پرسی گێتیە (Gettier problem) ناوی پرسێکە لە مەعریفەتناسی‌ی نوێدا کە لە نموونە ھەڵوەشێنەرە دۆزراوەکان بۆ پێناسکردنی زانین وەکوو باوەڕی دروستی پاساوبۆھێنراو (Justified True Belief - JTB) سەرچاوکەی گرتووە. کێشەکە ناوەکەی خۆی قەرزداری نووسراوەیەکی سێ لاپەڕەیییە کە لە ساڵی ١٩٦٣دا لەلایەن ئێدمۆند گێتیەەوە بڵاوکرایەوە. سەردێڕی نووسراوەکە ئەمە بوو: ئاخۆ باوەڕی دروستی پاساوبۆھێنراو زانینە؟ لەو نووسراوەدا، گەتیەر باسی ئەوە دەکات کە ئیزتەرەم وا نییە.

بۆ ئەوە کە باوەڕێک ببێت بە زانین، چ مەرجگەلێک پێویستە تێربکرێن؟ بۆ ئەوە کە قەزییەیەک وەکوو زانین بژمێردرێت، پێویستە (١) باوەڕبکرێت، (٢) ڕاست و دروست بێت و (٣) خاوەنباوەڕەکە ھۆی باشی ھەبێت بۆ باوەڕەکەی. لە ڕاستیدا، پێناسکردنی "ھۆ" خۆی ئاڵۆز و دژوارە، بەو جۆرە کە ئێمە چاوەڕواندەکەین، ھۆ پێویستە پێوەندیدار و لەسەر بناخەی شتە ڕاستەقینەکان (فاکتەکان) و نەک بەتەنیا باوەڕگەلی ناھزری و ناڕوون بێت. یەکێک لە ڕۆشنترین فیلمنامەکان کە بە مانگا لە کێڵگەدا ناسراوە، ئەو دۆخە نیشاندەدات کە تێیدا ھۆی دەستنیشانکراو بۆ باوەڕێک لە ڕاستەقینەدا ناتەواوە.

مانگا لە کێڵگەدا دەستکاری

وەرزێر فرانکۆ دڵگرانی مانگا خەڵاتکراوەکەی، "دەیزی‌"یە. ڕاستەکەی ئەوەیە، ئەوەندە دڵگران بوو کە کاتێک شیرفرۆشەکە پێی وت کە دەیزی وا لە کێڵگەدا و بەکامەرانییەوە دەلەوەڕێت، وتی بۆ خاترجەمبوون دەبێ بۆخۆی بزانێت. ئەو نەیدەویست تەنیا ٩٩ لە سەد دڵنیا بێت کە دەیزی بێوەیە، دەیویست بتوانێت بڵێت ئەو دەزانێت دەیزی بێوەیە.

وەرزێر فرانکۆ چووە دەرەوە بۆ کێڵگە؛ کە لەپاڵ دەرگەکەدا ڕاوەستابوو، لە دوورەوە، لە پشت چەند دارێکەوە، شێوەیەکی سپی و ڕەشی بینی کە ئەو وەکوو مانگا خۆشەویستەکەی خۆی دیارییکرد. گەڕاوە بۆ لای شیرفرۆشەکە و پێی وت کە ئەو دەزانێت دەیزی لە کێڵگەیە.

ھەتا ئێرە، ئاخۆ وەرزێر فرانکۆ ڕاستەکی ئەوە دەزانێت؟

شیرفرۆشەکە وتی ئەویش پشکنینێکی بۆ دەکات و چوو بەرەو کێڵگە. لەوێدا، ئەو دەیزیی دۆزییەوە کە خەریکی وەنەوزلێدان بوو لە ناو چاڵایییەکدا، لە پشت بنەگیایەکدا، لە دەرگەکەوە بە ئەستەم دیار بوو. ئەویش پارچە کاغەزێکی گەورەی ڕەش و سپیی بینی کە لە ناو دارێکدا وەگیرکەوتبوو!

دەیزی وا لە کێڵگەدا، ئەو جۆرە کە وەرزێر فرانکۆ بیری دەکردەوە.

بەڵام ئایا ئەو بۆی ھەبوو بڵێت بەوە دەزانێت؟

فەیلەسووف، مارتین کۆھێن، کە لە بنەڕەتدا ئەم فیلمنامەیەی شرۆڤەکردووە، دەڵێت کە لە ئاوەھا دۆخێکدا وەرزێرەکە:

  • باوەڕی بوو مانگاکە بێوەیە؛
  • بەڵگەی ھەبوو کە وایە (باوەڕەکەی پاساودراو بوو)؛
  • وە ئەوە ڕاست (دروست) بوو کە مانگاکەی بێوەیە.

