گازی شلەکراوی نەوتی

گازی شلەکراوی نەوتی یان گازی شلی نەوتی؛ کە بەسادەیی ئاماژەیە بە پڕۆپان یان بیوتان؛ تێکەڵەیەکی گڕگری گازە ھایدرۆکاربۆنییەکانە، وەک سووتەمەنی لە ئامێرەکانی گەرمکردن و کەرستەکانی چێشت لێنان و ھۆکارەکانی گواستنەوە بەکار دەھێنرێت. بەکارھێنانی وەک aerosol propellant و refrigerant ڕوو لە زیادبوونە بۆ جێگرتنەوەی کلۆرۆفلۆرۆکاربۆنەکان، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی زیان گەیاندن بە چینی ئۆزۆن، کاتێک بۆ سووتەمەنیی ھۆکاری گواستنەوە بەکار دەھێنرێت؛ پێی دەڵێن ئۆتۆگاز.

کۆمەڵێک لوولەکی گازی شلی نەوتی لە ھیندستان.

جۆری جیاوازی گازی شلی نەوتی کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، لەوانە ئەو تێکەڵانەی کە پڕۆپان یان بیوتان یان ھەر دووکیان لەخۆ دەگرن، لە نیوەی گۆی باکووری زەوی؛ زستانان تێکەڵەکان پڕۆپان زیاتر لەخۆ دەگرن، لە ھاوینانیش بیوتان زیاتر لەخۆ دەگرن، لە ئەمریکا دوو جۆری گازی شلی نەوتی دەفرۆشرێت: پڕۆپانی بازرگانی و HD-5، ئەم تایبەتمەندییانە بڵاوکراوەی ھەر دوو کۆمەڵەی GPA و ASTMن، تێکەڵەی پڕۆپان و بیوتانیش لە لیستی ئەم تایبەتمەندییانە دانراون.

پڕۆپیلین و بیوتیلین و ھەندێک ھایدرۆکاربۆنی تریش زۆربەی جار بە خەستیی کەم بوونیان ھەیە، HD-5 بڕێکی سنوورداری پڕۆپیلینی تێدایە، کە دەتوانرێت لە گازی شلی نەوتی بکرێتە ٥٪ و وەک تایبەتمەندییەکی ئۆتۆگاز بەکار دەھێنرێت، ئیثانئیثۆڵێکی بۆنداری بەھێزیشی بۆ زیاد دەکرێت، بۆیە بەئاسانی دەتوانرێت دزەکردنی دەستنیشان بکرێت، ستاندارداری ئەورووپی جیھانیانە بە EN 589 دەناسرێتەوە، لە ئەمریکا تێتڕاھایدرۆثیۆفین (ثیۆفان)یان ئەمیلمێرکاپتانیش بۆنداری پەسندکراون، بەڵام وێڕای ئەوەش ئێستاکە بەکار ناھێنرێن.

گازی شلی نەوتی بە پاککردنەوەی نەوت یان گازی وشکی سروشتی ئامادە دەکرێت، بەزۆریش ھەمووی لە سەرچاوەی سووتەمەنییە بەبەردبووەکانەوە وەردەگیرێت، کە لە کاتی پاککردنەوەی نەوت بەرھەم دەھێنرێت، یان لە نەوت و جۆگەڵەی گازە سروشتییەکانەوە دەردەھێنرێت کات لە زەوییەوە دەردێن، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩١٠ د. واڵتەر سنێڵین بەرھەمی ھێنا و ساڵی ١٩١٢ یەکەمین بەرھەمی بازرگانیی لێ بەدەر کەوت، ئێستاکە ٣٪ی تەواوی وزەی بەکارھێنراو دابین دەکات و تا ڕاددەیەکیش بەپاکی دەسووتێت بەبێ دروستکردنی تەنی و دەردانی گۆگردێکی زۆر کەم، لەبەر ئەوەشی گازە؛ ھیچ مەترسییەکی زەوی و ئاو پیسکردنی نییە، بەڵام دەتوانێت ھەوا پیس بکات، گازی شلی نەوتی؛ بەھای کالۆرییەکەی بریتییە لە 46.1MJ/kg، ھی نەوتی بەبەردبوو 42.5MJ/kg و ھی گازۆلین 43.5MJ/kgە، ھەر چۆنێک بێت؛ چڕیی وزەکەی لە یەکەی قەبارەدا (26MJ/L) کەمترە لە ھی نەوت و نەوتی سووتەمەنی.

