جۆرێتی ژیان (ڕێژەی باشێتی ژیان)

دەستەواژەی جۆرێتی ژیان بۆ جۆرێتی چەند بەش و لایەنێکی ژیان بەکاردێت و بە ئاستێکی نموونەیی دادەنرێت کە پێشبینی کۆمەڵگە و تاکەکەس لەخۆدەگرێت بۆ ژیانێکی باش و پتەو. ئەم پێشبینییانە لە بەھا، ئامانج و ناوەرۆکی کۆمەڵایەتی و کلتووری ژیانی تاکەکەسەوە سەرچاوەیان گرتووە و ھاتونەتە کایەوە. جۆرێتی ژیان بنەمایەکی فرە ڕەھەندییە کە ھەڵدەستێت بە پێناسەکردن و ناساندنی ئاستێکی نموونەیی بۆ ژیانێکی باش لە لایەنی سۆزداری، جەستەیی، ماددی و کۆمەڵایەتییەوە و وەک سەرچاوەیەک کاردەکات کە کۆمەڵگە یان تاک بیانەوێت بوارە جیاوازەکانی ژیانی کەسێک ھەڵبسەنگێنن.

یەکێک لە شێواز و ڕێبازەکانی دیارکردنی ئاستی جۆرێتی و باشێتی ژیان، بیردۆزێکی نڵاوکراوەیە لە گۆڤاری (لێکۆڵینەوەی کرداری لە جۆرێتی ژیان دا - Applied Research in the Quality of Life)دا و ھەڵدەستێت بە گریمانەکردنی ھەبوونی چوار بوار بۆ ھەڵسەنگاندنی جۆرێتی ژیان، ئەوانیش: ژینگە، ئابووری، سیاسەت و کلتوور.[١] جۆرێتی ژیان لە بواری کلتووردا ئەم لقانەی لێ دەبێتەوە:

  • باوەڕ و بیروڕا
  • داھێنان
  • بەدواداچوون و فێربوون
  • ڕەگەزی سێکسی و نەوەکان
  • ناسنامە و تێکەڵبوون
  • یادەوەری و وێناکردن
  • باشێتی و تەندروستی باش

ھەروەھا زۆرجار چەمکەکانی وەک ئازادی، مافەکانی مرۆڤ و دڵخۆشی پەیوەست دەکرێت بە جۆرێتی ژیانەوە. بەڵام چونکە دڵخۆشی بابەتێکی تاکەکەسی و تایبەتە بۆیە پێوانەکردن کارێکی ئاڵۆزە و شێوازی تر دەگیرێتە بەر بۆ دیاریکردنی ڕێژەی باشی و جۆرێتی ژیان. ھەروەھا ڕوون بۆتەوە تا ئەو ڕادەیەی توانای پێوانەکردنی دڵخۆشی ھەبێت، ڕێژەی دڵخۆشی زیادناکات بە ڕاستەوانەیی لەگەڵ زیادبوونی داھات دا.

پێوانە ڕێژەییەکان (بڕەکان) دەستکاری

جیاواز لە شێوازەکانی پێوانەی (تێکرای بەرھەمی ناوخۆیی - GDP) و (ژیانی نموونەی) کە ھەردووکیان دەکرێت پێوانە بکرێن لەسەر بنچینەی دارایی، کارێکی گرانە بتوانرێت پێوانەیەکی بابەتییانە (سەربەخۆییانە) و دوور مەودا بکرێت لەسەر بابەتی جۆرێتی ژیانی نەتەوەیەک یان کۆمەڵانی خەڵکی. لێکۆڵەران و زانایانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان ھەستاون بە جیاکردنەوەی دوو لایەنی جیاواز بۆ جۆرێتی و باشێتی تاکەکەسەکان.

لایەنی یەکەمیان پێوەری باشێتی سۆزدارییە، کە بەژداربوو پرسیاری لێ دەکرێت دەربارەی جۆرێتی ھەستەکانی رۆژانەیان و ڕێژەی دووبارە بوونەوە و توندێتی ھەستەکانیان وەک دڵخۆشی، دوودڵی، غەمگینی و تووڕەیی. لایەنی دووەمیان ھەڵسەنگاندنی ژیانە، کە بەژداربوو داوای لێ دەکرێت بەشێوەیەکی گشتی بیر لە ژیانی رۆژانەی بکاتەوە و ھەڵیبسەنگێنێت بەپێێ پێوەر و ژمارەیەک.

