وردبین یان میتەدۆز یاخود مایکرۆسکۆپ، ئامێرێکە تەنە ورد و بچووکەکان گەورە دەکات، تاوەکوو لێکۆڵینەوە لەسەری ئاسانتر بێت، ھەیانە سادە و ھەیانە گەورە و ئاڵۆز. سادە پێک دێت لە ھاوێنەیەکی گەورەکەر کە بەھۆیەوە وێنەی گەورەکراوی تەنەکان دەبینرێت. بەڵام ئاڵۆز پێک دێت لە ژمارەیەک لە ھاوێنە، کە دابەش دەبن بۆ چەند کۆمەڵەیەک، کۆمەڵی یەکەم ئاراستەکراوە بۆ تەنەکە (لاشەکە) کە وێنەی راستەقینەی تەنەکە دەدات بەدەستەوە، بەڵام کۆمەڵەکەی سەروو؛ وێنەی راستەقینەی تەنەکە گەورە دەکەن کە ھاوێنەکانی کۆمەڵەی یەکەم دایان بەدەستەوە، لەم جۆرەدا لە وردبین وێنەیەکی گەورەترمان دەست دەکەوێت. زانایانی زیندەزانیی پێویستییان بە چاودێریکردن و وردبوونەوەیە لە خانە و پێکھاتەکانی لە رێگەی لێکۆڵینەوەی زیندەوەرانەوە. گەشەپێدانی پێویستیی و ئامرازەکان وا لە زانایان دەکات کە قوڵترین نھێنییەکانی ژیان بدۆزنەوە.

وتارە پێوەندیدارەکان دەستکاری