پڵاو، پڵەو، پیلاڤ، پراو، برێنجینە، بەرزە[١] بە شێوەیەک لە کوڵاندنی برنج دەگۆترێت کە لە خواردنەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوینە و لە چێشتی کوردی، ئێرانی، پاکستانی، ئەفغانستانی، ئازەربایجانی، تورکی، عەرەبی، ئەرمەنی، … زۆر بابە. پڵاو لە سەرەتاوە لە وڵاتی ھند داھێنراوە و بە ھەموو شوێنی جیھاندا ناساندراوە. بۆیە پڵاو ئێستاکە چێشتێکی جیھانییە و جگە لە ھند و ڕۆژھەڵاتی ناوین لە ھەموو شوێنی جیھاندا دەکۆڵێندرێت.

پڵاو لەگەڵ چڵاو جیاوازە. چڵاو برنجێکی کوڵاوی بێ تێکەڵاوییە، بەڵام پڵاو بە برنجێک دەگۆترێت کە وێڕای خواردنەکانێکی دیکە وەکوو گۆشت، سەوزە، دانەوێڵە، وشکەبار، میوەکان، ئەدوا و … دەکوڵێندرێت و دەتوانێن بە دوو شێوەی مەکەش (کەتە)یان پاڵێوراو بەرھەم بھێنرێت.

لە چێشتی کوردی چەندین جۆر پڵاو وەکوو سێف پڵاو، ئەسەمۆڵی پڵاو، نیسک پڵاو و … دەکوڵێندرێت.

وشەڕەت دەستکاری

وشەی پڵاو یان پیلاڤ لە زمانە دراڤیدییەکان ھاتووە. لە زمانی تامیلیی نوێ وشەی پوڵوککو (puḷukku) بە واتای چێشتی کوڵاو یان نێوەکوڵاو بە جێ ماوەتەوە. ھەروەھا لەو زمانە دراڤیدییە نوێیە بە برنجی کوڵاو پوڵوککال (puḷukkal) دەڵێن. ئەم وشە لە زمانە دراڤیدییە کۆنەکان چووە نێوی زمانی سانسکریتەوە. لەو زمانە بەم جۆرە چێشتە دەڵێن پولاکە (pulāka) لە بە واتای تۆپەڵەی برنجە. لە زمانی ھندیی نوێ بە چێشتی برنج و گۆشت دەڵێن پولاڤ (pulāv). ئەم وشە لە زمانی فارسی بووە بە پولەو (pulaw). وشەکە لە زمانی ئینگلیزیی بەریتانی و ئینگلیزیی گەلانی کۆمۆنوێلت بووە بە پیلەو (pilau) و لە ئینگلیزیی باکووری ئەمریکا بووە بە پیلاف (pilaf). لە زمانی تورکی ئەم وشە بووە بە پیلاڤ (pilav).[٢]

لە زمانی کوردییش لە شێوەزارەکانی جۆراوجۆری کوردی وشەی پڵاو، پڵەو، پیلاڤ، پراو بە کار دەچێت کە ڕێشەی ھەموویان ھەڵدەگەڕێتەوە بە زمانە دراڤیدییەکانی باشووری ھیندستان کە لە ڕێگای زمانەکانی دیکە وەکوو فارسی و تورکی ھاتنە نێوی دەوەری وشەکانی زمانی کوردییەوە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ فەرھەنگی زانکۆی کوردستان (فارسی-کوردی)، بە سەرپەرشتیی ماجید مەردۆخ ڕۆحانی، سنە: زانکۆی کوردستان، ٢٠٠٦: پ ٥٣١.
  2. ^ Concise Oxford English Dictionary: Luxury Edition, By Angus Stevenson, 2011, Page 1086.