ڕابوونی ئەرتوغرول (بە تورکی: Diriliş: Ertuğrul) زنجیرەیەکی تورکیی مێژوویی خەیاڵییە، لە نووسینی محەممەد بۆزداغ و دەرھێنانی مەتین گونایە، ئەنجین ئاڵتن گوزیەتان ڕۆڵی ئەرتوغرولی بینیوە، زنجیرەکە باس لە ژیانی باوکی عوسمانی دامەزرێنەری دەوڵەتی عوسمانی؛ ئەرتوغرولی کوڕی شاە سلیمانی دەکات، دەنگدانەوەیەکی جیھانی ھەبووە، بەتایبەتی لە ناوخۆی تورکیا و جیھانی عەرەبی، ھەفتانە لە پێشەوەی ھەموو زنجیرەکانی تورکیا بووە، ساڵی ٢٠١٤ لە کەناڵی TRT1 یەکەمین وەرزی لێ پەخش کراوە و ساڵی ٢٠١٩ وەرزی پێنجەمی لێ دراوە، کە کۆتا وەرز بووە، بە ھەر ھەموویان ١٥٠ ئەڵقەی دوو کاتژمێری لەخۆ دەگرن، وەرگێڕدراوەتە سەر دەیان زمان، لەوانە کوردی و عەرەبیش، کەناڵی ئاسمانیی ئاڤا بە شێوەزاری کرمانجی سەروو پەخشی دەکات، بە گوێرەی دەزگای ئەنادۆڵ بینینی ھەموو ئەڵقەکان بە ھەموو زمانەکان ٣ ملیاری تێ پەڕاندووە، پەخشی ئاسمانیی ھەر ئەڵقەیەک بە زمانی تورکی زیاتر لە ١٠ ملیۆن بینەری ھەبووە، لە یووتیووب تەنیا ئەڵقەی یەکەم و کۆتایی بە زمانی تورکی ١٦ ملیۆن جار زیاتر سەیر کراون.

سەرگوزەشتەی زنجیرەکە دەستکاری

سەرچاوەی مێژوویی لە بارەی ژیاننامەی ئەرتوغرولەوە زۆر کەمن، تەواوی ژیانی چەند لاپەڕەیەک زیاتر بەردەست نییە، زنجیرەکە تەنیا کەسایەتییە سەرەکییەکان و ھەندێک ڕووداوی زۆر سەرەکیی لە مێژووەوە وەرگرتووە، گشت ڕووداوەکانی تری زنجیرەکە زادەی بیری نووسەر و دەرھێنەری زنجیرەکەن، ئەرتوغرول سەر بە ھۆزی کایییەکانە، ھۆزێکە لە کۆی چەندین ھۆزی تورکە ئۆغۆزەکان، لەبەر ھێرشی مەغۆلەکان بۆسەر ئەنادۆڵ ڕوو لە شاری حەلەب دەکەن لە شام، کە ئەوکات لەژێر دەسەڵاتی ئەییووبییەکان بووە، لە وەرزی یەکەم باس لە بەسەرھاتی ئەو کۆچە دەکات بۆ حەلەب و ئەو بەربەستانەی تووشی ھۆزی کایییەکان دەبن، لە ھەمان کاتدا سوارچاکانی پەرستگە ئامادەکاری دەکەن بۆ دووبارە گرتنەوەی شاری قودس، سیخوڕەکانیان بە ھەموو جومگەکانی دەوڵەتی سەلجووقی و ئەییووبیدا بڵاو کردووەتەوە، لێرەوە ڕۆڵی ئەرتوغرول دەردەکەوێت بۆ ئاشتکردنەوەی دەوڵەتی سەلجووقی و ئەییووبی و بەرەنگاربوونەوەی سوارچاکانی پەرستگە، کە ھەوڵی ئەوە دەدەن ھەر دوو دەوڵەتەکە بەجەنگ بھێنن، دواتر وەرز وەرز تەوەرەی بەسەرھاتەکان دەگۆڕێن، لە بەرەنگاربوونەوەی مەغۆلەکان و گرتنی کۆمەڵێک ناوچەی دەوڵەتی بێزەنتییەکان دەسووڕێنەوە.

