گۆڕان کە لە فەلسەفەدا جووڵە یا حەرەکەت -یشی پێ دەوترێ، بە زمانێکی سادە و لە بەربڵاوترین مانای خۆیدا، فەرقکردن یا وەکخۆنەمانی تایبەتمەندییەکانی شتەکانە. بۆ نموونە، پلەی گەرمای ھەوا لە شوێنێکدا جیاوازە لەگەڵ پلەی گەرما لە شوێنێکی تردا، یا جیاوازە لەگەڵ پلەی گەرما لە ھەمان شوێن و لە کاتێکی تردا، لە وەھا حاڵەتێکدا ئەوترێ پلەی گەرما گۆڕانی بەسەردا ھاتووە. لێرەدا پرسیاری فەلسەفی ئەوەیە کە ئاوەھا ڕستەگەلێک کە باسی وەکخۆمان و وەکخۆنەمانی شتەکان ئەکەن چۆن لێک بدرێتەوە.[١]

ھیراکلیتوس یەکەم فەیلەسووفە کە ڕاستەوخۆ بابەتی گۆڕانی خستۆتە بەر باس و لێکدانەوە. ئەم قسە پاراوە ھیی ئەوە کە ئەڵێ «کەس ناتوانێ دوو جار پێ بخاتە ناو ھەمان ڕووبارەوە».[٢] ئیلیایییەکانیش بەتایبەتی دڵەودوای گۆڕان بوون و ژمارەیەک پرسگرێ و پرسیاری تازەیان داھێنا - لەوانە پارادۆکسەکانی زینۆن - کە وای لیان کرد ئەوەندە بچنە پێشەوە کە بەتەواوی حاشا لە گۆڕان بکەن و بڵێن واقیع یەکێکە و ھیچ گۆڕانی بەسەردا نایێ. فەیلەسووفەکانی دواتر ئەو قسەیەیان ڕەت کردەوە و لە جیاتی پەرەیان بە سیستمگەلێکی تر وەکوو ئەتۆمیزم دا کە ھەوڵی ئەدا وەڵامێ بدۆزێتەوە بۆ پرسگرێکانی ئیلیایییەکان. بە لای ئەرەستووەوە ھەر شتێک لەوانەیە لە چوار بارەوە بگۆڕدرێ: یەکەم، لەوانەیە چەندایەتی یان قەبارەی بگۆڕدرێ، واتە کەم و زیاد بکا، دووەم، ئەتوانێ چۆنایەتیی بگۆڕدرێ، بۆ وێنە ڕەنگی، سێیەم، لەوانەیە جێ و شوێنی بگۆڕدرێ و، چوارەم، لەوانەیە یەکسەر ببێ بە شتێکی تر، واتە جەوھەر و مایەی بگۆڕدرێ. ھەر چۆنێک بێت و بە ھەر بارێکدا بێت، گۆڕان ھەمیشە چوونە لە قووەوە بۆ فیعل.[٣]

لە سەردەمی مۆدێرندا، ھەندێ لەم کێشانە چوونە ناو مەڵبەندی ماتماتیکەوە و کالکیولس و شیکاری پەرەیان سەند و توانیان وەڵامێ ھەندێ لە پرسیارەکان بدەنەوە.[١]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفەی ستەنفۆرد
  2. ^ وتەکانی ھیراکلیتوس
  3. ^ Bodnar, Istvan, "Aristotle's Natural Philosophy" in The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Spring 2012 Edition, ed. Edward N. Zalta).