کۆگەی دراوەی کۆمپیوتەر

کۆگەی دراوەی کۆمپیوتەر (بە ئینگلیزی: Computer data storage) کە ھەندێ جار تەنها پێ ئەوترێ کۆگە یا بیرگە، تەکنۆلۆژیایەکە پێکهاتوو لە پارچەکانی کۆمپیوتەر و ئامێرەکانی تۆمارکردن، کە بۆ ھەڵگرتنی دراوەگەلی دیجیتاڵ بەکار دێ. یەکێکە لە پارچە گرنگ و بنچینەییەکان لە کۆمپیتەرەکاندا. لێکدانەوە و یاریکردن بە دراوەکان کاری یەکەی پێوەئاژۆتنی ناوەندی یا CPU -ە.

لە کردەوەدا، کۆگەگەلی خێرا بەڵام گرانبەھا و بچووک لە نزیک و کۆگەگەلی ‌ھێواش بەڵام گەورەتر و ھەرزان لە دوورەوەی CPU -وە دائەنرێن. زۆر جاران بە تەکنۆلۆژیا خێرا و زووبفڕەکان (ئەوانەی لەگەڵ کوژانەوەی کۆمپیتەردا دراوەکانیان ون ئەبێ) ئەوترێ "بیرگە"، لە کاتێکدا کە بە تەکنۆلۆژیا ھەمیشەیی و ھێواشترەکان ئەوترێ "کۆگە"، بەڵام بە پێچەوانەکەشی ھەیە، واتە ئەکرێ جێی ئەم دوو زاراوەیە بگۆڕدرێ.