بۆ ماوەیەکە ئەم جۆرە سیستەم و پێوەرانە ھاتونەتە کایەوە و بەکاردەھێنرێن و لێکۆڵینەوەکان لە ھەوڵدان بۆ پشکنین و لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان جۆرێتی ژیان و بەرھەمداری.[٢]

لە تەندروستی دا دەستکاری

لە بواری تەندروستی دا، جۆرێتی ژیان پێناسەدەکرێت بە ڕادەی کاریگەریی نەخۆشییەک لەسەر ئاستی تاکەکەسی کەسی تووشبوو. ئەو نەخۆشی و لاوازییە دەکرێت یەکێک لەم جۆرە نەخۆشیانە بێت: نەخۆشییەک مەترسی ھەیە بەڵام نابێتە ھۆی مردن، نەخۆشی کوشندە، نەخۆشێ چاوەڕوان کراو، خراپ بوونی تەندروستی کەسانی بەساڵاچوو، خراپ بوونی تەندروستی دەروونی یان جەستەی کەسێکی نزیک، نەخۆشییەکی درێژخایەن یان نەخۆشییەکانی لە قۆناغی کۆتای کوشندەییدان. لێکۆڵەران لە زانکۆی تۆرۆنتۆی وڵاتی کەنەدا جۆرێتی ژیان پێناسەدەکەن بە «ڕێژەی چێژ وەرگرتنی کەسێک لە دەرفەتە گرنگەکانی ژیانی خۆی» و ئەم جۆرە دیدگەیە بەندە لەسەر ئەوەی کە کەسێک خۆی چۆنە بە سروشتی و ئایا ئەو کەسە ئامانج، ھیوا و خواستەکان تایبەت و تاکەکەسییەکانی دەھێنێتە دی یان نا.[٣][٤] ھەندێکی تر لە زانایان جۆرێتی ژیان پێناسەدەکەن بە «توانای نەخۆشەکە بۆ چێژوەرگرتن لە چالاکییەکانی ژیانی رۆژانە» چونکە جۆرێتی ژیان بە توندی پەیوەستە بە باشێتی و تەندروستی بێ ئەوەی دووچاری نەخۆشیی و لاوازی ببێتەوە و پێویستی بە چارەسەر و چاودێری پزیشکی ھەبێت.

بەرەوپێشچوونی نێودەوڵەتی دەستکاری

ڕێکخراوەکانی وەک بانکی جیھانی ئامانجی تایبەت بە خۆیان ڕادەگەیەنن وەک «کارکردن لەپێناو جیھانێک دوور لە ھەژاری» و ھەژاریش دەناسرێت بە نەبوونی پێویستییە سەرەتایی و سەرەکییەکانی مرۆڤ وەک (خۆراک، ئاو، پەناگە، ئازادی، پەروەردە، خزمەتگوزاری تەندروستی یان دەرفەتی کار).[٥] کەواتە بە پێی بانکی جیھانی ھەژاری بە جۆرێتییەکی ژیانی خراپ دادەنرێت و بۆیە ھەوڵ دەدات بۆ باشترکردنی جۆرێتی ژیان لەڕێی کارکردن لەسەر ئامانجەکەیان لە کەم کردنەوەی ڕێژەی ھەژاری و یارمەتی دانی خەڵکی بەمەبەستی ھەبوونی توانای دابین کردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Barcaccia, Barbara (4 September 2013). "Quality Of Life: Everyone Wants It, But What Is It?". Forbes/ Education. Retrieved 10 May 2016.
  2. ^ McNally, James W. (2009). Encyclopedia of the Life Course and Human Development (vol.3 ed.). USA: Macmillan Reference. p. 317.
  3. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری DHG نەدراوە
  4. ^ Layard, Richard (6 April 2006). Happiness: Lessons from a New Science. London: Penguin. ISBN 978-0-14-101690-0.
  5. ^ Kahneman, D.; Deaton, A. (2010). "High income improves evaluation of life but not emotional well-being". Proceedings of the National Academy of Sciences. 107 (38): 16489–16493. Bibcode:2010PNAS..10716489K. doi:10.1073/pnas.1011492107. PMC 2944762. PMID 20823223.