ئێکزیما

بریتییە لە کۆمەڵێک لە نەخۆشی کە لە ئەنجامدا دەبێتە هەوکردنی پێست
(لە Eczemaەوە ڕەوانە کراوە)

نەخۆشی ئێکزیما یان دێرماتایتس، یەکێکە لە نەخۆشییە بەر بڵاوەکانی پێست دادەنرێت. ئێکزیما لە ئەنجامی ھەوکردنی پێستەوە دروست دەبێت. ئەم نەخۆشیە بە خوران، سووربوونەوەی پێست و دروست بوونی لیر و قڵیشان دەناسرێتەوە. ئێکزیما نەخۆشیەکی گوێزەرەوە نییە و کوشندەش نییە ئەگەر بێت و چارەسەری بکرێت و پشتگوێ نەخرێت. ئەم نەخۆشییە بە زۆری لە تەمەنی منداڵیدا بەر بڵاوە.

تووشبوویێکی ئێکزیما

نزیکەی سی و پێنچ ملیۆن ئەمریکی بە دەست نەخۆشی ئێکزیماوە دەناڵێنن. ئێکزیما بە زۆری لە ئانیشک، بەشی پشتەوەی ئەژنۆکان و دەم و چاو زیاتر ڕومەت، سمت، پشتەوەی گوێ و دەست و قاچ دەردەکەوێت. دکتۆرەکانی پێست لە پلاندان لە داھاتوودا چارەسەر بۆ نەخۆشی ئێکزیما بدۆزنەوە بە پشت بەستن بە تەمەنی نەخۆشەکە، نیشانەکان و بار و دۆخی تەندروستی ئێستای نەخۆشەکە.

جۆرەکان دەستکاری

  1. ئەتۆپیک ئێکزیما: بەربڵاوترین جۆرە. کە پەیوەندی بە وشکی پێست و گۆڕانی بۆ ماوەیی و لە کار کەوتنی سیستەمی بەرگری لەش و ھەستیاری خواردن ھەیە.
  2. ھەوکردنی پێست بەھۆی ماددەی ھەستیاری ئێکزیما: ئەم جۆرە بە کارلێک کردن لە نێوان پێست و ماددەی ھەستیاری دادەنرێت کە سیستەمی بەرگری لەش وەک تەنێکی نامۆ دەیناسێتەوە.
  3. دایسھایدرۆتیک ئێکزیما: خوران و ھەوکردنێکی بێزارکەر لە لەپی دەست و بنی پێ دروست دەبێت. دەبێتە ھۆی بڵق بوونی پێست.
  4. دەمارە ھەوکردنی پێست: دروست بوونی پەڵەی پولەکەیی لە سەر و باسک و مەچەک و قاچ بەھۆی گەستنی مێروو و مەگەز.
  5. ئێکزیمای درھەمی: بە شێوەیەکی بازنەیی لە پێستێکی خوراو کە دەتوانێت ببێتە ھۆی قەتماغ دروست دەبێت.
  6. ھەوکردنی پێستی ماوەبوو: ھەوکردنی پێست لە بەشی خوارەوەی قاچ کە زۆربەی کات پەیوەندی بە کێشەکانی سوڕانی خوێن ھەیھ.

ھۆکارەکان دەستکاری

ھۆکاری سەرەکی تووشبون بە نەخۆشی ئێکزیما نەناسراوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بە لە سنوور دەرچوونی وەڵام دانەوەی سیستەمی بەرگری لەش بۆ ماددەی ھەستیار دادەنرێت. ھەندێک لە ھۆکارەکان بریتین لە:

  1. ماددەی وەڕسکەر وەک سابون، شامپۆ و ماددە پاک کەرەوەکان بە گشتی و ھەروەھا گۆشت و سەوزە.
  2. زیندەوەری بچوک وەک بەکتریا و ڤایرۆس و کەڕوو.
  3. خواردن وەک بەرھەمەکانی شیر.
  4. گۆڕانی ڕێژەی ھۆڕمۆن بە تایبەتی لە خانمانی دووگیان.
  5. ماددەی ھەستیار وەک تۆز، ئاژەڵی ماڵی و کڕێژی سەر.
  6. پلەی گەرمی زۆر بەرز یان زۆر نزم وە شێی بەرز و نزم و ئارەقە کردن.

نیشانەکان دەستکاری

تووشبووانی ئێکزیما چەند نیشانەیەکیان تێدا بەدەر دەکەوێت لەوانە وشکبوونی پێست و هەستیاری، سووربوونی پێست و هەوکردنی، خورانی پێست، پەڵەی ڕەشی پێست هەروەها دەرکەوتنی شوێنی هەڵئاوساوی پێست.

چارەسەرکردن دەستکاری

ئەو چارەسەرییانەی کە لە نەخۆشی ئێکزیمادا بەکاردێت ئامانج لێی چاکبوونەوەی پێستی توشبوو و ڕێگریکردن لە زیادبوونی نیشانەکانە. ھەندێک لە تووشبوان دەتوانن بە تێپەڕ بوونی کات چاکببنەوە، بەڵام ھەندێکیان تا کۆتایی تەمەنیانن لەگەڵ نەخۆشیەکە دەمێننەوە.

ٌٌگرنگیدان بە پێست دەستکاری

بەچەند هۆکارێک لە گرنگیپێدان بە پێست ئەوا دەتواندرێت ڕێگری بکرێت، لەوانە؛ بەکارھێنانی ئاوی شلەتێن بۆ خۆشوشتن، بەکارھێنانی کرێمی شێدارکەرەوە ھەموو ڕۆژێک، لەبەرکردنی جلی بە لۆکە یان کوتاڵی نەرم دروستکراو، وە دوورکەوتنەوە لە لەبەرکردنی جلی زبر و تەسک، کورتکردنەوەی نینۆک بە شێوەیەکی بەردەوام بۆ دوورکەوتنەوە لە بریندارکردنی پێست هەروەها دوورکەوتنەوە لە گۆڕانی کت و پڕی پلەی گەرمی وە دوورکەوتنەوە لە کردنی چالاکی کە دەبێتە ھۆی ئارەقە کردن.

وەرگرتنی دەرمان دەستکاری

  1. دژە زیندەیی، ئەگەر بەھۆی بەکتریاوە تووشبووبێت.
  2. دژە ھەستیاری، بۆ وەستاندنی کاریگەرییەکانی ماددەی ھەستیار لە خوێن و ڕیکخستنی خەو.
  3. دژە ڤایرۆس، بۆ چارەسەرکردنی تووشبوون بە ڤایرۆس.
  4. دژە کەڕوو، بۆ چارەسەرکردنی تووشبوون بە کەڕوو.
  5. چارەسەر کردن بە تیشک، بەکارھێنانی شەپۆلی ژوور وەنەوشەیی بۆ ئەو تووشبووانەی کە لە قۆناغێکی پێشکەوتووی نەخۆشیەکەن.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • What to know about eczema، ماڵپەڕی medicalnewstoday، دوایین سەردانیکردن لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠.
  • What is Eczema?، ماڵپەڕی nationaleczema، دوایین سەردانیکردن لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠.