ڕۆژژمێر

سیستەمی ڕێکخستنی ڕۆژانی ساڵ

ھەر وڵاتێک بەگوێرەی ڕۆژژمێرێک کاروباری خۆی بەڕێوە دەبات و ساتی ڕوودانی ڕووداوێکیش بووە بە دەستپێکی ڕۆژژمێرەکەی. زۆربەی وڵاتان بەگوێرەی «ڕۆژژمێری زایینی» ھەڵسوکەوت دەکەن؛ ھەندێک وڵاتیش وەکو چین، ئەفغانستان، ئێران و تا دوایی ڕۆژژمێری دیکە پەیڕەو دەکەن.

دانیشتووانی ھەر پارچەیەک لە کوردستانیش چونکە وڵات و دەسەڵاتی سەربەخۆیان نییە، خۆنەویستانە ڕۆژژمێری ئەو وڵاتە بەکاردەھێنن کە تێیدان. ھەڵبەت کورد سەرەڕای بێوڵاتی، ساڵی تایبەتیی خۆی ھەیە کە بەو پێیەش «ڕۆژژمێری کوردی» داڕێژراوە. لێرەدا دەمانەوێ باسی «ساڵ» و «ڕۆژژمێر»ە گرنگەکان پەیوەندی و جیاوازییان لەگەڵ ساڵی کوردیدا بکەین.

ڕۆژژمێری زایینی دەستکاری

دەستپێکەکەی ھەفتەی لەدایکبوونی عیسایە، ڕۆژژمێرەکەش «ڕۆژژمێری زایینی»یە. لە ساڵی ١٥٨٢ی زایینیدا، پاپ گریگووری ھەشتەم، دوایین ئاڵوگۆڕی لەو ڕۆژژمێرەدا کرد و ئێستاکە بە «ڕۆژژمێری گریگۆری» بەناوبانگە. ٣١ی کانوونی یەکەم، کاتژمێر ١٢ی شەو (٢٤.٠٠)، ساتی گۆڕینەوەی ساڵی زایینییە بۆ ساڵی نوێ. (لە ساڵی ھەتاوییدا، ساتی گوڕینەوەی ساڵ بەو شێوەیە نییە). لە ڕۆژژمێری گریگووریدا پەیوەندی لەنێوان ساڵ و وەرزەکاندا نییە. بە شێوەیەکی بڕیاردراو، ژمارەی ڕۆژەکان لە حەوت مانگی ساڵدا ٣١ ڕۆژ، لە چوار مانگدا ٣٠ ڕۆژ و مانگێکیش لە ساڵدا بە شێوەیەکی ناڕێک ٢٨ یان ٢٩ ڕۆژە. ھەر چوار ساڵ جارێک، ساڵی پڕە، مەگەر ئەو ساڵانەی کە شیاوی دابەشکردن بن بە (١٠٠)، بەڵام نەک بە (٤٠٠). کەوایە ساڵی ٢٠٠٠ ساڵی پڕ بوو (چونکە شیاوی دابەشکردنە بە ٤٠٠) بەڵام ساڵی ٢١٠٠ ساڵی پڕ نییە. ڕۆژژمێری گریگۆری لە ھەر ٣٣٣٠ ساڵ یەک ڕۆژی ھەڵەیە. زۆربەی وڵاتانی جیھان ساڵی زایینی پەیڕەو دەکەن، تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش، ھەرچەندە لەدایکبوونی عیسا دەستپێکی ساڵی زایینییە.

ڕۆژژمێری کۆچیی ھەتاوی دەستکاری

ئەو ساڵەیە کە لە ئێراندا بەکاردێت و پێی دەوترێت ڕۆژژمێری ھەتاوی. ھەروەھا کوردانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش کە کەوتوونەتە چوارچێوەی ئەو وڵاتەوە، بەگوێرەی ئەو ساڵە ھەڵسوکەوت دەکەن. ساڵی ھەتاوی (خورشیدی، شمسی) لە بنەڕەتدا ھی کلدانییەکان بوو کە شارستانییەتێکی دێرین بوون لە (نێوان مێزۆپۆتامیا)دا. ئێرانییەکان پێش لە ھاتنی ئیسلام پێڕەوی «ڕۆژژمێری زەردەشتی» بوون و، «ڕۆژژمێری ھەتاوی»یان بەکار نەدەھێنا. کاتێک عەرەبەکان ھێرشیان بردە سەر ئێران، ناچاریانیان کرد کە بەگوێرەی «ڕۆژژمێری عەرەبی» باج و پیتاک و سەرانەیان پێ بدەن. ڕۆژژمێری زەردەشتی ئیتر بەکارنەھات. دواتر ئێرانییەکان ڕۆژژمێرێکیان داھێنا کە لەسەر بنەمای ساڵی ھەتاوی داڕێژرابوو و سەرەتاکەشی خاکەلێوە (فروردین) بوو.

لە کۆتاییی سەدەی پێنجەمدا، بە خواستی (جلال الدین ملکشاە سلجوقی)، بە سەرکردایەتیی عومەری خەیام، ھۆنەر و ئەستێرەناس ـ کۆمەڵێک ئەستێرەناس کۆبوونەوە و دەستکارییان لەو ڕۆژژمێرەدا کرد. کاتێک ویستیان دەرکەوتنی خاکەلێوە (فروردین) تاوتوێ بکەن، بینییان کە ڕۆژژمێرەکەیان ١٨ ڕۆژ کەموکووڕیی ھەیە. ئەوە بوو ١٨ ڕۆژیان خستە سەر ڕۆژژمێرەکە. ئەو ساڵە،‌ دوو جار، یەکەم تا ھەژدەھەمی خاکەلێوەی تێدا بوو. ئیتر لەوە بەدوا ئەو ڕۆژژمێرە بە «ڕۆژژمێری جەلالی» ‌ناوبانگی دەرکرد‌. لەو ڕۆژژمێرەدا ساڵ پێک ھاتبوو لە ١٢ مانگی ٣٠ ڕۆژە کە لە کۆتاییی ساڵدا ٥ ڕۆژ زێدەی ھەبوو (لە ساڵەکانی پڕدا ٦ ڕۆژ). تا سەرەتاکانی پادشایەتیی (ڕەزاخانی پەھلەوی)، ئەو ڕۆژژمێرە بەکار دەچوو.

لە ساڵی ١٩٢٥دا ڕۆژژمێرێک کە لەسەر بنەمای ڕۆژژمێری جەلالی ئامادە کرابوو ئاراستەی پەرلەمانی ڕەزا پەھلەوی کرا و بوو بە ڕۆژژمێری فەرمیی ئێران. ڕۆژژمێری ئێران ـ کە ئێستاکەش ھەر بە ڕۆژژمێری جەلالی بەناوبانگە ـ بەگوێرەی سووڕی زەوی بە دەوری ھەتاو داڕێژراوە، بۆیە پێی دەڵێن «ڕۆژژمێری ھەتاوی» (خورشیدی، شمسی). ھەر ساڵێک نزیکەی ٣٦٥ ڕۆژ، ٥ کاژێر و ٤٩ خولەکە.

ساڵی پڕ دەستکاری

ئەو ساڵانەی کە ٣٦٦ ڕۆژن پێیان دەوترێت: «ساڵی پڕ». لە ڕۆژژمێری ھەتاویدا دەکرێت بوترێت لە ھەر ٣٣ ساڵ، ٨ ساڵی، ساڵی پڕە. ساڵی پڕ ئەو ساڵانەن کە کاتێک دابەش کرێن بەسەر ٣٣دا، پاشماوەکەیان دەبێتە یەکێک لەم ژمارانە: (٦، ٢٢، ١٧، ١٣، ٩، ٥، ١ و ٣٠). بۆ وێنە ئەگەر ١٣٧٠ دابەش کەین بەسەر ٣٣دا، پاشماوەکەی دەبێتە ١٧، کەوا بێت ساڵی ١٣٧٠ ساڵێکی پڕە.

ساڵگۆڕین‌ دەستکاری

سەرەتای ساڵ، ساتێکە کە ھەتاو لە «نیوگۆی باشوور» بەرەو «نیوگۆی باکوور» بەسەر ھێڵی ئیستوادا تێدەپەڕێت. بەو جۆرە ساڵ دەگۆڕێت بۆ ساڵی نوێ و نەورۆز دەست پێ دەکات. جا ئەگەر ئەو گۆڕانە پێش لە نیوەڕۆ (بە کاتی تاران) بێت، ئەو ڕۆژە دەبێتە یەکەم ڕۆژی ساڵ واتە ١ی نەورۆز. بەڵام ئەگەر لە نیوەڕۆ یان دوای نیوەڕۆ بێت، ڕۆژی دواتر دەبێتە یەکەم ڕۆژی سەری ساڵ. لەبیرمان نەچێت، لەو کاتەدا بەھار تەنیا لە «نیوگۆی باکوور»ی زەوی دەست پێ دەکات، لە «نیوگۆی باشوور»ی زەویدا پاییز دەست پێ دەکات. کەوا بێت، باش نییە بڵێین بەھار دەست پێ دەکات، ڕەنگە باشتر بێ‌ بڵێین نەورۆز (خاکەلێوە) دەست پێ دەکات. لەم ڕۆژژمێرەدا ھەر ساڵێک ١٢ مانگە، شەش مانگی یەکەمی ٣١ ڕۆژە و پێنج مانگی دووەم ٣٠ ڕۆژە و، دوایین مانگ، ئەگەر ئەو ساڵە ساڵی پڕ بێت ٣٠ ڕۆژە، ئەگینا ٢٩ ڕۆژە.

یەکەم ساڵی ڕۆژژمێرەکە دەستکاری

ساڵی دەستپێکی ئەو ڕۆژژمێرە، واتە ساڵی ١ی ڕۆژژمێرەکە، ئەو ساڵەیە کە پێغەمبەری ئیسلام لە شاری مەککەوە کۆچ دەکات بۆ شاری مەدینە (ساڵی ٦٢٢ی زایینی)‌. ھەر بۆیە بە ساڵی ھەتاوی دەڵێن «ساڵی کۆچیی ھەتاوی» (ھجری شمسی).

ڕۆژژمێری پادشایەتی: دوایین شای ئێران محەممەد ڕەزا پەھلەوی، ویستی ساڵی ١ی ڕۆژژمێرەکە بکاتە کاتێک کە ئیمپراتۆریی ماد ڕووخێنرا و پاشایەتیی ھەخامەنشیی پارس بۆ یەکەم جار لە ئێراندا دەسەڵاتی گرتە دەست. لە ڕێکەوتی ٢٤ی ١٢ی ١٣٥٤ ئەنجوومەنەکانی (شورای ملی) و (سنا) بڕیاریان دا کە دەستپێکی ڕۆژژمێری ئێرانی ببێتە دەستپێکی پاشایەتیی کۆرش (یەکەم پادشای ھەخامەنشی کە ئیمپراتۆریی مادی ڕووخاند و بەو جۆرە فارسەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست). لە دەستپێکی ساڵی ١٣٥٥دا ڕۆژژمێری پادشایەتی (تقویم شاھنشاھی) بەکار برا و بوو بە ساڵی ٢٥٣٥ی پادشایەتی. بەڵام بە سەرھەڵدانی شۆڕشی ئێران کە بوو بە ھۆی‌ ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی لە ئێراندا، ئەو بیرۆکەیە تێک چوو و لە ڕێکەوتی ٥ی ٦ی ١٣٥٧ ڕۆژژمێری پادشایەتی ھەڵوەشێنرایەوە و بووەوە بە «کۆچیی ھەتاوی» (ھجری شمسی).

یەکەم ڕۆژی ڕۆژژمێرەکە دەستکاری

ڕۆژی دەستپێکی ڕۆژژمێرەکە، کرایە ١ی بەھار، کە ١ی نەورۆزی ئەو ساڵە بوو کە پەیامبەری ئیسلام تێیدا کۆچی کردبوو بۆ مەدینە. (١/١/١ی ساڵی ھەتاوی بەرانبەر بوو لەگەڵ ڕۆژی ھەینی ١٩ی ئازاری ٦٢٢ی زایینی).

