کێشەی سپینۆزا (بە ئینگلیزی: The Spinoza Problem: A Novel) ڕۆمانێکە لەلایەن دەروونپزیشک و نووسەری ئەمریکایی ئیرڤین دی. یالۆم نووسراوە. ئەم کتێبە لە بەرھەمە خەیاڵییەکانی ئیرڤین دی. یالۆمە و لەبارەی ژیانی فەیلەسووفی گەورە باروخ سپینۆزا و ئالفرێد رۆزنبرگ سیاسەتوانی ئەڵمانییە. ئەم ڕۆمانە چەند لایەنی جیاوازی دەروونناسی، فەلسەفیی و مێژوویی ھەیە کە لایەنی دەروونناسییەکەی لەوانی تر بەھێزترە. نووسەر لەم ڕۆمانەدا، بە بەکارھێنانی دوو کەسایەتی خەیاڵی فرانکۆ بنیتز و فرێدریش فیستێر لە فکر و ژیانی دەروونی سپینۆزا و ئالفرێد رۆزێنبێرگ نزیک دەبێتەوە و زۆربەی کەسایەتییەکانی تر لە ڕۆمانەکەدا ڕاستین.

کێشەی سپینۆزا
نووسەرئیرڤین دی. یالۆم
وڵات ویلایەتە یەکگرتووەکان
زمانئینگلیزی
بابەتڕۆمان
چەشندەروونناسی، فەلسەفی، مێژوویی
بڵاوبوونەوە٢٠١٢

کورتە دەستکاری

سپینۆزا فەیلەسووفی ھۆلەندی، بە تۆمەتگەلی جۆربەجۆر مەحکووم دەبێ بە کافرێتی و لە ھەموو شتێک مەحرووم دەکرێتەوە. کەس حەقی چاوپێکەوتن، قسەکردن و خوێندنەوەی بەرھەمەکانی نابێت. سپینۆزا خوڕافاتەکانی ئایینی جوولەکەکانی قەبووڵ نییە و ھەوڵ دەدات پەیڕەوی عەقڵی خۆی بێت و لەسەر ئەم باوەڕەیە کە دەبێت ئایین و سیاسەت لێک جیا بکرێنەوە. لە ڕستەیەک لە ڕۆمانەکەدا دەڵێت، بھێڵن خودام بە شێوەی خۆم خۆش بوێت.

بەشێکی تری ڕۆمانەکە سەبارەت بە ئالفرێد ڕۆزنبێرگ سیاسەتمەدارێکی حیزبی نازییە. ئالفرێد ڕۆزێنبێرگ کە لە ھەڵبژاردنەکانی نێوان خوێندکارانی قوتابخانەدا خۆی کاندید کردووە، لە وتاربێژییەکی توند و دژە جوولەکەیی بە وتنی ئەوەی کە ڕەگەزی ئاریایی ڕەگەزێکی سەرترە، سەرنجی بەڕێوبەری قوتابخانە و مامۆستایەکەی ڕادەکێشێت. بەو ھۆیەوە بەڕێوبەر و مامۆستاکەی بڕیار دەدەن تەمبێی بکەن و پێی دەڵێن کە دەبێت ژیاننامەی گۆتە بخوێنیتەوە و ھەر ڕستەیەکت لەبارەی سپینۆزاوە بینی لە لاپەڕەیەکدا بینووسیت و بیھێنیت. لەمەوە ئالفرێد بۆی دەردەکەوێت کە گۆتە، بە ڕێزەوە لە سپینۆزا دواوە و سرەوتنی ھزریی خۆی منەتباری سپینۆزا دەزانێ.

بەشێک لە ڕۆمانەکە دەستکاری

ئەمڕۆ بەیانی ئەو کاتەی خەڵک لە کنیسە خەریکی عیبادەت بوون، وەرگێڕاوە ئیسپانیاییەکەی تەوراتی پیرۆزم دەخوێندەوە. پڕاوپڕ بوو لە موعجیزە. خوا دەریای سووری دوو لەت کرد، قەھری لە میسرییەکان گرت، لەڕێدەرچووانی پێ وەک شمشادی سوور وا بوو. بۆچی ھەموو موعجیزەکان لە سەردەمی موسا ڕوویاندا؟ بۆچی سەردەمی موعجیزەکان بەسەر چووە؟ ئایا خودای بەتوانا خەوی لێ کەوتووە؟

ئەو دەمەی باوکمیان سووتاند و بە چ ھۆیەکەوە سووتاندیان، چونکە پارێزگاری لە کتێبە پیرۆزەکەی خوا دەکرد، ئەو کاتە خوا لە کوێ بوو؟ ئایا خوا ئەوەندە دەسەڵاتەی نەبوو کە باوکم، ئەو کەسەی ھەمیشە ڕێزی بۆ خوا دادەنا، ڕزگار بکات؟ ئەگەر وایە، کێ پێویستی بە خوایەکی وایە؟ ئایا خوا دەیتوانی باوکم بپارێزیت بەڵام بڕیاری دا ئەو کارە نەکات؟ کەوایە کێ پێویستی بە خوایەکی وا بێڕوحمە؟

بە بڕوای من، ئەم کێشەیە، لە ھەڵەیەکی گشتی و سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمە ھەڵەیە خوا وەکوو بوونەوەرێکی زیندوو، بوونەوەرێکی ساحیب فکر، بوونەوەرێک کە وەکوو خۆمان بیر دەکاتەوە، بوونەوەرێک کە بیر لە ئێمە دەکاتەوە، وێنا بکەین. یۆنانییە کۆنەکان بەم ھەڵەیان زانیبوو. دوو ھەزار ساڵ لەمەو پێش، پیاوێکی زانا بەناوی زنوفان نووسی، ئەگەر گاکان و شێر و ئەسپەکان، دەستیان ھەبوایە و بیانتوانیبایە وێنە بکێشن، لەوانەیە خوایان بە شێوەی خۆیان بکێشابایە. ئەگەر سێگۆشەکان بیانتوانیبا بیر بکەنەوە، لەوانەیە خوایەکی سێگۆشەیییان بکێشابایە و ھەروەھا بازنەکانیش خوایەکی بازنەیی....

سەرچاوەکان دەستکاری

  • مسئلە اسپینوزا ، اروین د. یالوم، بھارە نوبھار، نشر قطرە، چاپ ھفتم