]

نموونە شیعری نەتەوەییدەستکاری

نموونە شیعرێکی ھێدی کە لەلایەن ناسر ڕەزازی کراوەتە گۆرانی:

کوردستان یان نەمان
سڵاو پێشمەرگەی قارەمان چاکترین ڕۆڵەی کوردستان
کوڕی نەبەزی نیشتمان سڵاو پێشمەرگەی قارەمان
ھەڵۆی خوێناوی سەر بەردان پەڕکوڕی ڕەوەز و زەردان
پڵینگی سەر شاخ و ھەردان پێشمەرگە جوامێری مەردان
کوڕی کوردی ئازا و دلێر ھەستە ڕاپەڕە وێنەی شێر
لە کوردستان ڕامێنە تێر وێران بوو وڵاتی زەنوێر
ھا، بڕوانە ئەو کیژۆڵە برا گچکەکەی لە کۆڵە
چۆن دژ داماوە لەو چۆڵە چەندە ھەژار و کڵۆڵە
ئەو پیرەمێردی بێتاوان ڕووت و ھەژار و سەرگەردان
سەری ناوەتە سەر بەردان کێ ماڵی لێ کردووە وێران؟
دوژمن ئاغایە لەسەر تۆ ماڵی تۆ دەخوا بەفیڕۆ
کێ ما نەگا بە مافی خۆ! ئێمە تا کەی دەستەوئەژنۆ؟
ئەو خاکە خاکی کوردییە خۆ خاوەنی دیکەی نییە
سەبەب بۆ ھێرشی وی چییە کوردستانە و کورد خێوییە
شەڕی مە شەڕی ژیانە شەڕی باوەڕ و ئیمانە
لەگەڵ وەتەندا پەیمانە یان کوردستان، یان نەمانە
دوژمن لە ھێرشت تاساوە قەڵای ھومێدی ڕووخاوە
لە دەست و بردت ڕاماوە ڕۆژی ڕەشی لەبەر چاوە
لە کردەوەی ڕەنجە ڕۆیە مانی بەفێڵ و دھۆیە
ئەوگەف و گەرمە درۆیە لەرزی شەو نخونی تۆیە
باخوێنی من و تۆ برا بڕژێ، سورکا دەشت و چیا
یاقوتی ناو سەوزە گیا کوردوستان ڕەنگین تر ئەکا
تابڕژێ خوێنی گەش و ئاڵ لەسەر کەویان دەبێتە خاڵ
شین دەکا گوڵان سەری ساڵ دەیکەنە تەواف کوڕو کاڵ
کاتێ کوردوستان بو ڕزگار ھاتەدەر لەدەستی زۆردار
کەس نەما بەدڵی خەم بار بو بەشایی دێھات و شار
ئەوسا بەرزکە ئاھەنگت گۆرانی و گاڵتەو جەفەنگت
تاکیژو کوڕ بێن بەدەنگت ماچ بکەن لولەی تفەنگت

[١٢]

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ "مامۆستا هێدی ماڵاوایی لە دنیای شێعر کرد". kurdistanmedia.com. Retrieved 2021-04-11.
  2. ^ "نێچیرڤان بارزانی: مامۆستا هێدی گوێچکه‌ی ڕاکێشام!". haje.ir. Retrieved 2021-04-11.
  3. ^ مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٥٣٧ تا ٥٤٨، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.
  4. ^ "کوڕی مامۆستا هێدی: دەبێ بزانین باوکمان وەسیه‌تی چی بووە". haje.ir. Retrieved 2021-04-11.
  5. ^ "مامۆستا هێدی". www.ekurds.com. Retrieved 2021-04-11.
  6. ^ Sorani, Basnews. "چل ڕۆژ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستا هێدی شاعیردا تێدەپەڕێت". www.basnews.com. Retrieved 2021-04-11.
  7. ^ نێچیرڤان بارزانی: ھێدی شاعیر یادگارێکی پێشەوا قازی و بارزانی نەمر بوو، ڕووداو، ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بڵاو کراوەتەوە.
  8. ^ "ئه‌زموونی "هێدی" له پانتای شیعری قوتابخانه‌ی راساندا". haje.ir. Retrieved 2021-04-11.
  9. ^ کاروانی خەیاڵ، خالید حیسامی، ورمێ، چاپەمەنی سەلاحەدینی ئەیووبی، چاپی یەکەم ١٣٦٤ (١٩٨٥).
  10. ^ ئاوێنە شکاو، خالید حیسامی، هەولێر، بڵاوکراوەی ئاراس، چاپی یەکەم ٢٠٠٤.
  11. ^ کاروانی خەیاڵ. ئاوێنە شکاو، خالید حیسامی، هەولێر، چاپی یەکەم ٢٠١٦.
  12. ^ ٦٥/١١/٢٨ - دەنگی کوردوستانی عیراق کاروانی خەیاڵ، چاپی یەکەم، ١٣٦٤، لاپەڕەی ١٤٤-١٤٥

بەستەرە دەرەکییەکاندەستکاری