ڕاپەڕینی ١٩٩١

ڕاپەڕینی کوردەکان دژی ڕژێمی بەعس
(لە ڕاپەڕینەوە ڕەوانە کراوە)

ڕاپەڕینی ١٩٩١ یان ڕاپەڕینە مەزنەکە ناسراو بە ڕاپەڕین بریتیی بوو لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشوری کوردستان لە دژی ڕژێمی بەعس بە پاڵپشتی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی کە ئەوکات یاخی بوون لە ڕژێم و لە چیاکانی کوردستاندا دژ بە ڕژێم ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجام دەدا.

ڕاپەڕین
بەشێکە لەتێکھەڵچوونی نێوان عێراق و کوردەکان
جێعێراق
کاتی ڕوودان١ی کانوونی دووەمی ١٩٩١
ڕاپەڕینی ٥ی ٣ی ١٩٩١ لە ڕانیە دەستی پێ کرد. وێنەکەش ناو بازاڕی ڕانیە ـ بەردەم مزگەوتی گەورە. (چەک بەدەستەکە حسێن پشدەرییە، قەمسەڵە شینەکە کە پشتی لە کامێرایە ناوی کەریم ھەولێری فیتەرە، قەمسەڵە ڕەشەکەی کەوتووەتە چەپی وێنەکە و جەمەدانەی سوری لە سەردایە عومەری قەسابە)

لە مێژوودا وا باس دەکات کە ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ کرد و تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لەپاش ئازادکردنی کەرکووک کۆتایی ھات کە بەو شێوەیە دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە باشوری کوردستان کرانە دەرەوە و سەرجەم ھێز و سەربازەکانیان کوژران و ڕاونران. کۆمەڵکوژیی پردێ بەھۆی ئەم ڕاپەڕینانەوە ڕووی دا. چەند ڕۆژێک پاش ڕاپەڕین، وەک وەڵامێک حکومەتی بەعسی عێراق بە سوپایەکی بێشومارەوە ھێرشی کردەوە سەر کوردستان و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد، کە تێیدا خەڵکی کوردستان ئاوارە بوون بەرەو سنوری وڵاتە ھاوسێکانی عێراق (ئێران و تورکیا و سوریا) کە دوایی ناونرا کۆڕەوە مەزنەکە یان کۆڕەوە ملیۆنییەکەی ساڵی ١٩٩١.

دەستپێکی ڕاپەڕین دەستکاری

ئەگەرچی ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە ڕانیەوە، کە ناسراوە بە دەروازەی ڕاپەڕین، دەستی پێ کرد

بەڵام لە ٤ی ئازار ١٩٩١دا بۆ یەکەم جار وەکو دەستپێکی ڕاپەرین لە ئۆردوگای خەباتی ھەولێر شەڕێک لەنێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیس ڕووی دا، دەرەنجام ھەڵیانکوتایە سەر پۆلیس و دەستیان بەسەردا گرت، ڕژێم ھێرشی کردە سەریان و سەرکوتی کردن و پاشان محەممەد فاروق و بەختیار ھورێوەیی کە پشدەری بوون کوشتیانن و دوو کەسیشیان لێ بریندار کردن، دوو کەسیش لە چەکدارانی ھەرکی و یەکێکیش لە ڕژێم کوژرا. وێڕای چەند بریندارێک، چەکدارانی ھەرکیش سێ کەسیان لە پشدەرییەکان بەدیل گرتن، پاشان رێکەوتن لەنێوان ڕژێم و جەماوەردا کرا و دامودەزگاکانی گەڕانەوە ئەوێ تا ڕاپەرین لەوێش بەرپابوو بۆیە زۆرێک پێیان وایە ڕاپەڕین لەلایەن پشدەرییەکانەوە سەری ھەڵداوە و ڕاپەڕین موڵکی پشدەرییەکانە، ھاوکات ھەمان ڕۆژ ڕاپەرین لە بەسرەش سەری ھەڵدا.

بەڵام لە ٥ی ئازاری ١٩٩١دا ڕاپەرینی گەلی کورد لە شاری ڕانیە لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی بە فەرمی دەستی پێ کرد، لە ھەموو لایەکەوە ڕژانە سەر کوچە و کۆڵان و شەقامەکان، لە ڕادیۆکان و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھاندا بۆ ڕاپەڕین. پاشان جەماوەر ھەڵیانکوتایە سەر دامودەزگاکانی حکومەت، بۆ کاتژمێر ٣ی سەرلەئێوارە سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاک کرایەوە، ھەمان ڕۆژ چوارقوڕنە و حاجیاوا و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران جگە لە تیپی ٤٤ی چوارقوڕنە ٥٠ کەس لە ڕژێم و ١٠ کەسیش لە ھاووڵاتییان کوژران، ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێم گیران، بۆیە ئەم ڕۆژە لە مێژووی کورد بە رۆژی ڕاپەرین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دادەنرێت، گەرچی لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیار بوو ٧ی ئازار دەست بە ڕاپەرین بکرێت، بەڵام جەماوەر زوو گڕی گرت و ڕاپەرینی بەرپا کرد.[١][بەستەری مردوو]

