ئەم وتارە سەبارەت بە باڵندەی گۆشتخۆری بەرزەفڕ نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە ھەڵۆ (ڕوونکردنەوە).

ھەڵۆ بریتییە لە کۆمەڵێک پەلەوەری ڕاوچی لە تیرەی ھەڵۆیان (Accipitridae لە تۆرەمەی Falconiformes).

ھەڵۆ
ھەڵۆی سەرسپی
Scientific classification
Kingdom:
Phylum:
Class:
Order:
Family:

نزیک بە ٦٠ جۆر باڵندەی ڕاوکەر ھەن کە بە ھەڵۆ دەناسرێن و زۆربەیان خۆماڵی ئەوراسیا و ئەفریقان. پێوەرێکی ڕوون بۆ جیاوازی و ناسینەوەی ھەڵۆکان لە دیکەی پەلەوەرەکانی تیرەی ھەڵۆیان نییە، بەڵام بەگشتی ھەڵۆکان لەوانی تر گەورەترن (بێجگە لە داڵاش)، لاقیان گەورەتر و پتەوترە، دەنووکیان گەورە و خوار و باڵەکانیان پانترە. ھەموو ھەڵۆکان بە ڕۆژ ڕاو دەکەن، چاویان تیژە و بەرزەفڕن.

ھەڵۆکان بە بۆنەی بەھێزییەوە لە زۆربەی کلتوورەکان وەک دروشم و نیشانەی شەڕ و شایەتی دەناسرێن. وێنە و پەیکەری ئەم باڵندانە لە سەر زۆر دراو و بینای مێژوویی دەبینرێ و زۆرێک لە وڵاتان، ڕێکخراوە و پارتەکانی جیھان وێنەی ھەڵۆیان وەک دروشم ھەڵبژاردووە.

ھەڵۆکان لە باری توێکاری و تایبەتمەندی فڕین لە داڵاشەکان دەچن، بەڵام سەریان پێچەوانەی داڵاشەکان بە پەڕ داپۆشراوە. ھەڵۆکان شێوەی شمقاڕەکانیش دەدەن، بەڵام گەورەترن و نێوان باڵەکانیشیان نەختێک درێژترە. جیاوازییەکی تری ھەڵۆکان لەگەڵ ئەم دوو خزمەدا لە شێوەی بژیوییاندایە، ھەڵۆکان زۆرتر نێچیری زیندوو دەگرن، بەڵام داڵاش و شمقارەکان لە کەلاک دەخۆن.[١]

ھەڵۆی نیکوباری باشووری، بچووکترین ھەڵۆیە کە تەنیا ٤٥٠ گ و ٤٠ سم دەبێ و خۆماڵی دوورگەکانی نیکوبارە. ھەڵۆی دەریایی ستەلێر بە کێشی ٦٬٧ کیلۆگرەم و ھەڵۆی فلیپینی بە درێژی یەک میتر لە پاڵ ھەڵۆی دووسپی و ھەڵۆی ھارپی گەورەترین جۆری ھەڵۆکانن.

ناوەکان دەستکاری

بۆ ھەڵۆ ئەم ناوانەش لە زمانی کوردیدا بە کار دێت:

  • ھکور، ئەلە، ئلھۆ، ھولی، ئەیلۆ، سپر، کورت، سەرکنەک

تایبەتمەندی و ژینگەناسی دەستکاری

ھەڵۆکان تەنیا یەک ھاوسەر لە ژیاندا ھەڵدەبژێرن. ھێلانە لەشوێنێکی زۆر بەرز، بە تووڵ و شووڵی دار چێ دەکەن و ھەموو ساڵێک دەگەڕێنەوە سەری، بە جۆرێ کە جیقنە و پاڵ، ساڵ لەگەڵ ساڵ، لە سەر یەک کەڵەکە دەبێ و بڕێجار تا ٥٠٠ کیلۆگرەم و تا ٣ مەتر گەورە دەبێ. گەورەترین ھێلانەی ناسراو ھی دوو ھەڵۆی سەرسپی لە فلوریدای ئەمریکایە کە ٦٬١ میتر قووڵی، ٢٬٩ میتر پانی و کێشێکی سەیروسەمەر، واتە ٢٬٧٢٢ کگی ھەیە.[٢]
ھەڵۆکان لە شوێنی بێقڕەدا ھێلانە دروست دەکەن و شەش تا ھەشت حەفتە لە سەر ھێلکەکانیان کڕ دەکەون. زۆربەی ھەڵۆکان دوو ھێلکە دەکەن، کە تەنیا یەکیان دەمێنێتەوە. جووچکە ھەڵۆ بە شێنەیی گەشە دەکا و لە سێ یا چوار ساڵیدا شێوەی گەورەکان دەدا.

بڕێ لە جۆرەکانی ھەڵۆ، بە جەستەی گەوەرە و ھێزی فرەوە، لە ترۆپکی ھیرەمی بژیوی گیانەوەراندا جێ دەگرن. ھەڵۆی پەڕکوور و ھەڵۆی تانجدار دەتوانن ئاژەڵی ٣٠ کیلۆگرەمی ڕاو کەن و بخۆن.[٣]

 
ھەڵۆی پەڕکوور
 
ھەڵۆی ھارپی
 
ھەڵۆی دەریایی

جۆرەکان دەستکاری

جۆرە بەناوبانگەکانی ھەڵۆ:[٤]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Encyclopædia Britannica Online, s. v. "eagle", accessed January 08, 2014, http://www.britannica.com/EBchecked/topic/175537/eagle.
  2. ^ Trails.com: Amazing Bird Records ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ eagle. Answers.com. The Columbia Electronic Encyclopedia, Sixth Edition, Columbia University Press. , 2014. http://www.answers.com/topic/eagle, accessed January 08, 2014.
  4. ^ فەرھەنگی باڵندە
  5. ^ لە فەرھەنگی باڵندەدا بە (ھەڵۆی دەریایی کلک سپی) ناو براوە، بەڵام وشەی (دووسپی) بە بۆچوونی نووسەر جوانتر بوو.