کینەی نەژادی، کینەی نەتەوەیی یان گرژیی نەتەوەیی بریتییە لە ھەبوونی ھەست و ھەڵسەکەوتی شەڕانی و نەیارانە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەکی نەژادیی و نەتەوەیی دیاریکراو لە چەند ئاست و شێوازێکی جیاوازدا.

کینەی نەتەوەیی چەند سەرچاوە و پێشینەیەکی ھەیە کە بۆتە ھۆی ناکۆکی و ململانێ لەنێوان نەتەوەکان دا. لەھەندێک کۆمەڵگەدا ڕەگی ئەم کینە و ململانێیە دەگەرێتەوە بۆ ھۆزایەتی و لە ھەندێک کۆمەڵگەی دیکەدا ھۆکارەکەی مێژوویەکە لە ناتەبابوون، پێکەوەژیانێکی نائاشتی و دوژمنایەتی لەسەر بابەتە کێشەلەسەر و یەکلا نەبۆوەکان. لە زۆربەی وڵاتەکان دا، وروژاندنی کینەی نەژادی و نەتەوەیی بە تاوان و نایاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. زۆرجار بیرۆکەی نەتەوایەتی و ھەستی باڵادەستی نەتەوەیی بۆتە پاڵنەر و ڕێ خۆشکەر بۆ ھەڵگیرسانی ململانێ نەژادییەکان و بەکارھێنانی ئەم چەمکەش لەگەڵ وشەی ڕەگەزپەرستی دا بە جۆرێک تێکەڵ بووە.

کینەی نەژادی زۆرجار لەلایەن سەرکردە سیاسیەکانەوە بەکارھاتووە و سودی لێ بینراوە بەمەبەستی بەکارھێنان و خزمەتکردنی کارنامەکەی خۆیان کە ئامانجی سەرەکیان بەھێزکردنی بیرۆکەی نەتەوایەتی یان بەدەستھێنانی دەنگی دەنگدەران بووە لەرێی بانگەشەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکۆمەڵ دژی دوژمنە ھاوبەشەکەیان (چ ئەو دوژمنە ڕاستەقینە بێت یان خەیاڵی بێت).[١]

ئەرکی ڕاگەیاندن دەستکاری

قایل کردنی خەڵکی لەلایەن ڕاگەیاندن رۆلێکی سەرەکی ھەیە لە بڵاوکردنەوە و تەشەنەسەندنی کینەی نەژادی. ڕاگەیاندن ھەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەی پەیامی دیارکراو کە وێنەیەکی نەرێنی دەربارەی کۆمەڵە نەژادییە دیاریکراوەکان پیشانی ڕای گشتی دەدات. فەرمانڕەواییە سیاسیەکان ڕاگەیاندن بەکاردەھێنن بەمەبەستی کارکردنە سەر ڕاوبۆچوونی خەڵکی دەربارەی پروپاگەندەیەکی دیاریکراو. بۆ نموونە، لە ساڵی ١٩٣٠ لە ئەڵمانیای نازی دا، ڕاگەیاندن لە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە کینەییەکان دا بەشێوەیەکی کاریگەری ڕێکخراوبوو لەلایەن جۆسیف گۆبێڵس.[٢]

زانیارییە کۆکراوەکانی وڵاتە موسوڵمانەکان پیشاندەری ئەوەن کە تەماشاکردن و ئاگاداربوون لە وێستگەی ئەل جزیرە (الجزیرة) ھاوتایە لەگەل ئاستێکی زیاتری "دژە ئەمریکی بوون" و بەڵام تەماشاکردن و ئاگاداربوون لە وێستگەی (سی ئێن ئێن - CNN) ھاوتایە لەگەل ئاستێکی کەمتری "دژە ئەمریکی بوون" و ئەمەش بەڵگەیە بۆ کاریگەری ڕاگەیاندن لەسەر بیروڕا و بۆچوونی کەسەکان.

دوو جۆر قایل کردن ھەیە: قایل کردنی ڕاستەوخۆ و قایل کردنی ناڕاستەوخۆ.

قایل کردنی ڕاستەوخۆ لە بابەتی ڕاگەیاندن دا بە شێوەیەکی جێگیر کینە زیاد دەکات و دەرئەنجامەکەی لێکەوتنەوەی توندوتیژییە بەرامبەر بە کۆمەڵە نەژادی و نەتەوەییەکان. قایل کردنی ناڕاستەوخۆش، کینەکان ئاراستە دەکات و پاڵنەری ئەو ھەڵسوکەوت و مامەڵانەیە کە توندوتیژی و ئاژاوەی لێ دەکەوێتەوە.[٢]