ڕۆژژمێری ڕاپەڕین دەستکاری

لەبازیان یەک و دوو و دەشتی بتوێن و دەشتی پشدەر دەستکاری

لە ٦ی ئازاری ١٩٩١ ناوچەی بازیانی یەک و دوو و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازاد کرا، بە جۆری کە لە بازیان لە کاژمێر ٤ی ئێوارە ھەڵیانکوتایە سەر دامودەزگاکانی ئەوێ و ھەر زوو سەرکوتیان کردن، لە پشدەریش سەربازگە و پادگاکانی ڕژێم لەنێوان پێشمەرگەی سەرەوە و جەماوەری خوارەوە دەورەدران و ھەر زوو گیران، تەنھا فەوجی قادراوای پشت سەنگەسەر نەبێ کە شەڕی مان و نەمانیان کرد و بووە ھۆی قوربانیدانی چەندان پێشمەرگە و ھاووڵاتی و کوژرانی دەیان سەرباز و گیرانی فەوجەکە. لەلایەکی ترەوە، ھەمان ڕۆژ لە بیتوێن تیپی ٤٤ی چواڕقوڕنە لە چوارقوڕنە لە سێ لا دەورە درا و ھەر زوو کۆنتڕۆل کرا و دواتر پایەگاکانی سەر کلکەی کۆڵین و حاجیلە و بەرزایەکانی دۆڵە ڕەقە بێ شەڕ دابەزینە خوارەوە و تەسلیم بە گەل بوون، تەنھا لە تیپی چوارقوڕنە چەند شەھیدێک و کوژراوی ڕژێم ھەبوون. ڕژێم لیوایەکی لە کۆیە ھێنا گردجان بۆ پاڵپشتی تیپی چوارقوڕنە و بە تۆپ و خومپارە کەوتە وێزەی ھاووڵاتییانی ناوچەکە. ھەر ھەمان ڕۆژ ئەوێش گیرا و چەند سەرباز و ڕائیدێکی لی کوژران.

لە سلێمانی دەستکاری

 
دەستبەسەراگرتنی ئەمنە سوورەکەی سلێمانی لەلایەن جەماوەر و ھێزی پێشمەرگەوە و پاککردنەوەی لە پیاوانی ڕژێم و سەربازان.

لە ٧ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕی و ھەر زوو ھەڵیانکوتایە سەر بنکەی حامیەیی پۆلیس و سەرا و ئازادیان کرد، ھەروەھا بۆ بەیانیی ٨ی ئازار قەڵای ئەمنە سوورەکەی سلێمانی و سەربازگەی سەلام و پادگاکانی سەر چیای ئەزمەڕیان کۆنتڕۆڵ کرد بە جۆری بە ھەزاران سەرباز خۆیان دا بە دەستەوە و پارێزگاری سلێمانی و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێم کوژران.

لە چەمچەماڵ و ھەڵەبجە و عەربەت و زەڕایەن و سمود و نەسڕ و باریکە و پیرەمەگرون و ئەلڵایی دەستکاری

لەی ٨ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕین لە چەمچەماڵ و ھەڵەبجە و عەربەت و ئۆردوگاکانی زەڕایەن و سمود و نەسڕ و باریەکە و پیرەمەگروون و ئەلڵایی دەستی پێ کرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و کەرکووک و بەعقووبە کۆنتڕۆل کران بە خوێنی چەندان شەھید و کوژرانی چەندان کەس لە پیاوانی رژێم. ھەر ئەو ڕۆژەش سەرجەم ڕەبییەکانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزێ دابەزینە خوارەوە و بێ کوشتار خۆیان بەدەست گەل دا. لەلایەکی ترەوە، قەڵای سووسێی ڕژێم گیرا و بەرەو دوکان چوون و لەلای دۆڵی خەلەکانیش پێشمەرگە و جەماوەر ھەر بەرەو بەنداوی دوکان دەھاتن بۆیە بۆ ئێوارە ئەم ناوچەیەش بەتەواوی کۆنتڕۆڵ کرا.

لە کۆیە و شەقڵاوە و کفری و خورماتوو دەستکاری

لە ٩ی ئازاری ١٩٩١دا جەماوەری شاری شەقڵاوە و کۆیەش ڕاپەڕین، ئەگەر چی سوپایەکی زۆر لە ھەیبەت سووڵتان ھەبوو و لە ٨ی ئازاردا چەند لیوایەکی زرێپۆشی زیادی ھێنایە ئەوێ و لە ھەوا و لە زەمین بەرگرییەکی باشیان لەخۆ کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی ناو کۆیە ئازاد کرا، دواتر لە هەموو لا ھەیبەت سوڵتان دەورە درا و کۆنتڕۆڵ کرا و سوپاکەی گیران. وێڕای ئەوەی کە ناوچەی شەقڵاوەش ئازاد کرا، بۆ ئێوارەش کاتژمێر ٤ی سەرلەئێوارە لە ئۆردوگای زۆرەملێی باسرمە ھەڵیانکوتایە سەر بنکەی پۆلیس و ئەوێش بۆ بەیانی پاک کرایەوە. لەلایەکی ترەوە لەلای کفری ڕاپەرین لە ھەمان ڕۆژ سەری ھەڵدا کە بووە ھۆی ئازادکردنی کفری و باوەنور و بەرزاییەکانی. دوابەدوای شاری کفریش، گەلی کورد لە شاری[ خورماتوو] ڕاپەڕینیان ئەنجام دا لە ماوەیەکی کەمدا توانیان شارەکه لە ڕژێمی بەعس ئازاد بکەن .

لە مەسیف و تەقتەق و ڕەواندوز قەرەھەنجیر و ئاغجەلەر و ھەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلک و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور دەستکاری

لە ١٠ی ئازاری ١٩٩١، جەماوەری مەسیف و تەقتەق و ڕەواندوز قەرەھەنجیر و ئاغجەلەر و ھەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلک و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور و سەرجەم ئەو ناوچانە ڕاپەڕین و لە چەند کاتژمێرێکدا ئازادیان کردن، بە جۆرێک کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە سەرەتا کۆڕێ گیراو پاشان مەسیف ئازاد کرا و لە سەعات ١٢ی نیوەڕۆ ھەریر و باتاس ڕاپەڕین و سپیلک و دۆلی بیاو و بێخمە ئازاد کران، لە کۆیە لە ھەمان ڕۆژ جەماوەر و پێشمەرگە بەرەو تەق تەق پێشڕەوی کرد و خەلکی ئەوێش لەم ڕۆژەدا راپەڕین و ئازادیان کرد، ھەر ئەو ڕۆژەش ئۆردوگای بەستۆرەش ئازاد کرا، کە بە دەیان کەس لەو ناوچانە لە پیاوانی ڕژێم کوژران و چەندان پێشمەرگە و ھاووڵاتییانیش شەھید بوون، بۆ وێنە لە شەقلاوە ٣ پێشمەرگە کوژران.

لە ھەولێر دەستکاری

لە ١١ی ئازاری ١٩٩١دا، جەماوەری شاری ھەولێر ھەر لە سپێدەی بەیانییەوە لە گەڕەکەکانی "شۆڕش" و "مەلایان" و "برایەتیی سەرەوە" خلۆر بوونەوە خوارەوە بەرەو بارەگاکانی ڕژێم و لە کاتژمێر ٩ی بەیانی سەرجەم جەماوەر و گەڕەکەکان ڕژانە سەر شەقام و کوچە و کۆڵانەکان و یەکدەست ڕژانە سەر سەرجەم بارەگا و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم، نەخاسمە دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزومەی شیمالی و بنکەکانی پۆلیس و ھتد. کە تا ئێوارە سەرجەم ئەو بارەگایانە کۆنتڕۆڵ کران، تەنھا لە دایەرەی ئەمن و مەنزومەی شیمالی بەرگرییەکی سەختیان کرد، بۆیە کوژراوێکی زۆریان لێ کەوتەوە و ھەندێک لەوانەی لەوێ گیران لەلایەن خەشمی جەماوەر گوللەباران کران. ھاوکات لە ھەمان ڕۆژ راپەرین لە سەرجەم ئۆردوگا و ناوچەکانی دەوربەری ھەولێریش گڕی گرتبوو، بۆ وێنە لەلای سەرەوە ھێزی پێشمەرگە و جەماوەر پێبەپێ لە دێگەڵەڕا پێدا ھات کە ھەموو بان و بەزراییەکانی سوپا و پادگاکانی ڕژێمی پاک کردەوە تا دەگاتە کەسنەزان، بۆیە کەسنەزان و بنەسڵاوە بەبێ شەڕ تەسلیم بوون و لە دارەتووش بە نیوکاتژمێر ناوەندی پۆلیس گیرا. لەوێ شەھید درا و ڕژێمیش کوژراوی ھەبوو، ئۆردوگاکانی قوشتەپە و شاوێس و پیرزین و مەلا ئۆمەریش ھەر زوو ئازاد کران، پاشان ھاوکات ئۆردوگاکانی جدیدەو تۆبزاواش ڕاپەڕین و دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ ئازاد کران بە خوێنی چەند ھاووڵاتییەک و کوژرانی زۆرێک لە پیاوانی ڕژێم و لە ھەمان کاتدا ئۆردوگای خەبات ھەڵیانکوتایە سەر بازگەی ئاسکی کەلەک و ھەر زوو کۆنتڕۆڵی کرد و دواتر ئۆردوگاکانی کەورگۆسک و بەحرکە و بەرحوشتر پشتاو بوون بێ شەڕ ئازاد کران و سوپای ناوچەکە خۆیان بە دەستەوە دا، لەلایەکی ترەوە بۆ ئێوارەی ھەمان ڕۆژ فەیلەقی ٥ی سەربازگەی ھەولێر کۆنتڕۆل کرا. بۆ بەیانیی ١٢ی ئازار پادگاکانی سەر بەرزاییەکانی ڕەشکین و کانی قڕژالە و ڕێی گوێر و مەخموور گیران و خۆیان تەسلیمی گەل کرد و بە دەیان ھەزار سەربازیش لەوانەی پارێزگاری ھەولێر و سەربازگەکانی سەر و کەشۆڕ دەبوونەوە و بەرەو موسڵ و کەرکوک دەچوون بێ ئەوەی لەلایەن خەڵک و پێشمەرگە بگیرێن و بکوژرێن بەڵکو نان دەدران.

