ھەڵەبجە

شارێکی باشووری کوردستان
  ئەم وتارە سەبارەت بە شاری ھەڵەبجە نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە ھەڵەبجە (ڕوونکردنەوە).

ھەڵەبجە (پێشتر ھەڵەبجەی شەھید؛ بە کوردیی باکووری: Helebce بە عەرەبی: حلبجة‎) ناوەندی پارێزگای ھەڵەبجەیە و بە یەکێک لە شارە گەورە و گرنگەکانی کوردستانی باشوور دەژمێردرێت. دەکەوێتە نێوان ھێڵی درێژی ٤٦ی پلەی ڕۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی ٣٥–٣٦ پلەی باکوور و ٨٣ کم باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانیەوە. ڕووبەرەکەی ١٥٩٩ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، و ئەو سەردەمەی کە لەسەر پارێزگای سلێمانی بوو %٣٩٬٩ ڕووبەری ھەموو ئەو پارێزگایەی پێک دەھێنا.

ھەڵەبجە
بە عەرەبی: حلبجە
بە ئینگلیزی: Halabja
دیمەنی شاری ھەڵەبجە
دیمەنی شاری ھەڵەبجە
ناسناو(ەکان): 
ھەڵەبجەی شەھید
شاری شەھیدان
Map
شاری ھەڵەبجە
ھەڵەبجە is located in ھەرێمی کوردستان
ھەڵەبجە
ھەڵەبجە
جێگەی لە ھەرێمی کوردستان دا
ھەڵەبجە is located in عێراق
ھەڵەبجە
ھەڵەبجە
جێگە لە عێراقدا
ھەڵەبجە is located in ئاسیا
ھەڵەبجە
ھەڵەبجە
جێگە لە ئاسیادا
پۆتانەکان: 35°10′40″N 45°59′10″E / 35.17778°N 45.98611°E / 35.17778; 45.98611پۆتانەکان: 35°10′40″N 45°59′10″E / 35.17778°N 45.98611°E / 35.17778; 45.98611
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ ھەرێمی کوردستان[١]
پارێزگاھەڵەبجە
قەزاناوەندی قەزای ھەڵەبجە
دامەزرێنەرحەمەچاوەش بەگی شیوەکەڵ
دەسەڵات
 • جۆرئەنجومەن - بەڕێوەبەرایەتی
 • قایمقامنوخشە ناسح
ڕووبەر
 • سەرجەم١٦٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٦٠٠ میلی چوارگۆشە)
بەرزایی
٩٠٠ مەتر (٣٬٠٠٠ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 (٢٠٢٠
(بەپێی سەرژمێری وەزارەتی پالاندانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠))
 • سەرجەم٢٤٥٬٧٠٠[٢]
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی و ھەورامی)
 • ئایینئیسلام (سوننە) و یارسان
ناوچەی کاتیUTCتێبینی نەکراوە (+٣)
 • ھاوین (DST)
وێبگەپارێزگای سلێمانی

مێژوو دەستکاری

سەرەتاکان دەستکاری

گومان لەوەدا نییە کە ھەڵەبجەی ئێستا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکاندا دروست کراوە، یەکڕابوونێک لەوەدا ھەیە کە ھەڵەبجە دوای ساڵی (١٧٠٠) ز دروست کراوە.[٣] بەگەکانی شیوەکەڵی ئاوەدانیان کردووەتەوە کە حەمەچاوەش و سێ کوڕەکەی پیرۆد و سڵێمان و عەبدواللە بوو سێزدە ماڵ بوون و ھەرئەم ناوەش لەو عەشرەتە دەنرێت. عەشیرەتی جاف دروستکەر و بنیاتنەری ھەڵەبجەن. وردە وردە ئەم شوێنەی ھەڵەبجە بەھۆی ناوداری شوێنەکەیەوە کە دەڕوانێت بەسەر دەشتی شارەزووردا، زیاتر ئاوەدان بووەتەوە و تەنیا (خێلەکانی جاف)ی تێدابووە کە زیاتر لە (١٢) ھەزار خێزان دەبن، ناوەندی ئاوەدانی شارەزوور بووە، پاشان خەڵکی تر ھاتوون و پاڵیان داوە بە ھۆزەکانی جافەوە و زیاتر ئاوەدان بووەتەوە.

ھۆزی جاف لە ناوچەی جوانڕۆ سەریان بۆ کەس دانەنەواندووە، پاشان میرێکی ئەردەڵان چاو دەبرێتە ئاو و زەوی و زارە بەپیتەکانی ناوچەکە و دەیەوێ بە تۆپزی بۆ ژێر ڕکێفی خۆیان بخات، ئەوانیش ملی بۆ کەچ ناکەن و لە ئەنجامدا جەنگێک دەقەومێت و دوو سەرۆک خێلی جاف دەکوژرێن و ئەوەی دەمێنێتەوە پاش ماوەیەک ڕووەو شارەزوور ڕوو لە میرنشینی بابانەکان دەنێن و لە ناوچەی (بانی خێڵانی) دەربەندیخان نیشتەجێ دەبن، ئەو کاتە ژمارەی جافە ھەڵھاتووەکان سەد ڕەشماڵێکە و داوا لە میرنشینی بابان دەکەن کە مافی نیشتەجێ بوون و گەرمیان و کوێستانیان بدەنێ، ئەوانیش ڕێیان پێ دەدەن. بەھۆی چەند بارودۆخێکی نالەبارەوە، وەک چەسپاندنی ھێڵەکانی سەرسنوور بە شێوەیەکی قایمتر وای لە ئێلی جاف کرد بە شوێن ڕێگا چارەیەکی تردا بگەڕێن و بڕیاریان دا واز لە کۆچەرایەتی بھێنن و نیشتەجێ بن. لە ھەموو ڕوویەکیشەوە گوزەران لە ھەڵەبجەدا گونجاو بوو، بۆیە بڕیاریان دا دەست بە دروستکردنی شاری ھەڵەبجە بکەن. ژمارەیەکی زۆر سەرچاوە و مێژوونوس لەوەدا یەکدەگرنەوە کە بە ھەزاران ساڵ پێش زایین بوونی ژیان و قەڵەمڕەوی بچووک و گەورە، کوردی و بێگانە، لەم ناوچەیەدا ھەبوون، وەک (ئاشورییەکان، بیشدایییەکان، میدییەکان، ھەخامەیییەکان، ئەسکەندەر لە سەدەی چواری پێش زایین، ئەشکانی، ساسانییەکان، ھاتنی ئیسلام (٢١ ی ک. ٦٤٣ ز)، ڕوادییەکان، سلجوقییەکان، ئەتابەکەکان، ئەییوبی، مەغۆلی، جەلائیری مەڕەسپی، تەیموری لەنگ (١٤٠٠ ز)، ئەردەڵان و سەفەوییەکان، بابانەکان، عوسمانی، ئینگلیز، شێخ مەحموود، حکوومەتی عێراق، حکوومەتی کوردی (حکوومەتی ھەرێمی کوردستان).

بەپێی ھەندێک شوێنەواری کۆن وا دەردەکەوێت کە ھەڵەبجە لە دێر زەمانەوە مەڵبەندی ژیان بووە، بەڵام چەندین جار وێران کراوە دوا جار لە دەور و بەری ساڵی ١٦٥٠ دا ئاوەدان کراوەتەوە و وردە ودە گەشەی کردووە و بووە بە شار. بەھۆی ئەو ئاو و ھەوا خۆش و لە بارەیەوە جگە لە خەڵکەکەی خۆی خەڵکی تریش لە ناوچە و مەڵبەندەکانی ترەوە بۆی ھاتوون و تێیدا گیرساونەتەوە، بۆیە چەندین بنەماڵەی تیابوو کە لە کۆنەوە دانیشتووی (قەرەاغی، پێنجوێنی، مەریوانی، بانەیی، سلێمانەیی، سنەیی، جوانرِۆیی، پاوەیی، کامیارانی، بەرزنجی) بوون.

یەکەمین ئاوەدان کردنەوەی ھەڵەبجە دوای وێرانکردنی لە دەوروبەری ساڵی ١٦٥٠دا لەلایەن بنەماڵەی حەمە چاوەش شیوەکەڵییەوە بووە کە خۆی و کورِ و کورِەزاکانی لە ناوچەی خۆیان گرفتیان بۆ پێش ھاتووە سەری خۆیان ھەڵگرتووە و لە ھەڵەبجە گیرساونەتەوە. (حەمە چاوەش) سیَ کورِی ھەبووە بە ناوی (پیرۆت، سڵێمان، عەبدوڵا). سڵێمان چوار کورِی ھەبووە بە ناوی (ئەمین، محەممەد، قادر، فەرەج). عەبدوڵا شەش کورِی ھەبووە بە ناوی (حەمە ساڵەح، عەبدوالرەحمان، ئەحمەد، مەحموود، سەعید، ئەمین). پیرۆتیش ھەر بە لاوی مردوە ئیتر ئەم سێزدە ماڵە لە دەوروبەری مزگەوتی (تەکیە) دا نیشتەجیَ بوون و بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ سودیان لە سەرچاوەی (کانی نەواڵە) وەرگرتووە کە ئەو دەمە سەراوێکی گەورە بووە و ئێستا دەکەوێتە ناو (باخی گشتی) شارەوە، ئەمە جگە لەوەی کە لە جێگەی مزگەوتدا کانییەک ھەبووە حەمەی باول کە خۆی لە نەوەی (حەمە چاوش)ە بە دەماو دەم بیستویەتی و ئەڵیَ "ئەم سێزدە ماڵە دەستێکی باڵایان ھەبووە لە بەرھەمھێنانی کشتوکاڵ و باخ و بێستاندا، گنم و جۆ و چەڵتوکیان چاندووە و دارەی ھەڵوژە و قیسی و قۆخ و سێو و تویان ڕِواندوە، بم کارە شوێنەکەیان تەواو بوژاندوەتەوە.

دوای ئەم سێزدە نزیک بە بیست ماڵ جوولەکەی تیَ ھاتووە کە بە تەنیشتی ئەوانەوە ماڵیان دروست کردووە پاشان لە سەردەمی دەسەڵاتی (محمد پاشای جاف) دا ژمارەیەک ماڵە بەگزادەی جافی تیَ ھاتووە و لە شوێنی خۆیاندا کەئێستەش پیَی ئەوترێت گەرِەکی پاشا ڕِەشماڵیان ھەڵداوە و چەند ماڵێکیشیان دروست کردووە " دوای ئەمانە لە سەردەمی ژیانی مەلا عەبدوڵای خەرپانیدا گەرِەکی (پیر محمد)یش کە ناوەندەکەی (مزگەوتی جامیعە) بووە، ئاوەدان دەکرێتەوە.

ئیتر وردە وردە خەڵکی دەوروبەر ڕِوی تیَ دەکەن و گەورە دەبێت میستەر رِیچ لە گەشت نامەکەیدا کە ساڵی (١٩٢٠) نوسیویەتی وای دیاری دەکات کە ئەو دەمە ھەڵەبجە شار بووە (برِوانە لاپەرِە ١٢٤) کەچی سەیر ئەوەیە ھەر نزیک بەم مێژووەی رِیچ مێژوویەکی ترمان ھەیە کە مێژووی کۆچی یە نەک زایینی وای دیاری دەکات کە ھەڵەبجە ئەو دەمە دیَ بووە. لەسەر نوسراوی (حاشیە السید شریف الجرجانی علی کتاب المگول فی البلاغە) دا نوسراوە: کتبە السید رسول ابن السید محمد سنە ١٢٤٠ بقریە حلبجە واتە: سید رسوڵی کورِی سید محمد لە ساڵی١٢٤٠ە ئەمەی نوسی لە گوندی ھەڵەبجە، من پێم وایە مێژووەکەی رِیچ ڕاستە، چونکە رِیچ ڕاستە، چونکە رِیچ گەشتەوەرێکی شاران دیدە بووە بەڵام کۆلکە مەلاکەی لای خۆمان ھەر بە یادی پێشتر کە ھەڵەبجە دیَ بووە کە بووە بە شاریش ھەر بە دیَی داوەتە قەڵەم. شایانی باسە لە ساڵی ١٨٨٩دا لە (کوەیت) دا پێکەوە دەکرێنە قەزا.

سەدەی بیستەم دەستکاری

لە ساڵەکانی کۆچی جوولەکە بۆ عێراق و ئێران و کوردستان، ناوچەی شارەزوور و ھەڵەبجە چەندین خێزانی جوولەکە ڕووی تێدەکەن و نیشتەجێ دەبن و لە پاڵ خێڵەکانی جاف دا پەنا ئەدرێن، کاروباری بازرگانی دەکەن لەو سنوورەدا، بەمەش زیاتر دەبێت بە ناوەندێکی بازرگانی و ئاڵوگۆڕ لەو سنوورەدا.

ھەڵەبجە بازاڕێکی بازرگانی گەرمی ھەبوو شارۆچکەیەکی کوردنشینی قەرەباڵغ بوو، ژمارەی دانیشتووانی ٦٠ ھەزار کەس زیاتر بوو.

ناوچەکانی ھاوسنووری ھەریەک لەوڵاتانی ئێران و تورکیا ھاوشێوەی ناوچەی ھەڵەبجەن، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ کام لەو ناوچانە ھاوشێوەی ھەڵەبجە نین و لە بواری ئەدەب و ھونەردا وەک ئەو خزمەتیان بە نەتەوەی کورد نەکردووە.

ڕیش سپیان و پیاوە دێرینەکانی شار ھەندێکیان دەڵێن، یەکەم خانوو لەھەڵەبجەدا بەگەکانی (شیوەکەڵ) دروستیان کردووە و پاشان نەوەکانیان لەوێدا نیشتەجێ دەبن، کە ئەمانیش (حەمە چاوەش) و ھەرسێ کوڕەکەی (پیرۆتو سڵێمانو عەبدوڵڵا) ئەمانیش لەگەڵ خۆیاندا بنەماڵەیەکی تر دێنن، کە ئەمانە بوون، (پیرۆت) موختاری تورک بووە' کێخا ئەحمەد کوڕی پیرۆدەو کوڕەکانی بەناوی (حەمە برا، حەمەبۆر، حەمەفەرەجی کوێخا) و نەوەکانی ئەم سێ برایە زۆربەیان لەژیاندا ماوون و (سڵێمان)یش ئەم منداڵانەی ھەبووە (حاجی محەممەد)، (قادر)، (حاجی فەرەج)، (ئەمین) و (عەبدوڵڵا) ش کە ئەم منداڵانەی ھەبووە (ئەوڕەحمان، ئەحمەد، مەحموود، سەعید، ئەمین، حەمە ساڵح) بەپێی ئەم بۆچوونە یەکەم بنەماڵەیەک ھەڵەبجەی دروست کردبێ ئەم ماڵانە بوون کە ئێستا لەناو خەڵکی شار بە (١٣) سێزدە ماڵە ناسراون.

ھەڵەبجە جاران دوو قەیسەری گەورەی ھەبوو (قەیسەری پاشا و قەیسەری حامید بەگ) کە لە ساڵی ١٩٣٤ دروست کراوە، بینا و سەرا و پۆلیسخانەی ھەڵەبجە ساڵی ١٩٣٠ دروست کراوە، یەکەم قوتابخانە ساڵی ١٩٢٥ و ساڵی ١٩٢٩ بوو بە خاوەنی نەخۆشخانە، ساڵی ١٩٤٠ ئامێری کارەبای ھەڵەبجە کەوتە گەڕ. لە ساڵی ١٩٢٩ پڕۆژەی ڕەسمی ئاوی ھەڵەبجە تەواو بوو، لە ساڵی ١٩٢٤ تەلەگراف خانە دامەزاوە، لەناو شاری ھەڵەبجە تەنھا یەک ئۆتۆمبێل ھەبووە پێیان وتووە (لۆرییەکەی عەزە) ئەم لۆرییە بە دوو ڕۆژ ئەمسەر و ئەوسەری دەکرد لە ھەڵەبجەوە بۆ سلێمانی لە ساڵی ١٩٥٠.

ڕۆژی ١٣ ئازاری ٢٠١٤ لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە فەرمیی کرایە چوارەم پارێزگای ھەرێمی کوردستان.