لە مێژوودا بە چەندەھا شێواز و دووبارەبوونەوەی جۆراوجۆر بەردەوام بەکارھێنانی ڕاگەیاندن وەک کەرستەیەک بۆ بڵاوکردنەوە و تەشەنە پێ کردنی وێنەی نەرێنی دەربارەی کۆمڵە نەژادییەکان بوونی ھەبووە. زۆربەی ئەو گوفتارە کینەییانەی کە لەلایەن ڕاگەیاندنەکانەوە ئەنجام دەدرا و سەرنجی زۆربەی جیھانی لەسەر بوو لە ڕواندە و یگۆسلاڤیا بوو، وە ھەروەھا ئەو گوفتار و بڵاوکراوە کینەییانەی نازییەکان و حیزبە فاشیستەکان کە بانگەشەی بۆ کینە و ئاژاوەگێری دەکرد.[٣] لە سەردەمی ئەمرۆدا، تۆرە کۆمەڵایەتییەکان رۆلێکی کاریگەریان ھەیە لە ململانێیە نەژادییەکانی وڵاتی کینیادا و نەژادیی کاریگەرییەکی گەورەی ھەیە لە دیاریکردنی ھێلکارییەکانی دەنگدان لەو وڵاتەدا.

پروپاگەندە دەستکاری

لەگەڵ ڕاگەیاندن دا، پروپاگەندەش رۆلێی سەرەکی ھەیە لە شێواندنی پەیامەکان دا. پروپاگەندە بەشێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە رژێمە دیکتاتۆرییەکانی سەدەی بیستەمە. وەک لە ڕۆمانی نووسەر جۆرج ئۆرێل بە ناوی (کێلگەی ئاژەڵان - Animal Farm) کە ڕێ خۆشکەر بوو بۆ باسکردن و وروژاندنی بابەتەکان دەربارەی رژێمەکانی ئەو سەردەمە.[٥] بە واتە بنچینەییەکەی پروپاگەندە ھەڵدەستێت بە پشتگیری کردنی باوەڕێک کە دەرئەنجامەکەی ھەستانە بە کردارێک و پروپاگەندە بە مەترسیدار دادەنرێت لە کاتی ھەڵە بەکارھێنانی دا.[٥] لە بەرامبەردا، نووسەران جوێت و ئۆدۆنێڵ پێناسەی پروپاگەندە دەکەن بەوەی کە ھەوڵێکی بە ئەنقەست و ڕێکخراوە بۆ شێوەکردنی دیدگە، زیرەکی و ئاراستە کردنی ھەڵسوکەوتی کەسەکان بۆ بەدەستھێنانی ئامانجی کەسی پروپاگەندچیەکە.[٥]

پروپاگەندە نیشاندەری "ئەفسانەیەکی ڕێکخراوە" کە ئەگەری دۆزینەوە و گەیشتن بە ڕاستی سنووردار دەکات. بەکارھێنانی پروپاگەندە لەلایەن ستالین، ھیتلەر، مۆسۆلینی بۆتە ھاتنە کایەی ئەو بیروڕا ھەڵەیەی کە پروپاگەندە دەبێتە ھۆی شاردنەوەی ڕاستی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ.[٥]

لەگەڵ ئەوانەش دا، چەند کەرەستە و شێوازێکی نوێ سەریان ھەڵداوە بەھۆی پروپاگەندەکانی جەنگی جیھانی یەکەم (١٩١٤ – ١٩١٨) و شۆرشی ڕووسی (١٩١٧). وەک: بروسکە (تەلەگراف)، ڕۆژنامە، وێنە، رادیۆ، فیلم، رێکخراوە گەورەکانی بە دوای بازاری نوێ دا دەگەرێن، سەرھەڵدانی رۆژنامەگەری چاکسازیخواز، کاریگەریی جوڵانەوە ھونەرییەکان، دەرونناسی، زانستی کۆمەڵایەتی و بە بازارکردن.

لە بنەڕەت دا شێوازە جیاوازەکانی پروپاگەندە و جەنگە دەروونییەکان بە ڕێکاری قایل کردن دادەنرێن.[٥] سەرەڕای ئەمانەش، لێکۆڵینەوە تاقیکارییەکان گومان دەھێننە کایەوە دەربارەی کاریگەریی بوونی پروپاگەندە لە وروژاندنی کینەدا و ئاماژە بەوە دەکەن کە پروپاگەندە بە ڕادەیەکی زۆر کەمتر دەتوانێت ڕا و بیروبۆچوون بگۆرێت وەک لەوەی مەزەندە دەکرێت.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Using Ethnic Hatred to Meet Political Ends (about ethnic problems in Indian subcontinent)
  2. ^ ئ ا Petrova, Maria; Yanagizawa-Drott, David (٢٠١٦-٠٧-٠١). Media Persuasion, Ethnic Hatred, and Mass Violence: A Brief Overview of Recent Research Advances (بە ئینگلیزی). doi:10.1093/acprof:oso/9780199378296.001.0001. ISBN 9780199378296. Archived from the original on 29ی Julyی 2019. Retrieved 29ی Julyی 2019. {{cite book}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)