ڕووی ڕێگە (بە ئینگلیزی: Pavement یا Road surface) بریتییە لە دەرەکیترین توێی ڕێگە کە مرۆڤ، ئاژەڵ، ئۆتۆمۆبیل یا فڕۆکە بە سەریدا ھاتوچوو دەکەن. ئەم توێیە لە ڕێگە بەزۆری لە ماددەی ڕەق و خۆڕاگر دروست دەکرێت کە بە ئاسانی نەشکێت و نەسوێت. باوترین جۆری مەتریاڵ بۆ ڕووی جادەکان بریتین لە ئاسفاڵت و کۆنکریت، بەڵام ڕووی باقیی ڕێگەکان ڕەنگە لە بەرد یا چەویش دروست بکرێن. ڕووی ڕێگە پێویستی بە داڕشتنی تایبەت ھەیە کە بتوانێت لە بەرامبەر بارە جۆراوجۆرەکان و ئاوھەوای سەختدا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کار بکات.[١]

ڕووی ڕێگەیەکی کۆنکریتی
ڕووی ڕێگەیەکی ئاسفاڵتی کە قڵیشی بردووە. بەم قڵیشە قڵیشی ھیلاکی یا قڵیشی قۆڕیانە دەوترێت.

مێژوو دەستکاری

بۆ ھەزاران ساڵ مرۆڤ ڕووی ڕێگەکانی بە ماددەی جۆراوجۆر وەک قیر و بەرد داپۆشیوە، ھەتا پتەوتر بێتەوە و بۆ ھاتوچووی مرۆڤ و ئاژەڵ ئاسانتر بێت. چوار ھەزار ساڵ بەر لە لەدایکبوونی مەسیح لە مێزۆپۆتامیادا ڕێگەکانیان بە بەرد دادەپۆشی.[٢] دوای ئەوان ڕۆمییەکانیش جۆرێک لە ڕێگەی بەردییان ھەبووە. لە سەدەی ھەژدەدا ئاسەوارێک لە بەریتانیا دۆزرایەوە کە بەشێک لە ڕووبەری ڕێگەیەک بە چێو داپۆشرابوو. ئەم نموونانە دەریدەخەن مرۆڤ چەندین سەدە و بەڵکوو ھەزارەیە ئاشنایی لەگەڵ دروستکردنی ڕووی ڕێگەکان ھەبووە.

کارایی ڕووی ڕێگە دەستکاری

ڕووی ڕێگە نابێت چاڵ و کۆسپ یا قڵیشێ تێدا بێت. بوونی ئەم ناڕێکییانە کارایی ڕێگە دێنێتە خوارەوە. بۆ تێگەیشتن لە کارایی ڕێگە چەندین پێوەر دروست کراوە. بۆ نموونە نیشانەی نێونەتەوەیی زبری مامەڵە لەگەڵ زبریی یان لووسیی ڕووی ڕێگەکان دەکات. نیشانەی بارودۆخی ڕووی ڕێگە پێوەرێکی ترە کە پەیوەندیی لەگەڵ برینەکانی ڕووی ڕێگە ھەیە. ئەگەر ڕێگەکە ھیچ برینێکی (واتە قڵیش یا چاڵ) پێوە نەبێت ئەم پێوەرە بە ١٠٠ تۆمار دەکرێت. کاتێک ڕێگەکە برین ھەڵدەگرێت ئەم ژمارەیە دێتە خوارەوە تا سفر.[٣]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Asphalt Institute: Asphalt Pavement Thickness and Mix Design". Archived from the original on 14ی Decemberی 2018. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  2. ^ "FHWA: Building Roads". Archived from the original on 3ی Marchی 2019. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  3. ^ "Piryonesi, S. M. (2019). The Application of Data Analytics to Asset Management: Deterioration and Climate Change Adaptation in Ontario Roads (Doctoral dissertation)".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری