پەیژەی پێویستی-ی ماسلۆ

«پەیژەی پێویستی»‌‌ - ی ماسلۆ Maslow's hierarchy of needs

«پەیژەی پێویستی»‌‌ی ماسلۆ

سازمانگەری بۆ پەی بردن بە ڕەفتاری مرۆڤ لە سازماندا و بۆ دۆزینەوەی شێوازی کاریگەری تاودان و ھاندان، تۆژینەوە لە «پێویستیی مرۆڤ» دەکات. لەم بوارەدا دەروونناسی ئەمەریکایی، ماسلۆ (Abraham Harold Maslow (1908–1970، لە گۆشەنیگای دەروونناسانەوە لە پێویستییەکانی مرۆڤ ورد دەبێتەوە و لە پەیژەیەکی پێنج پلەدا پێشانیان دەدات.[١] ماسلۆ بەم تیۆرییەی خۆی ڕێچکەیەکی نوێی لە بواری ڕەفتارناسیدا دامەزراند و بە کتێبی (Motivation and Personality (1954 بنەماکانی ئەم ڕێچکەیە ڕوون دەکاتەوە. ماسلۆ دەڵێ مرۆڤ ھەر ئەوە نییە بەرانبەر دەوروبەر بەرتەک (کاردانەوە) ی ھەبێت، مرۆڤ ویستێکی بەھێزی ھەیە بۆ «خۆڕاستاندن» و ئەم ویستەیە دەبێتە ھۆکاری ھەرە گرینگی فراژووتن. ئەم «خۆڕاستاندن» Self-Actualizationـەش بەشی ھەرە باڵای پێویستییەکانی مرۆڤە. ھەتا دەگاتە ئەو ئاستە دەبێ پێویستیی دیکە دابین بکات.

ماسلۆ دەڵێ ھەموو مرۆڤێک پێنج جۆر پێویستیی بنەڕەتی ھەیە و ئەم پێویستییانە لە پێنج ئاستی جیاوازدا و بە شێوەیەکی ھەرەمکار شیرازەیان بەستوە. ھەتا پێویستیی ئاستی یەکەم تێر نەبێ، مرۆڤ ڕوو لە پێویستیی ئاستی دووەم نانێ. ئەم مۆدێلەی ماسلۆ پێی دەگوترێ «پەیژەی پێویستیی ماسلۆ» Maslow's Hierarchy of Needs. مرۆڤ کاتێک پلەیەکی ئەم پەیژەیە دەبڕێ، جۆرە پێویستییەک تێر دەکات و ھێزی دنەدان تێیدا ھانی دەدات بۆ سەرکەوتن بەسەر پلەی دووەمی پەیژەکەدا، بۆ تێر کردنی پێویستیی ئاستی بەرزتر و بۆ گەشە کردن. کەواتە پێویستیی خرۆشاو (دابیننەکراو) و تێرنەکراوە دەبێتە ھێزی ھاندەر لە مرۆڤدا و تاو دەداتە ڕەفتاری. ئەم ھێزی ھاندانەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە و لە ئاستێکەوە بۆ ئاستێکی دیکە، جیاوازە.

پەیژەی پێویستی دەستکاری

پێنج ئاستی «پەیژەی پێویستیی ماسلۆ» بریتین لە:


«پێویستیی فیزیۆلۆژی» Physiological Needs دەستکاری

بریتییە لە پێویستیی یەکەمی ھەرە بنەڕەتی. ئەمەیان «پێویستیی خۆڕسک» ـە. ئێمەی مرۆڤ بۆ ژیان پێویستمان بە ھەوا، بە خۆراک و خەوە. بۆ زاوزێ پێویستمان بە سێکسە. پێویستیی بنەڕەتی دەبێ دابین بن دەنا مرۆڤ ورەی ھەوڵدانی بەرەو سەرتر نابێ. مرۆڤ لە ژینگەی پیسدا، لە تینوەتی و برسێتیدا نای پەرژێتە گەشەی ژیان. جڤاتێک نەتوانێ پێویستیی زایەند چارە بکات، ناتوانێ ڕوو لە ھەوراز بنێت.

