لە فەلسەفەدا، چۆنێتی یەکێک لە وتەزاکانە؛ عەرەزێکە کە بۆ دابەشکردن و پێکگرتن و ھاوتاھێنانەوە ناشێ و، پێبڕانی نەبەسراوە بە پێبڕانی شتی دیکەوە. وەک سپێتی و ڕەشی و گەرمی و ساردی و خەفەت و شادی و زانین و شەرم و لەمانە. بۆ وێنە ناشێ بوترێ خەفەتەکەی من ھاوتا و ھاوسەنگی خەفەتی فڵانە کەسە، چونکە خەفەت شتێ نییە کە شیاوی پێکگرتن و وێکھاتنەوە بێ. ھەروەھا  ناکرێ بوترێ خەفەتێ کە لەم کارەساتە بە من گەیشت سێ ئەوەندەی خەفەتی کارەساتەکەی پارەکەم بوو، چونکە بۆ نموونە کە دەڵێن درێژیی پارچەھێڵی AB سێ ئەوەندەی درێژیی پارچەھێڵی CDیە، یانی CD سێ جار لە ABدا جێی دەبێتەوە و، ئاشکرایە کە خەفەت شیاوی جێکردنەوە نییە. ھەروەھا ناکرێ سپێتییەک لەگەڵ سپێتییەکی تردا بە ھاوسەنگ یا لاسەنگ (یەکسان یان کەمتر و زۆرتر) بزانرێ، بەڵکوو دەبێ بوترێ لێک دەچن یان ئەویان توندترە یان ئەمیان کزترە. ھەروەھا دەبێ سەرنج بدرێ کە ڕاستە گەرمی بە گەرمیپێو دەپێورێت، بەڵام، ئەمە نایخانە ناو پۆلی چەندێتییەکانەوە، لەبەر ئەوەی کە گەرمی لە زاتی خۆیدا ھێژای ھاوتاھێنانەوە نییە و ناتوانرێ ڕاستەوخۆ بپێورێت، ئەوەی دەپێورێت لە ڕاستیدا بەرزیی ستوونێکی جیوەیە کە گەرمی بۆتە ھۆی ھەڵچوونی؛ دیارە کە بەرزی -ش خۆی دەچێتە ناو پۆل یان کاتەگۆریی چەندێتییەوە و کاتێ دەوترێ گەرمای ئەم دیوە دوو ھێندەی گەرمای ئەو دیوەکەی ترە، مەبەس ئەوەیە کە بەرزیی ستوونی جیوەی گەرمیپێو لەم دیوە دوو ھێندەی بەرزیی ستوونی جیوەی ھەمان گەرمیپێوە لە دیوەکەی تردا.[١]

چۆنێتییە سەرەکییەکان و چۆنێتییە لاوەکییەکان دەستکاری

بە لای ھزرڤانانی سەدەکانی ناوەڕاستەوە، چۆنێتییە سەرەکییەکان گەرما و سەرما و وشکی و تەڕی بوون. چۆنێتییە لاوەکییەکانیش ئەوانە بوون کە لە چۆنێتییە سەرەکییەکان دروست دەبوون.

لە ڕوانگەی ھزرڤانانی نوێترەوە، چۆنێتییە سەرەکییەکان بریتین لە تایبەتمەندییە ئەندازەیی و میکانیکییەکان کە شتەکان پیان دەناسرێن، وەکوو ڕەقی و بەرفرەیی و شێوە و ژمارە و جووڵەیان. بەڵام، چۆنێتییە لاوەکییەکان بریتین لەو تایبەتمەندییانەی کەوا بەر ھەستی مرۆڤ دەکەون، وەکوو ڕەنگ و دەنگ و تام و بۆن و گەرمی و ساردی.

چۆنێتییە سەرەکییەکان جیابوونەوە لە ماددە ھەڵناگرن و بوونیان نەبەستراوە بە بوونی دەرکپێکەر یا ڕوانەرەوە. پێزانین و دەرکپێکردنیشیان ئۆبژەکتیڤ و دەرەکییە. لە کاتێکدا کە، چۆنێتییە لاوەکییەکان دەشێت لە شتە ماددییەکان جیا بکرێنەوە و بوونیان لە شتەکەدا جیاوازە لە بوونیان لە زەینی دەرکپێکەر یا ڕوانەردا.[٢] [٣]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ خوانساری, محمد (1398). منطق صوری. نشر دیدار. p. 150.
  2. ^ صليبا, جميل; صانعى دره بيدى, منوچهر. فرهنگ فلسفی. p. 541.
  3. ^ "فرهنگ فلسفى - جميل صليبا- منوچهر صانعى دره بيدى - کتابخانه مدرسه فقاهت". lib.eshia.ir (بە فارسی). Retrieved 2023-06-28.