لە لۆژیکدا، ھەڵھێنجان یەکێ لە شێوازەکانی بەکاربردنی ئەقڵ بۆ ئاکامگری و بەڵگەھێنانەوەیە کە تێیدا ئەگەر پێشەکییەکان دروست بن ئاکامی دەستکەوتوو بێشک دروستە. بەڵگەیەک کە بە ھەڵھێنجان دروست ببێ یا حوکمێک کە بە ھەڵھێنجان دەست بکەوێ، بڕاوە و جێگەی باوەڕ و متمانەیە، بە مەرجێک کە ھاتنی ئاکام لە شوێن پێشەکییەکاندا بەپێی یاسا و ڕێساکانی لۆژیک بووبێ. واتە ئەگەر پێشەکییەکان ڕاست بن مەحاڵە ئاکام ھەڵە بێ. بۆ وێنە، لە «گشت ئینسانێک فانییە» و «سوقراتیش ئینسانێکە» -ەوە گەیشتن بە «سوقراتیش فانییە» ھەڵھێنجانێکی جێی باوەڕە.[١][٢]

پتر، ھەڵھێنجان (یا فۆرمێکی تایبەتی کە قیاس -ی پێ دەوترێ) لە بەرامبەر ئیستیقراوە دادەنرێت. بە پێچەوانەی ئیستیقرا، لە ھەڵھێنجاندا ئاوەزان لە تێکڕایییەوە بەرەو تاکە.

وشەکە دەستکاری

ھەڵھێنجان، کە ھەڵێنجان -یش دەنووسرێ و لە کەڵھوڕیدا ئەڵونجانن[٣] -ی پێ دەوترێ، بە مانای «ئاو لە بیر ھەڵکێشان» -ە.[٤] ھاوڕیشەی «آهنجیدن» و «آهیختن» -ی فارسییە.[٥] وشە عەرەبییەکەش، استنباط، ھەر ئەو مانای «ئاودەرکێشان» -ەی ھەیە.[٦] deduction -یش کە لە بنەڕەتدا لاتینییە واتە «دەرھێنان» و «دەرکێشان» و «لێگرتن».[٧]

بەبڕستی و ساغی دەستکاری

بەڵگەھێنانەوەی ھەڵھێنجانی بەوە ھەڵدەسەنگێندرێ کە ئاخۆ بەڵگەکە بەبڕستە (valid) یان نا، ھەروەھا ساغە (sound) یان ناساغە. بەڵگە بەبڕستە (یان بەدەسەڵاتە، یان زۆردارە، یان ڕەوایە) ئەگەر پێشەکییەکان لە گەرەنتیکردنی ئاکامەکەدا سەرکەوتوو بن، یانی ئاکامەکە بەپێی پێشەکییەکان ڕەوا و بەجێ بێ و ئەقڵ بیبڕێ. ئەگەر پێشەکییەکان ڕاستیش بن، ئەو کات دەڵێن بەڵگەکە ساغیشە. ھەموو بەڵگەھێنانەوەیەکی ھەڵھێنجانی یان بەبڕستە یان بێبڕستە، و یان ساغە یان ناساغە، حاڵەتی ناوەڕاستی نییە، وەک ئەوەی بڵێی تا ڕادەیەک بەبڕستە.

بۆ نموونە، ئەم ھەڵھێنجانە دەیبڕێ (بەبڕستە)، بەڵام ساغ نییە:

ئێستا ھەتاوە، ھەر کات ھەتاو بێ کەس چەتر لەگەڵ خۆی ناھێنێ، کەوایە، ئێستا کەس چەتری پێ نییە.

ئەمە ساغ نییە، چونکە پێشەکیی دووەم، «ھەر کات ھەتاو بێ کەس چەتر لەگەڵ خۆی ناھێنێ»، ڕاست نییە، کەس ھەیە لە کاتی ھەتاویشدا چەتری پێیە.[١]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا "Deductive and Inductive Arguments | Internet Encyclopedia of Philosophy" (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-06-28.
  2. ^ "Deductive Reasoning – Bibliography – PhilPapers". philpapers.org. Retrieved 2022-06-28.
  3. ^ سهرابی, رضا; سریش آبادی, جعفر (1390). فرهنگ گروس. دانشگاه کردستان. p. 61.
  4. ^ «هەڵهێنجان»، فەرھەنگەکانی ڤەژین lex.vejin.net. سەردان لە ڕێکەوتی ٩ی تەممووزی ٢٠٢٢.
  5. ^ نانەوازادە, عەلی. فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی. Vol. بەرگی شەش.
  6. ^ "Lanes Lexicon". lexicon.quranic-research.net. Retrieved 2022-06-28.
  7. ^ "deduction | Etymology, origin and meaning of deduction by etymonline". www.etymonline.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-06-28.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری