کلارا بارتۆن (بە ئینگلیزی: Clara Barton؛ لەدایکبووی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٨٢١–مردووی ١٢ی نیسانی ١٩١٢) پزیشک، مامۆستا و دامەزرێنەری خاچی سووری ئەمریکی بوو.

کلارا بارتۆن

لەدایکبوون (١٨٢١-١٢-٢٥) ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٨٢١
مەرگ١٢ی نیسانی ١٩١٢(١٩١٢-٠٤-١٢) (٩٠ ساڵ ژیاوە)
غلین ئیکۆ
نەتەوەئەمریکا
پیشەپزیشک، مامۆستا
واژوو

ژیان دەستکاری

لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٨٢١ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دایک بووە، باوکی ستیڤن بارتۆن، ئەفسەر بووە لە سوپای ئەمریکا، کلارا لە دامەزراوەی کلینتۆنی لیبڕاڵی دەستی بە خوێندن کردووە دواتر دەستی بە کاری مامۆستایی کردووە خوێندنگەیەکی ئازادی لە بوردنتاون لە نیوجیستی کردووەتەوە سەرەتا لە خوێندنگەکەیەدا تەنھا ٦ خوێندکار بونیان ھەبووە دواتر بەھۆی سەرکەوتنی خوێندنگاکەیەوە ژمارەی خوێندکارەکانی گەیشتۆتە ٦٠٠ خوێندکار، بەڵام بەھۆی نەخۆشییەوە واز لە پیشەی مامۆستای دەھێنێت و لە ساڵی ١٨٥٤ دا لە دەزگای داھێنەران لە واشنتۆن وەک فەرمانبەر دەست بەکار کردن دەکاتەوە دوای دروست بونی شەڕی شەڕی ناوخۆییی ئەمریکا کلارا، دەست بەدابەشکردنی چەندین پێداویستی دەکات بەسەر ئەو سەربازانەی لەم شەڕة بریندار بوون. لە پاش کۆتایھاتنی شەڕ سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی گەڕان بەشوێن سەربازە ونبوەکاندا دەکات و داوایەک ئاڕاستەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات تا نوسینگەیەکی تایبەت بۆ ھاوکاری ڕێکخراوی گەڕان بە دوای سەربازە ونبوەکاندا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بکرێتەوە، پاشان کلارا ڕەزامەندی ئەبراھام لینکۆڵن سەرۆکی ئەو کاتەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەدەست دەھێنێت ، بۆ یەکەم جار نوسینگەیەکی فەرمی تایبەت بە گەڕان بەدوای سەربازە ونبوەکاندا دەکریتەوە کە ماوەی چوار ساڵ کارەکانی ئەنجام دەدات، لەو ماوەیەدا کلارا دەتوانێت گۆڕی ھەزاران سەرباز لە گۆڕستانی نیشتیمانی ئەندەرسونفیل لە جۆرجیا بدۆزێتەوە، دواتر لە ساڵی ١٨٦٨ دا نوسینگەکەی دادەخات.

کارکردن لە ڕێکخراوەی خاچی سوور دەستکاری

لە ساڵی ١٨٦٩ دا کلارا دەست بەگەشتێک دەکات بەرەو وڵاتانی ئەورووپا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و وەرگرتنی پشوو، بەڵام لەو کاتەدا بەھۆی ڕودانی چەندین کارەساتی سروشتی کلارا واز لە وەرگرتنی پشوو دەھێنیت و لە ھەوڵی یارمەتیدانی لێقەوماواندا دەبێت. بۆیە لەلایەن سەرپەرشتیارانی ڕێکخراوەی خاچی سوورەوە داوای کارکردنی ھاوبەشی ئاڕاستە دەکرێت. پاش سەرھەڵدانی شەڕ و ناکۆکی نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا کلارا لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوەکەدا سەردانی ئەو ناوچانە دەکات کە کێشەو ئاڵۆزیان تێدایە لەگەڵ ھاوکاریکردنی نەخۆشخانە سەربازییەکان. لە ساڵی ١٨٧١ دا کلارا سەرپەرشتی دابەشکردنی ھاوکاری بەسەر ھەژاراندا لە ستراسبورگ دەکات لە ساڵی دواترا ئەبێتە نوێنەری ڕێکخراوەکە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا.

دامەزراندنی خاچی سووری ئەمریکی دەستکاری

لە ساڵی ١٨٧٣ دا کلارا بارتۆن دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نێوان ساڵی ١٨٨١ تا ١٨٨٢ ڕێکخراوەی خاچی سووری ئەمریکی دادەمەزرێنێت و دەبێتە سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە تا ساڵی ١٩٠٤.

لە ماوەی سەرۆکایەتی کردنی ڕێکخراوەی خاچی سووری ئەمریکی یارمەتی و ھاوکاری گەیاندۆتە قوربانیانی ڕوداوە جۆراو جۆرەکان لەوانە گەیاندنی ھاوکاری بە کەسانی توشبوو بە نەخۆشی بەرزبونەوەی تا لە فلۆریدا ساڵی ١٨٨٧، گەیاندنی ھاوکاری بە قوربانیانی ڕوداوی سروشتی لە بنسلفیا ساڵی ١٨٨٩، گەیاندنی ھاوکاری بە دانیشتوانی ڕوسیا کە دووچاری برسێتی و گرانی ببونەوە لە ساڵی ١٨٩١، ھاوکاریکردنی لێقەوماوانی زریان لە باکوری کارۆلینا ساڵی١٨٩٣، ھاوکاریکردنی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان ساڵی ١٨٩٦، ھاوکاری کردنی قوربانیانی شەڕی ئیسپانیا–ئەمریکا لە کوبا ساڵی ١٨٩٨، ھاوکاریکردنی قوربانیانی ڕودانی زریانی گالفستون لە تەکساس ساڵی ١٩٠٠ و چەندین کاری دیکەی خێرخوازی.

مردن دەستکاری

کلارا بارتۆن بەھۆی کارو ماندوبوونەکانییەوە چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە لە ١٢ی نیسانی ساڵی ١٩١٢ لە غلین ئیکۆ لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا مرد.

سەرچاوەکان دەستکاری