کەوا بێت ساڵی ١ی ھەتاوی = ساڵی ٦٢٢ی زایینی، واتە ساڵی زایینی ٦٢١ ساڵ لە ساڵی ھەتاوی گەورەترە: (‌٦٢١ = ١ – ٦٢٢)

کەوابێت، ئێرانییەکان لە ڕۆژژمێری جەلالیدا بە تیرێک دوو نیشانیان پێکاوە، ھەم دابونەریتی خۆیان پاراستووە، ھەم ڕۆژێکی گرنگی ئیسلامییان بەکارھێناوە‌:

  • یەکەم ڕۆژی ساڵ، ١ی نەورۆزە، کە دابونەریتێکی دێرینەیە.
  • یەکەم ساڵی ڕۆژژمێرەکە، واتە ساڵی ١ی ڕۆژژمێرەکە، ساڵی کۆچ (ھجرت)ی پێغەمبەری ئیسلامە لە مەککە بۆ مەدینە‌، کە بۆنەیەکی گرنگە لە جیھانی ئیسلامدا.

مانگەکانی ڕۆژژمێری ئێرانی، کە بنەڕەتی ئاڤێستاییان ھەیە بریتین لە:

  • بەھار: (١. فروردین ٢. اردیبھشت ٣. خرداد).
  • ھاوین: (٤. تیر ٥. مرداد ٦. شھریور).
  • پاییز: (٧. مھر ٨. آبان ٩. آذر).
  • زستان: (١٠. دی ١١. بھمن ١٢. اسفند).

گۆڕینی ساڵی زایینی بۆ ھەتاوی دەستکاری

چونکە ساڵی زایینی و ساڵی ھەتاوی لە یەک ڕۆژدا دەست پێ ناکەن، کەوا بێت ناشتوانن بەرانبەری یەک بن. بۆ گۆڕینی ئەو دوو ساڵ بۆ یەکتری دوو ئەگەر ھەیە کە لێرە باسیان دەکەین:

  1. ئەگەر لە نێوان ١ی کانوونی دووەم ھەتا ٢٠ ـ ٢١ی ئازار ـ بەستە بەوەی کە نەورۆز بکاتە کام لەو ڕۆژانە ـ (١ی نەورۆز)ی ئەو ساڵە زایینییە بێت، ٦٢٢ ساڵ لە ساڵە زایینییەکە کەم دەکەینەوە. بۆ نموونە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی ئاوا دەکەین: (٢٠٠٥ – ٦٢٢ = ١٣٨٣)
  1. ئەگەر دوای ٢٠ ـ ٢١ی مارس (١ی نەورۆز) ھەتا کۆتاییی ئەو ساڵە زایینییە بێت، ٦٢١ ساڵ لە ساڵە زایینییەکە کەم دەکەینەوە. بۆ نموونە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی ئاوا دەکەین: (٢٠٠٥ – ٦٢١ = ١٣٨٤)

دیارە ئەگەر ساڵی ھەتاویشتان ھەبێت و بتانەوێت بیکەنە زایینی بەپێچەوانەی سەرەوە دەکەن:

  • (١٣٨٣ + ٦٢٢ = ٢٠٠٥)
  • (١٣٨٤ + ٦٢١ = ٢٠٠٥)

بۆمان دەرکەوت کە ڕۆژژمێری ئێرانی، ھاوکات کە ڕۆژژمێرێکی ھەتاوییە، ڕۆژژمێرێکی کۆچیشە، واتە: کۆچیی ھەتاوی (ھجری شمسی)یە.

ساڵی کوردی دەستکاری

ساڵی کوردییش، ھەر وەک ساڵی ئێرانی، ساڵێکی ھەتاوییە. واتە بەگوێرەی سووڕی زەوی بە دەوری ھەتاوە. ژمارەی مانگەکان و دەستپێک و کۆتاییی ساڵەکان و ساتی گۆڕان بۆ ساڵی نوێ، کتومت ھەر وەک ساڵی ئێرانییە. بەڵام دوو جیاوازیی سەرەکیی ھەیە کە بریتین‌ لە:

١. ڕۆژژمێری کوردی بەپێچەوانەی ڕۆژژمێری ئێرانی، کۆچی نییە. بەڵکوو ساڵی ١ی ڕۆژژمێری کوردی ئەو ساڵەیە کە ئیمپراتۆریی مەزنی ماد لە لایەن "دیاکۆ"وە دامەزرا. ئەویش ٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین بوو.

