ئەم یاسایە لە سەدەی ھەژدەیەمی زاینی لە لایەن ئایزک نیوتن دانراوە کە یەکێک لە سێ یاسا سەرەتاییەکانی میکانیکی کلاسیکی پێک دێنێت. بە پێی ئەم یاسای

سەرەتایەک دەستکاری

ئەو ھێزانەی کە دەخرێنە سەر تەنێک چۆناو چۆن کاریگەری دەخەنە سەر جوڵە تەنەکە؟ پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، پێویستە سەرەتا وەڵامی پرسیارێکی تر بدەینەوە: (ئەگەر ھێزی ڕەھا لە سەر تەنێک یەکسان بێ بە سفر چ ڕوو دەدات؟) بێگومان ئێوە بە بێ ھیچ دوو دڵیێک دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەن کە ئەگەر بەرەنجامی کۆی ھێزەکان لەسەری تەنێکی وەستاو یەکسان بێ بە سفر، تەنەکە بە وەستاوی دەمێنێتەوە. بەڵام ئێوە ئەی ئەگەر ھاتوو بەرەنجامی کۆی گشت ھێزەکانی سەر تەنێکی جوڵاو یەکسان بێ بە سفر؟ بۆ وەڵام دانەوەی پرسیاری کۆتایی پێویستە ئێوە وادابنێن کە دەتانھەوێ لە سەر مێزێک دارین، بە شێوەی ئاسۆیی ھێزێک بخەنە سەر خەپلەیەکی لاستیکی. پاش ئەوەی خەپلەکەتان پاڵپێوەنا و دەستتان لێی بەربوو، پاش ماوەیەکی کەم خەپلەکە لە جوڵە دەوەستێت. بۆ ئەوەی خەپلەکە نەوەستێت پێویستە ئێوە لە پاڵدانی خەپلەکە بەردەوام بن. ئێستا ئێوە ھەمان کردە ئەنجام بدەنەوە لە سەر ڕوێکی لوستری وەک سەھۆڵ. تێبینی دەکەن کە پاش دەست لێبەربوون، خەپلەکە مەودایەکی زیاتر دەبڕێ. بە ھەمان شێوە بۆ مێزێکی ھوایی-ھۆکی، خەپلەکە دوریەکی زیاتر دەبڕێت. لە ھەر یەک لەم شێوانە، ھۆکاری سەرەکی وەستانی خەپلەکە، کاریگەری ھێزی لێکخشاندنە، کە بریتیە لە کارلێکی نێوان ڕوەکە و بەشی ژێرەوەی خەپلەکە. جیاوازی نێوان ئەم سێ ڕوەی کە باسمان کرد، لە بڕی ھێزی لێکخشاندندایە. لەبەرئەوەی کە بڕی ھێزی لێکخشاندنی ڕوە سەھۆڵیەکە کەمترە لە مێزە تەختەییەکە، خەپلەکە دەتوانێت دوریەکی زۆرتر ببڕێت. ئەگەر ھاتو توانیمان بڕی ھێزی لێکخشاندن یەکسان کەین بە سفر، ئەو تەنەی کە بە خێراییەکی سەرەتایی پاڵدراوە، بە بێ وەستان بەردەوام دەبێ لە جوڵەکەی وە پێویست ناکات بەردەوام بین لە پاڵنانی.[١]


پێناسە دەستکاری

بە پێی ئەو تاقیکردنەوانەی کە دیتمان، بۆمان دەرکەوت کە:

یاسای یەکەمی نیوتن: کاتێک تەنێک لە جوڵە دایە بەردەوام دەبێ لە جوڵەکەی مادام ھیچ ھێزێکی ڕەھا کاری لێنەکا. ھەروەھا کاتێک کە تەنێک لە وەستان دابێ بەردەوام لە وەستان دەمێنێتەوە مادام ھیچ ھێزێکی ڕەھا کاری لێنەکات.[٢] ھەر تەنێک کە لە جوڵەدا بێت، مەیلی ھەیە کە بەردەوام بێت لە جوڵەکەی، ئەم تایبەتمەندیەش پێی دەگوترێ بارنەگۆڕی. بۆ نمونە کاتێک تۆ دەتھەوێ ھەمبەرگەرێک بخۆیت و لە ناویشی دا ساسی تەماتەی پێوەکەیت، سەرەتا تۆ ھەوڵ دەدەیت بوتڵی ساسەکە بەرەو پشتەوە ببەیت و پاشان بە خێراییەکی گەلێک زۆر بەرەو پێشەوی دێنیتەوە و لە سەر بابۆڵەکە لەناکاو ڕایدەگریت، ھەروەک تێبینی دەکەیت ساسەکە لە جوڵەکەی ناوەستێت و لە بوتڵەکە دێتە دەرێ. ھۆکاری ھاتنەدرێی ساسەکە بە ھۆی بارنەگۆڕی جوڵەی بەرەو پێشی بوتڵەکەوەیە. لەلایەکی تر ھەر تەنێک کە وەستاو بێت، مەیلی ھەیە کە بەردەوام لە وەستانەکەی بمێنێتەوە، ھۆکارەکەشی بۆ بارنەگۆڕی دەگەڕێتەوە. بۆ نمونە کاتێک کە سفرەی سەر مێزی نان خواردن کە چەندین قاپی و قاچاغەی لەسەر بێ و بە خێراییەکە زۆر ڕابکێشرێ، تێبینی دەکرێ کە گشت قاپ و قاچاغەکان بە جێگری لە شوێن خۆیان و لە سەر مێزەکە دەمێننەوە. پێویستە بزانیت کە ھێزی ڕەھا لە یاسای یەکەمی نیوتن دا چ گرنگیەکی ھەیە. بۆ نمونە کاتێک کە کتێبێک لە سەر مێزێک دانرابێت، دوو ھێز کار دەکەنە سەر کتێبەکە. ھێزی ڕاکێشانی زەوی کتێبەکە بەرەو زەوی ڕادەکێشەێت وە بە ھەمان بڕ، بەڵام بە پێچەوانەی ئاڕاستەی ھێزی کێش کردنی زەوی، ھێزێکی ئەستونی لە لایەن ڕوەکەوە کاردەکەتە سەر کتێبەکە. ئەم دوو ھێزانە لە بڕدا یەکسانن بەڵام لە ئاڕاستەدا پێچەوانەن، کەواتە بەرەنجامی کۆی ئەم دوو ھێزە لە سەر کتێبەکە، یەکسانە بە سفر. بە ھەمان شێوە، کاتێک کە خەپلەیەکی یاری ھۆکی لە سەر ڕوێکی ئاسۆیی و لوس (کە ھێزی لێکخشاندنی یەکسان بێ بە سفر) لە جوڵە دابێ، دوو ھێز (ڕاکێشانی زەوی) و (ھێزی ئەستونی) کار دەکەنە سەر خەپلەکە، بەڵام لەبەر ئەوی کە بەرەنجامی کۆی ئەم دوو ھێزە یەکسانە بە سفر، کەواتە خەپلەکە بەردەوام دەبێ لە جوڵەکەی.[٣]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Young, H. D. , Freedman, R. A. , Sandin, T. R. , & Ford, A. L. (1996). University physics (Vol. 9). Reading, MA: Addison-Wesley.
  2. ^ Halliday, D. , Resnick, R. , & Walker, J. (2013). Fundamentals of physics. John Wiley & Sons.
  3. ^ Freedman, R. A. , Sandin, T. R. , & Ford, A. L. (2008). Sears and Zemansky’s University Physics.