بەڵام ڕەنگە ئێمە ھێشتا ھەست بەوە بکەین کە وەرزێرەکە ڕاستەکی ئەوەی نەدەزانی. کێشەی زانین وەکوو باوەڕی دروستی پاساوبۆھێنراو ئالێرەدایە. واتە بۆ زانین ئەو سێ مەرجە پێویستن بەڵام تەواو نین.

نموونە ھەڵوەشێنەرەکانی گەتیەر دەستکاری

نووسراوەکەی گەتیەر بۆ باسکردن لەسەر پێشھاتنی حاڵەتگەلێک لە باوەڕ کە ھەم دروست و ھەم پاساوبۆھێنراون - کەوابوو گشت سێ مەرجەکە بۆ زانین بەجێگەدێنن - بەڵام وەکوو زانینی بێخەوش وەدەرناکەون، لە نموونە ھەڵوەشێنەرەکان کەڵکوەردەگرێت.

گەتیەر باسی دەکات کە نموونە ھەڵوەشێنەرەکانی ئەوە نیشاندەدەن کە پێناسە کلاسیکەکەی زانین وەکوو باوەڕی دروستی پاساوبۆھێنراو ھەڵەیە و کەوابوو شیکارییەکی تێگەیشتەییی جیاواز پێویستە بۆ ئەوەی بەدروستی بکەوێتە شۆن واتای ئەو شتە کە ئێمە پێی دەڵێین "زانین".

گەتیەر لە نووسراوەکەیدا دوو نموونەی ھەڵوەشێنەر دێنێتەوە کە بە "باری ١" و "باری ٢" ناویان لێ دەبات:

باری ١ دەستکاری

ئسمیت داخوازی دامەزران لە کارێکی کردووە، بەڵام باوەڕی وایە کە "کارەکە دەدەن بە جۆنز" و پاساوی ئەو باوەڕەشی ئەوەیە کە: وا بانگەشەدەکرێت. ھەروەھا، باوەڕێکی تری خاوەن پاساوی ھەیە کە "جۆنز لە گیرفانیدا ١٠ سککەی ھەیە". کەوابوو ئسمیت وا دەرەنجامدەگرێت (دەرەنجامەکەشی شیاوی پاساوبۆھێنانەوەیە) کە "ئەو کەسەی کارەکەی پێ دەدەن لە گیرفانیدا ١٠ سککەی ھەیە".

ئەو شتە کە ڕوویدا ئەوە بوو کە کارەکەیان نەدا بە جۆنز؛ بە پێچەوانەوە، دایان بە ئسمیت. ئسمیتیش بەبێ ئەوەی کە ئاگای لێ بێت و بەتەواوەتی بەختەکییانە لە گیرفانیدا ١٠ سککەی ھەبوو. واتە باوەڕەکەی ئسمیت کە "ئەو کەسەی کارەکەی پێ دەدەن لە گیرفانیدا ١٠ سککەی ھەیە" ھەم پاساوی ھەبوو ھەمیش بوو بە ڕاست. بەڵام ئاخۆ ئەو باوەڕە زانین بوو؟ ئەمە وەکوو زانین نایێتە پێشچاو.

باری ٢ دەستکاری

ئسمیت لەو باوەڕەدایە (باوەڕەکەشی پاساوی خۆی ھەیە) کە "جۆنز ئۆتۆمبیلێکی فۆردی ھەیە". کەوابوو ئسمیت (بە چەشنێکی شیاوی پاساوبۆھێنانەوە) دەرەنجامدەگرێت کە "جۆنز ئۆتۆمبیلێکی فۆردی ھەیە، یان براون وا لە سپانیادا"[١] ئەگەرچی ئسمیت ھیچ شتێک سەبارەت بە شوێنی براون نازانێت.

ئەوەی کە ڕاستەقینەیە ئەوەیە کە جۆنز ئۆتۆمبیلی فۆردی نییە، بەڵام یەکسەر بەھەڵکەوت براون ڕاستەکی وا لە سپانیادا. دووبارە لێرەدا ئسمیت باوەڕێکی ھەبوو دروست و پاساودراو کە زانین نەبوو.

پەراوێز دەستکاری

  1. ^ ڕێسایەکمان هەیە لە لۆژیکدا کە دەڵێت: ئەگەر A دروستە، ئەوکات A یان B ژی دروستە.