گەر سەرنج بگریت لێت ئاشکرا دەبێ چۆن دەسەڵاتی ژیر و دڵسۆز پەرۆشی ژینگە و دابین کردنی خۆراکە، چۆن زەمینە بۆ ھاوژینی دەڕەخسێنێت. دەسەڵاتی بێباک و نەیاریش چۆن ژینگە ژەھرباران دەکات، دەست بەسەر بازاڕی خۆراک و سێکسدا دەگرێ بۆ کۆنترۆڵ کردنی میللەت.


«پێویستیی ئاسوودەیی» Safety Needs دەستکاری

بریتییە لەوەی مرۆڤ پێویستی بە ئاسوودەیی ھەیە، بۆ خۆی و کەسانی نێزیک خۆی. ئاژاوە و پەشێوەی دەبنە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ. مرۆڤ پێویستی بە ڕزگاربوونە لە ترس و لە ئاژاوە، پێویستی بە ئارامی و ئەمانە، دەنا ناتوانێ بەرەو ھەورازتر ھەڵکشێ و ڕوو لە دابین کردنی پێویستیی باڵاتر بنێت. لە بارودۆخی ئارامدا، ئاسوودەیی دابینە و ئەوجا دەرفەت ھەیە بۆ گەشە و سەرکەوتن. جڤاتێک لە ژێر چەپۆکی ترس و ھەڕەشەدا بێ گەشە ناکات. دەسەڵاتی توانا و دڵسۆز ھەرگیز خۆی ناکاتە دێوزمەی ترسناک و ستەمکار، چونکە دەزانێت کۆمەڵگە لە ژینگەی ترس و ھەڕەشەدا دەپووکێتەوە. ئەوە ویست و کاری دەسەڵاتێکە دەستچێنی دوژمن نەک خۆماڵی و خۆفەرمان.


«پێویستیی پەیوەندی» Belonging Needs دەستکاری

ئەمیان «پێویستیی جڤاکی»‌‌ـیە. ئێمەی مرۆڤ پێویستمان بە ھۆگری و پەیوەندیی جڤاکی ھەیە. دەمانەوێت بەشێک بین لە دەستە، لە سازمان و پەیوەست. دەمانەوێ وەک تاکەکەس جێگەمان لە نێو جڤاتدا سەلمێنراو بێت و پەیوەندیی ھەستەکیمان بە دەوروبەرەوە ھەبێت. پێویستمان بە دۆستایەتی، بە سۆز و ئەڤینە. ماسلۆ خۆی ئەم پێویستییە ناو دەنێ «پێویستیی ئەڤین» Love Needs گەر ئەم پێویستییە دابین بوو، ئەوجا چیدی ھەوڵدان بۆ جێ گرتن و ئەندامەتی لە دەستە و گرووپدا گڕی نامێنێ. ئەوسا مرۆڤ بڵندتر دەڕوانێ.

کەواتە ڕێبەرایەتیی کارا دەبێ زەمینە بۆ دابین کردنی پێویستیی جڤاکی بڕەخسێنێ، دەنا بەھرەی ئەندامانی سازمان - لێرەدا دەکاتەوە ھاوزێدان - لە بازنەی ئەم پێویستییەدا پەنگ دەخوات و سەرلەبەری میللەت لە کاروانی مێژوو دادەبڕێت. دەمێنێتەوە میللەتێکی ژیاربەدەر.