لە جەلەولا و مەخمور و ئاکرێ و خانەقین و شێخان دەستکاری

لە ١٢ی ئازاری ١٩٩١دا، جەماوەری جەلەولا ڕاپەرین تا ئێوارە ناو شاری جەلەولا و دەوروبەریان ئازاد کرد. بەڵام دواتر ڕژێم لە ھەوا و لە زەمین بە چەکی قورس تۆپبارانی کردن، بۆیە چەندان ھاوولاتی لەوێ شەھید بوون و ڕژێمیش زیانێکی زۆری ماددی و مەعنەویی لێ کەوت. لەلایەکی ترەوە ھەر ھەمان ڕۆژ قەزای مەخمووریش لە خوارووی ھەولێر ئازاد کرا و لە ڕێگای مووسڵیش لافاوی جەماوەر لە زێی کەلەک پەڕبیەوە بادینان. بۆیە ھەر ئەو ڕۆژە ئاکرێ و ناحیەی بجیل و سورچیایەتی و بەردەرەش و دینارەتی زێبار تا دەگاتە شێخان و سەرزێی خازر ئازاد کران و ھەمان ڕۆژیش خانەقین ئازاد کرا.

لە زاخۆ و پردێ و جەبارە و کۆڵەجۆ دەستکاری

لە ١٣ی ئازاری ١٩٩١دا، لەوسەری سنورەوە جەماوەری زاخۆ و دەروبەری ڕاپەڕین. سەرەنجام ناو شاری زاخۆ و کۆمەڵگای ھیزاوە و دەرکار عەجەم ئازاد کران و ڕاپەرین گەیشتە دەشتی سلێڤان و چیای بێ خێر و ژوێ ئازاد کران و پشتی ھەنگی رەخێ سۆرا لە سنوری کەرکووک شارۆچکەی پردێ ئازاد کرا و لەگەرمیانیش کەلار و ناحیەی جەبارە و کوڵەجۆ ئازاد کران.

لە دھۆک دەستکاری

لە ١٤ی ئازاری ١٩٩١دا، لەگەڵ گەردی بەیانی جەماوەری دھۆک لە گەڕەکی بەرۆشکێی لای سەرەوە سەریان ھەڵدا و بە تێکڕا دەوری دائیرەی ئەمن و ئیستخبارات و پۆلیس و ئالیات و لیوا و فرقەی حزبییان دا و ھێرشیان کردە سەر؛ تا نیوەڕۆ ھەموویان گیران. جگە لە ئەمنخانە نەبێ کە شەڕی مان و نەمانیان کرد، بۆیە زۆربەیان کوژران، دواتر لیواکەش تەسلیم بوو، بەمەیش ناوچەکانی زاوێتە و مانگێش و باگێرا و سەرسەنگ و ئەنیشک و بامەڕنێ و دێرەلوک و ئامێدی و سیریێ و شێلادزێ و باتوفە و بێ گۆڤا و ھتد پشتاوپشت بوون، بۆ ڕۆژانی دواتر دوینا میکییەن ناوچەکانیتر کۆنتڕۆڵ کران تا دەگاتە کانی ماسی و ناوچەی بەروای بالا و ریِکان بۆیە پایەگاکانی سەر چیاکانی گاراومەتین و چیای شیرین و چیای فاتێ و چیای بارزان و چیای بامەڕنێ بۆ خۆیان تەسلیم بوون.

سەرچاوەکان دەستکاری