٢. لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەھاباددا ناوی مانگەکان کران بە کوردی کە بریتین لە:

بەراوردی ساڵی کوردی لەگەڵ ساڵی ھەتاویی کۆچیدا دەستکاری

ساڵی کوردی (١٣٢١) ساڵ لە ساڵی ئێرانی گەورەترە. ئەگەر ئەمساڵ ساڵی (١٣٨٤)ی ھەتاوی بێت، ئاوا دەبێتە کوردی: (٢٧٠٥ = ١٣٢١ + ١٣٨٤)

یان ئەگەر ساڵی کوردیمان ھەبێت، بۆ ئەوەی بیکەینە ساڵی کۆچیی ھەتاوی (ئێرانی) بەپێچەوانەی سەرەوە دەکەین: (١٣٨٤ = ١٣٢١ - ٢٧٠٥)

بەراوردی ساڵی کوردی لەگەڵ ساڵی زایینیدا دەستکاری

یەکەم ساڵی دەستپێکی ڕۆژژمێری کوردی ٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین بووە. بەھاری ئەو ساڵەش دەستپێکی ساڵەکە بووە. ھەروەکوو چۆن ساڵی کۆچیی ھەتاوی ھاوکات نییە لەگەڵ ساڵی زایینیدا، ساڵی کوردیش لەگەڵ ساڵی زایینیدا ھاوکات نییە. ساڵی کوردی ٧٠٠ ساڵ لە ساڵی زایینی گەورەترە. بۆ گۆڕینی ئاوا دەکەین:

  1. ئەگەر لە نێوان ١ی ژانڤییەی ساڵی زایینی تا ٢٠ یان ٢١ی مارس (واتە ١ی نەورۆز) بێت، ٦٩٩ ساڵ دەخەینە سەر ساڵە زایینییەکە، دەبێتە ساڵی کوردی، بۆ نموونە ئەگەر ساڵی ٢٠٠٥ بێت ئاوا دەکەین: (٢٧٠٤ = ٦٩٩ + ٢٠٠٥)

کە ئەگەر ساڵی کوردیمان ھەبێت بەپێچەوانەی سەرەوە دەکەین:(٢٠٠٥ = ٦٩٩ - ٢٧٠٤)

  1. ئەگەر لە نێوان ٢١ی مارس تا ٣١ی دیسامبر بێت، ٧٠٠ دەخەیەنە سەری. بۆ نموونە ئەگەر ٢٠٠٥ بێت ئاوا دەکەین: (٢٧٠٥ = ٧٠٠ + ٢٠٠٥)

کە ئەگەر ساڵی کوردیمان ھەبێت بەپێچەوانەی سەرەوە دەکەین: (٢٠٠٥ = ٧٠٠ - ٢٧٠٥)

ساڵی ھەیڤی (قمری) دەستکاری

یەکێکی تر لە ساڵەکان کە لە جیھانی ئیسلامیدا گرنگیی خۆی ھەیە، ساڵی ھەیڤی (قمری)یە. ئەم ساڵە لە لایەکەوە وەک ساڵی ئێرانی، ساڵێکی کۆچی (هجری)یە، واتە یەکەم ساڵی ئەو ساڵەیە کە پێغەمبەر لە مەککەوە بۆ مەدینە کۆچی کرد‌. لە لایەکی ترەوە بەپێچەوانەی ساڵی ئێرانی کە ھەتاوییە، وەک لە ناوەکەیەوە دیارە، ساڵی ھەیڤی، ساڵێکی ھەیڤی (قمری)یە. واتە ئەو ماوەیە کە ھەیڤ لە (هیلال)ی خۆیەوە دەورێکی خۆی لە ماوەی ٢٩ ڕۆژ و ١٢ کاژێر و ٤٣ خولەک دەپێوێ. ساڵی ھەیڤی (قمری) ٣٥٤ ڕۆژە.

سەرچاوەکان دەستکاری

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری

  • Calendar Converter بەرنامەیەکی سەرچاوەکراوەی جاڤاسکریپت بۆ گواستنەوەی ھەموو ڕۆژژمێرە گرنگەکان بۆ یەکتر.