«پێویستیی پێزانین» Esteem Needs دەستکاری

بریتییە لەوەی مرۆڤ پێی خۆشە دەوروبەر ئافەرینی لێ بکات، لێسەلمێنراو بێت، ببێتە خاوەن پێگە. ئێمەی مرۆڤ پێمان خۆشە ھەم خۆمان لە کاروباری خۆمان ڕازی بین و ھەم دەوروبەر بە چاوی ڕێزەوە لێمان بڕوانێت، سەنگی خۆمان و گرینگیی بەرھەممان ببینێت. گەر ئەم پێویستییە دابین نەبێ مرۆڤ ھەست بە بچووکی و سەرکزی دەکات. گەر دابین بوو شاناز دەبێ و بە پەیژەدا بەرەو ئاستی بەرزتر ھەڵدەکشێت.

بڕوانە سیستەمی خوێندن و ڕێسای گەشە کردن لە بواری کار و پێگەی فەرمانبەری و فەرمانداریدا. بەراوردی دوو وەڵات بکە یەکیان سیستەمی ڕوون، ڕێسای ئاشکرا و پێوەری دادپەروەری ھەیە، مرۆڤ بەگوێرەی بەھرە، ھەوڵ و کۆشەش‌ تێیدا گەشە دەکات. وەڵاتێکی دیکەش تاکە پێوەر تێیدا خزمایەتی و خزمەتکارییە بۆ سەرۆک و دەسەڵاتداران، ھۆگریی و لایەنگریی حیزبییە. دەرھاویشتەی ئەو دوو سیستەمە تەواو ئاشکرایە‌.


«پێویستیی خۆڕاستاندن» Self-Actualization Needs دەستکاری

خۆڕاستاندن بریتییە لەوەی مرۆڤ دەرفەتی ھەبێت ئەوپەڕی توانا و بەھرەی خۆی پیادە بکات و لێیان سوودمەند بێ. مرۆڤ دەیھەوێت ببێتە خاوەن ئەزموونی خۆی. خولیای خۆی بڕاستێنێ و بگاتە ئامانج. ئەم پێویستییەی «خۆڕاستاندن» لای ھەر مرۆڤێک بە جۆرێک دەر دەکەوێت، ھەیە دەیھەوێت ببێ بە ھونەرمەند، ھەیە ھەوڵی زانست دەدات. بەڵام ئەم خولیایە نابێتە ھاندەری سەرەکی ھەتا پێویستییەکانی ژێرتر دابین نەبن. ماسلۆ جەختیش دەکات لەسەر ئەوەی دەرفەتی گەیشتن بە دابین کردنی پێویستیی خۆڕاستاندن بۆ زۆرربەی مرۆڤ گەلێک سەختە چونکە ھەلومەرجی فەراھەم نییە مەگەر لە چێوەیەکی بەرتەسکدا. بۆچوونەکانی ماسلۆ و «پەیژەی پێویستی» ھەم یاوەریان زۆر بوو، ھەم نەیار و ڕەخنەگر. تۆژینەوەی (Motivationsteori som verktyg för styrning och kontroll (2007 دەڵێ دیدی ماسلۆ جەختی تەنھا لەسەر فەرھەنگی ڕۆژاوا و تەنھا لەسەر پیاوە، نە میللەتانی دیکە ڕەچاو دەگرێ نە خواست و خولیای ژنانە. وێڕای ڕەخنە و دیدی جیاواز، بەگشتی مۆدێلی ماسلۆ و دەرکی پێویستییەکانی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ڕەفتاری ھەرە باش لە سازماندا، بەردەوام جێی سەرنج و دیڤچوونن.[٢]


پەراوێز دەستکاری

  1. ^ Bakka, Jørgen F. & Fivelsdal, Egil & Lindkvist, Lars. Organisationsteori: Struktur - Kultur - Processer. Liber (1999): 163.
  2. ^ Ahl, Helen. Motivationsteori som verktyg för styrning och kontroll. Studies in Educational Policy and Educational Philosophy: E-tidskrift, 2007:2. www.upi.artisan.se.


سەرچاوە دەستکاری

Psykologilexikon

«سازمانگەری»

به‌سته‌ری ده‌ره‌کی‌ دەستکاری

(Theory of Human Motivation. A. H. Maslow (1943