پیم فۆرتاین (ناوی تەواوی: Wilhelmus Simon Petrus Fortuyn، ١٩ی شوباتی ١٩٤٨٦ی ئایاری ٢٠٠٢) سیاسەتمەدار و پسپۆڕی بواری کۆمەڵایەتی و نووسەر و ستوون نووسی ھۆلەندی بوو، پلەی دکتۆرای لە زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا ھێنابوو و لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠- ١٩٩٥ مامۆستا بوو لە زانکۆی ئیراسموس (Erasmus Universiteit) لە شاری رۆتەردامی ھۆلەند.

پیم فۆرتاین

ژیانی سیاسی دەستکاری

فۆرتاین ھەتا ساڵی ١٩٨٩ ئەندامێکی چالاک بوو لە پارتی کرێکارانی ھۆلەند (PvdA) لەپاشاندا ئەو پارتەی بەجێھێشت و رۆیشتە نێو پارتی ئازادی گەلیی دیموکراسی (VVD) بەڵام لە پاشاندا لەو پارتەش نەما و ساڵی ٢٠٠٢ بەرلەوەی ھەڵبژاردنەکانی ھۆڵەندا لەو ساڵە ئەنجام بدرێت و بەرلەوەی بکوژرێت بۆخۆی سەربەخۆ لیستێکی سیاسی بە ناوی لیستی فۆرتاینی ڕاگەیاند.

بۆچوونەکانی ئەو لەمەڕ ئیسلام و سیاسەتی حکوومەت بەرامبەر بە بێگانەکان و لەوەش زیاتر شێوازی خۆی لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی وڵاتدا بوونە ھۆی ئەوەی کە زۆر لە نەیارەکانی مۆرکی پۆپۆلیستی بەسەردا بدەن.

فۆرتاین کەسێکی نێرباز (ھۆمۆسیکسی) بوو، ئەو ڕاشکاوانە باسی ئەوەی دەکرد و نەیدەشاردەوە، شێوازی بەڕیوەبردنی کۆڕ و سێمینار و مێزگردەکانی کە ھەندێک جار ئەگرەسیفانە و شەڕفرۆشانە بوون، سەرنجی زۆر کەسی بۆلای خۆی ڕاکیشابوو، نووسین و گوتارەکان و مێزگردەکانی ھێندە زۆرن بە تایبەت کتێبەکەی خۆی بە ناوی «دژ بە ئیسلام کردنی چاندەکەمان» (Tegen de Islamisering van onze Cultuur) بوونە ھۆی ئەوەی کە پاش کوژرانی زۆر کەس ھەمان بۆچوونەکانی ھەڵگرنەوە و لەم بارەشەوە ئەم رێبازە زۆر جار بە «شۆڕشی فۆرتاین» یا «فۆرتاینیزم» ناوی دەبرێت.

کوژرانی فۆرتاین دەستکاری

رۆژی ٦ی ئایاری ٢٠٠٢ و تەنیا نۆ رۆژ بەر لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ھۆلەند، ئەو ھەڵبژاردنەی کە فۆرتاین بە لیستی خۆی بەشداری تێدا کردبوو، کاتژمێر دەوروبەری شەشی ئێوارە پاش ئەوەی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ رادیۆیدا ئەنجام دەدات، فۆرتاین دێتە دەرەوە و دەستبەجێ لە لایەن کەسێکی ڕادیکاڵی چەپی چالاكوانی بواری ژینگە دەکوژرێت، رۆژی ١٠ی ھەمان مانگ لە ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆدا فۆرتاین لە ھەمان شوێنی لەدایک بوونی خۆی ناژرا، بەڵام لە ٢٠ی تەمموزی ھەمان ساڵدا دیسان لاشەکەی فۆرتاین لە ئیتالیا لە ھەمان ئەو شوێنەی کە خۆی خانویەکی بۆ پشوودان تێدا کڕیبوو بە ناوی Provesano بەخاک سپێردرایەوە. بکوژەکەی پیم فۆرتاین چەند خولەکیکی کەم پاش ئەنجامدانی کارەکەی لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کرا، لە دادگادا ڕاشکاوانە دانی بە تاوانەکەی خۆی نا و ھۆکاری کوشتنەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە فۆرتاین ھەڕەشە بووە بۆسەر کۆمەڵگا بەتایبەت بۆسەر ھەندێک لە چینەکانی کۆمەڵگا وەک موسڵمانەکان و پەنابەرەکان و ئەوانەی کە مانگانە پارە لە شارەوانی وەردەگرن بۆ بژیوی خۆیان و لە ساڵی ٢٠٠٣ لە لایەن دادگاوە بە ھەژدە ساڵ زیندان حوکمدرا.