ناوناسی دەستکاری

لەسەر ناوی ھەڵەبجە بیروڕای جیا جیا ھەن:

  • دەڵێن کابرایەک لەو شوێنەدا لەکۆنەوە بێچوە (ھەڵۆ)یەکی گرتووە بەو شێوەیە ناوی لێنراوە (ھەڵۆ بەچە) پاشان بووە بە ھەڵەبجە.
  • ھەندێکی تر دەڵێن، ئەو شوێنە زۆر دڵگیر بووە بەھۆی باغ و بێستان و ئاو و شینایییەوە پێیان وتووە (عەجەب جا) لە زمانی فارسییەوە وەرگیراوە، پاشان گۆڕاوە بە (ھەڵەبجە)، واتە جێیەکی سەڕسوھێنەر.
  • ھەندێکی تر دەڵێن، کابرایەک پێش ھەموو کەس ھاتووە و ئاوەدانی کردووەتەوە و ناوی (ھەڵۆ بەگ) بووە وردە وردە ئەو ناوە بەھۆی گەشەکردن لە زمانی کوردیدا بوو بە (ھەڵۆجا)یان (ھەڵەبجە).
  • دەڵێن ئەو ناوچەیە باغ و بێستانی ھەبووە و درەختی (ھەڵوژەی) زۆر بووە، بەھۆی گۆڕانکاری لە زمانی کوردیدا بووە بە (ھەڵەبجە).

ڕیوایەتێکی تر دەڵێت، لە ساڵەکانی ١٦٠٠ تا ١٦١٥ ھەڵۆخانی ئەردەڵان ھەڵەبجەی ئاوەدان کردووەتەوە ھەر بەناوی خۆیەوە ناوی ناوە (ھەڵۆچە) پاشان بووە بە (ھەڵەبجە).

  • ھەندێکی تر دەڵێن، کاتێک خەڵکی ناوچەی کرماشان لەڕێگەی بازرگانییەوە ڕۆیشتوون بەرەو (حەڵەب)ی سووریا بینیویانە کەوا ئاو ھەوای ئەو ناوچەیە لەھی ناوچەی ھەڵەبجە دەچێت، ئەوان ناویان لێناوە (حەلەبجە)، واتە (حەڵەبی پچوک).

بەڵام ھەندێکی تر پێیان وایە کە (ئەڵەبجە) لە (ئەڵەب ئەرسەلان)ەوە ھاتووە، کە میرێکی دەوڵەتی سەلجوقییەکان بووە، لەکاتی سەردانیدا بۆ کوردستان، بە ھەڵەبجەدا گوزەری کردوە و ناوی لێناوە (ئەڵەب جا)، واتە شوێنی (ئەڵەب ئەرسەلان)، مامۆستا جەمال بابان ئەم ڕایەی پەسەند کردووە.

ھۆنەر و ڕۆشنبیری دەستکاری

لە وێژەی کوردیدا شاعیر، نووسەر، ئەکادیمی و ڕۆشنبیرانی ھەڵەبجە زۆرن. ھەندێک لەوانە:



لە ژنە شاعیر و ناودارەکانیش:

جوگرافیا دەستکاری

ھەڵەبجە بە دووری ٧٥ کم کەوتووەتە خواروی ڕِۆژھەڵاتی شاری سلێمانییەوە و تا ١٩٨٨ ژمارەی دانیشتووانی پتر لە ٧٠٠٠٠ کەس دەبوو ٧٢٦ م لە ئاستی دەریاوە بەرزە و ڕِوبەری خاکەکەی ١٥٣٢کم ئاو و ھەوای مام ناوەندی یە، تەنیا چلەی زستانی ساردە و چلەی ھاوینی گەرمە ئتر ڕِۆژەکانی تری ساڵ کەش و ھەوای خۆش و لە باری ھەیە و ناوچەیەکی بارانای یە لە ساڵدا (٧٥٠)ملم بارانی لیَ دەبارێت. لە چلەی زستاندا چەند جارێک بەفری لیَ دەبارێت بەڵام ئەوەندە نامێنێتەوە کە خەڵک ھەراسان بکات.