پەیامی زنجیرەکە دەستکاری

زنجیرەکە جیاواز لە زنجیرە تورکییەکانی تر لەپێناو زیندووکردنەوەی ڕۆحی خەلافەتی عوسمانی بەرھەم ھێنراوە، ھەڵبەتە بەو شێوەیەی حکوومەتی ئێستای تورکیا دەیخوازێت، زنجیرەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەردۆغان و حیزبەکەیەوە پاڵپشتیی دارایی و جەماوەری دەکرێت، لە چەندین کۆبوونەوەی جەماوەریدا باسی زنجیرەکەی کردووە و پیاھەڵدانی بۆ کردووە. خەڵاتی دەرھێنەر وئەکتەرەکانی زنجیرەکەی کردووە، زنجیرەکە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرە بە ڕۆحی ئیسلامی دەدات تێدایە، ھەروەھا ھەڵگری زۆر پەیامی ئیسلامیشە و بانگەشەیان بۆ دەکات، چەندین دیمەنی ئامۆژگاری و وتاری ئایینی و سۆفیگەری و نوێژ و فتووحات لەخۆ دەگرێت، زنجیرەکە چەندین بەسەرھاتی دڵداریی لەخۆی گرتووە، بەڵام سەرلەبەری زنجیرەکە ھیچ دیمەنێکی نەشیاوی تێدا نییە و بۆ ھەموو تەمەنەکان دەگونجێت، ھەروەھا وەک زنجیرە تورکییەکانی تر ھەڵگری ھیچ پەیامێکی ناپاکیی ھاوسەرگیری و بەدڕەوشتی نییە.

کورد لە زنجیرەکەدا دەستکاری

وەکو کورد لە ھەندێک شوێنی زنجیرەکە ناویان ھاتووە، ھەرچەندە عەرەبەکانیش زۆر بەدەگمەن ڕۆڵیان باس کراوە لە زنجیرەکەدا، ئەگەرچی ڕۆڵێکی دیاریان ھەبووە لەو سەردەمەدا لە ناوچەکەدا، بەڵام باسی ئەییووبییەکان کراوە، لە زۆر شوێندا و لەسەر زاری ئیبن عەربیی مامۆستای ئەرتوغرول بە شان و باڵی سەلاحەددینی ئەییووبیدا گوتراوە، بەڵام لە ھەمان کاتدا کاتێک ئەرتوغرول سەردانی حەلەبی پایتەخی دەوڵەتی ئەییووبی دەکات؛ وێنای میری دەوڵەتیان زۆر لاواز نیشان داوە، میرێکە لە دەوڵەتەکەی بێئاگایە، ھەر خەریکی کەنیزەکەکانییەتی، تەنانەت پیاوی دەستەڕاستیشی سیخوڕی سوارچاکانی پەرستگەیە، خاڵی میر یەکێکە لە وەزیرە باڵاکانی دەوڵەتەکەی، تورکمانە، بە پیاوی زۆر چاک نیشانی دەدات، لە کۆتایی بەسەرھاتی حەلەبدا چاکەکە ھەمووی دەچێتەوە سەر ئەرتوغرول و ئەو میری دەوڵەتی ئەییووبی لە خەوی بێئاگایی ھەڵدەستێنێتەوە، ئەم بەسەرھاتانە ھیچ سەرچاوەیەکی مێژووییان لەسەر نییە و دروستکراوی نووسەر و دەرھێنەری زنجیرەکەن. کە بەداخەوە کەمێک تورکایەتی لە زنجیرەکەیدا دەبینرێت، کە خۆی پێویست بوو زنجیرەکە بێلایەن بووبا.

سەرچاوەکان دەستکاری