پلەی کوڵانی گازی شلی نەوتی لەخوار پلەی گەرمیی ژوورە، بۆیە لە پلەی گەرمی و پەستانی ژووردا خێرا دەبێتە ھەڵم و زۆربەی جار لە لوولەی ستیلدا دەپەستێنرێت، باو وایە بەقەد ٨٠٪ بۆ ٨٥٪ی توانستی خۆی پڕ بکرێت، تاوەکو شوێن بۆ فراوانبوونی گەرمیی شلەی ناوی بمێنێتەوە، ڕێژەی نێوان قەبارەی گازی بەھەڵمبوو و گازی شلەوەبوو دەگۆڕێت بەپێی پێکھاتە و پەستان و پلەی گەرمی، بەڵام زۆربەی جار لە دەوری ٢٥٠:١ە، ئەو پەستانەی گازی شلی نەوتیی لێ دەبێتە شل؛ پەستانی بەھەڵمبوونی پێ دەڵێن، ئەویش بەپێی پێکھاتە و پلەی گەرمی دەگۆڕێت، بۆ نموونە ٢٢٠ کیلۆپاسکاڵە بۆ بیوتانی خاوێن لە پلەی گەرمیی ٢٠ °C، ھەروەھا نزیکەی ٢٢٠٠ کیلۆپاسکاڵە بۆ پڕۆپانی خاوێن لە ھەمان پلەی گەرمی دا.

گازی شلی نەوتی جیاواز لە گازی سروشتی لە ھەوا قوڕسترە، بۆیە بەسەر زەوییەکاندا دەڕژێت و ئارەزوو دەکات لە نزمترین شوێندا بنیشێتەوە، ئەمە دوو مەترسیی ھەیە، یەکەمیان ئەگەر تەقینەوەیە؛ ئەگەر تێکەڵەی گازە شلە نەوتییەکە و ھەوا لە سنووری تەقینەوەدا بن و سەرچاوەیەکی گڕدان ھەبێت، دووەمیان ئەگەر خنکانە، چونکە گازی شلی نەوتی شوێنی ھەوا دەگرێتەوە و خەستیی ئۆکسجین کەم دەکاتەوە.

چێشت لێنان دەستکاری

لە زۆر وڵاتدا گازی شلی نەوتی بۆ چێشت لێنان بەکار دەھێنرێت، ئەمەش لەبەر ھۆکاری ئابووری، یان ئاسانکاری، یان لەبەر ئەوەی سەرچاوەیەکی باشی سووتەمەنییە، لە ھیندستان تەنیا لە ماوەی شەش مانگی ٢٠١٦؛ نزیکەی ٨٫٩ ملیۆن تەنی لێ بەکار ھاتووە، ژمارەی پێکبەستنە ماڵییەکان ٢١٥ ملیۆنە (ھەر پێکبەستنێک بۆ شەش کەس) لەگەڵ سووڕێکی زیاتر لە ٣٥٠ ملیۆن لوولەکی گازی شلی نەوتی، زۆربەی گازە شلە نەوتییەکەش ھاوردە دەکەن.

کردنە گازۆلین دەستکاری

گازی شلی نەوتی دەتوانرێت بکرێتە ئەلکیلات کە گازۆلینێکی نایابە، چونکە تایبەتمەندیی دژەگڕگرتنی ھەیە و وا دەکات بەپاکی بسووتێت.