تێکڕای بارانبارین لەساڵدا ٥٥٠ ملیمەترە، واتە بە ناوچەی مسۆگەری باران ناودەبرێ. لە باکووری ڕۆژھەڵات و باشوورەوە، بە چیاکانی ھەورامان و شنروێ و باڵامبۆ دەورەدراوە. بەدرێژایی ٧٥ کیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا. دەشتی شارەزوور کە بە یەکێک لە دەشتە بەپیت و ناودارەکانی جیھان دەناسرێت، بەشێکی گەورە لە ڕووبەری ئەم پارێزگایەی پێکھێناوە. دەشتی شارەزوور بە ڕۆژاوای شاری ھەڵەبجە دەست پێ دەکات و لە ڕۆژھەڵاتی ناحیەی سوورداش کۆتایی دێت، درێژییەکەی نزیکەی ١٠٠کم دەبێت. ئەم دەشتە بژێوی زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکەی پێکھێناوە. ڕێژەی بەرھەمی دۆنمێک لە دانەوێلە و بەروبومی ھاوینە و سەوزە و میوە ھات.

پەیوەندی کۆمەڵایەتی و بازرگانی و جوگرافی ھەیە لەگەڵ شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، وەکو شارەکانی نەوسوود، پاوە، باینگان، مەریوان. شوێنەوارە بەناوبەنگەکانی ناوشاری ھەڵەبجە و دەوروبەری: باخی میر، قەیسەری حامید بەگ، مزگەوتی پاشا، مزگەوتی جامعە، مەرقەدی پیر محەممەد، کارێزی حاجی ناجی، ئاشتی مەحموودی یاروەیسی، فرە خەزێنە، تووە وشک، کانی شێخ، گوڵان، کانی حەمەو غان، کانی سۆفی خدر، کۆڵە بۆز، مۆردانە، کانی نواڵە، کانی زارا.

دانیشتووان دەستکاری

ژیانی خەڵکی ناوشاری ھەڵەبجە: دانیشتووانی ھەڵەبجە زیاتر بە کاروباری دوکانداری، بازرگانی، کشتوکاڵی، کارمەندی حکوومەت، ئاژەڵداری، ئیشوکاری سەرپێی و ھاتوچۆی مەرزو سنوورەکانی ئێران، ڕاوە ماسی بەسەر دەبەن. ھەردوو ئایینی ئیسلام، کاکەیی ئایینی سەرجەم دانیشتووانەکەی پێکھێناوە. بەپێی ئامارێک کەلە ژمارە ٢٧ ڕۆژنامەی پێشکەوتن بڵاو کراوەتەوە، سەرجەمی خەڵکی ھەڵەبجە ٦٥٠٩ کەس بووە بەم جۆرە بە سەر ڕەگەزە جیاوازەکانی شارەکەدا دابەشبووە، ٢٢٤٩/پیاو، ٢١٠٣ /ژن، ١٠٥١/کچ، ١١٠٦/کوڕ سەرجەمی خەڵکی شارەکەی پێکھێناوە.[ژێدەر پێویستە]

بەپێی سەرژمێری فەرمانگەی ئامار لە ساڵی ١٩٧٧ کەچوار گەڕەکی سەرەکی (بامۆک، پاشا، سەرای، پیر محەممەد) سەرجەمی ژمارەی دانیشتووانەکەی (٢٢٤١١) کەس بوو، ژمارەی ئەو خێزانانەی کە خەڵکی ئەو چوار گەڕەکەیان پێکھێناوە، (٣٨٥٠) خێزان بووە، واتە دانیشتووانی شارەکە ٣٧٪ ی سەرجەم دانیشتووانی سنووری ئیداری پارێزگاکەی پێکھێناوە. ژمارەی خانووبەرە دروست کراوە ئەھلیو دەوڵەتییەکان (٣٦٢٨) و لەڕووی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە (١٧) خوێندنگاو (٢) نەخۆشخانەو بنکەی تەندروستی تیابووە، بەڵام لە ئاماری ساڵی ١٩٨٧ سەرجەم دانیشتووانی سنووری ئیداری پارێزگاکە (١١٥٢٩٩) کەس بووە، کەئەمەش ١٢، ١١٪ ی سەرجەم دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی پێکھێناوە، واتە لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٨٨ ڕێژەی زۆربوونو گەشەکردنی دانیشتووان ٣، ٣٪ بووە. بەپێی ھەمان ئامار لەو ساڵەدا ژمارەی خانووبەرە دروست کراوە ئەھلیو دەوڵەتییەکانی ناو شار(٦٠٠٨)یەکە بووە، لەو ژمارەیە (٥٥٠٦) خانووە، لەڕووی خزمەتگوزاری گشتیشەوە (٦١) خوێندنگاو (٢) نەخۆشخانەو (١) بنکەی تەندروستی تیابووە.

کەشوھەوا دەستکاری

ھاوینەکانی ھەڵەبجە زۆر گەرم و زستانەکانی فێنکە.

زانیاریی کەشوھەوا بۆ «ھەڵەبجە»
مانگی زایینی ١ ٢ ٣ ٤ ٥ ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠ ١١ ١٢ ساڵ
نێونجی بەرزترین پلە ٩٫٦
(٤٩)
١١٫٨
(٥٣)
١٦٫٩
(٦٢)
٢٢٫٠
(٧٢)
٢٩٫٥
(٨٥)
٣٥٫٨
(٩٦)
٣٩٫٦
(١٠٣)
٣٩٫٢
(١٠٣)
٣٥٫٠
(٩٥)
٢٨٫٤
(٨٣)
١٩٫٧
(٦٧)
١٢٫٥
(٥٥)
٢٥٫٠
(٧٧)
نێونجی ڕۆژانە ٤٫٨
(٤١)
٦٫٦
(٤٤)
١١٫٢
(٥٢)
١٥٫٨
(٦٠)
٢٢٫٠
(٧٢)
٢٧٫٤
(٨١)
٣١٫٢
(٨٨)
٣٠٫٨
(٨٧)
٢٦٫٤
(٨٠)
٢٠٫٥
(٦٩)
١٣٫٣
(٥٦)
٧٫٣
(٤٥)
١٨٫١
(٦٥)
نێونجی کەمترین پلە ٠٫١
(٣٢)
١٫٤
(٣٥)
٥٫٦
(٤٢)
٩٫٧
(٤٩)
١٤٫٥
(٥٨)
١٩٫٠
(٦٦)
٢٢٫٨
(٧٣)
٢٢٫٥
(٧٣)
١٧٫٩
(٦٤)
١٢٫٧
(٥٥)
٧٫٠
(٤٥)
٢٫٢
(٣٦)
١١٫٣
(٥٢)
نێونجی بارین میلیمەتر ١٤٤
(٥٫٦٧)
١٤٦
(٥٫٧٥)
١٣٢
(٥٫٢)
٨٥
(٣٫٣٥)
٣٥
(١٫٣٨)
٠
(٠)
٠
(٠)
٠
(٠)
٠
(٠)
٢٨
(١٫١)
٧٩
(٣٫١١)
١٢٤
(٤٫٨٨)
٧٧٣
(٣٠٫٤٤)
سەرچاوە: [٤]

پەیوەندیی نێونەتەوەیی دەستکاری

دەستەخوشک دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Kurdistan Regional Government. KRG. سەردان لە ڕێکەوتی 2012-08-09.
  2. ^ "سەرژمێری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لە سایتی زەمەن پرێس بڵاوکراوەتەوە". ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "Ancient tombs found in Halabja | Culture | AKNEWS.com". web.archive.org. 2009-08-21. Retrieved 2021-03-15.
  4. ^ "Climate statistics for Halabja". Bureau of Meteorology. Retrieved 21 January 2017.
  5. ^ یادی کیمیابارانکردنی سەردەشت؛ دەستەخوشک و هاوزامی هەڵەبجە. ڕووماڵ (لە ڕێکەوتی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٠). سەردان لە ڕێکەوتی ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢.
  • ھەڵەبجە، گۆڤارێکی ڕووناکبیری وەرزییە خاوەنی ئیمتیازو، ب. ڕ، سەرنوسەر کەمال ھەورامی.
  • لاپەڕەیەک لە مێژووی ھەڵەبجە ١٧٠٠–١٩٥٨ نووسینی بەکر حەمە صدیق عارف ١٩٩٧.
  • کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە ١٩٨٨ کورتە باسێکی جوگرافی- ئابوری- کۆمەڵایەتی- سیاسی، شەوکەتی حاجی مشیر.
  • ئەنفالو ژنی کورد، عەدالەت عومەر صاڵح ٢٠٠٢.
  • مێژووی کورد و کوردستان، محمد مەردۆخی کوردستانی
  • جوگرافیناس
  • تۆڕی میدیایی ڕووداو

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری

  •   میدیای پەیوەندیدار بە ھەڵەبجە لە ویکیمیدیا کۆمنز