ناوەندی پێنی کورد (بە کرمانجی: Navenda PEN a Kurd) لقێکی ناوەندی پێنی ناونەتەوەیی بۆ کوردستانە.

مێژوو دەستکاری

بیرۆكەی دامەزراندنی پێنی كورد، لە ساڵی ١٩٨٠ لە لایەن  نووسەری كورد،(حسێن ئەردەم)ەوە كاری بۆكراوە، لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ لە شاری كامبریج لە وڵاتی بەریتانیا، لە كۆنگرەی پێنی جیهانیدا پێشنیاری دروستكردنی ناوەندی پێنی كورد كراوە و لە هەمان كاتیشدا قبوڵ كراوە، لەو كاتەوە تا ئێستا ناوەندی پێنی كورد هەر سێ ساڵ جارێك كۆنگرەی خۆی دەبەستێت و دەستەیەكی نوێ هەڵدەبژێرێ بۆ ئەنجامدانی كارەكانی، لە كۆنگرەی هەشتەمی کە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ٢٠١٣ لە ئامەد بەڕێوەچوو، بڕیاری ئەوە درا كە بنكەی ناوەندی پێنی كورد لە ئامەد بێ.

كۆنگرەی پێنی جیهانی هەموو ساڵێك دەبەسترێ و هەر سێ زمانی(ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیسپانیۆلی) تێیدا زمانی فەرمین.

پەیڕەوپڕۆگرامی پێنی نێونەتەوەیی

بە گوێرەی ئەو بڕیارانەی كە لە كۆنگرەكانی پێنی نێونەتەوەییدا پێشنیار كراون و قبوڵ كراون بریتین لە:

١. وێژە سنوور ناناسێ ‘لە گفتوگۆ سیاسی و نێونەتەوەییەكاندا دەبێ وەكو ئاستێكی بەرز لە نێوان مرۆڤەكاندا بپارێزێت’.

٢. لە هەموو كاتێكدا –بە تایبەتی لە كاتی شەڕ- بەرهەمە هونەرییەكان– وەكو میراتی هەرە بەهاداری مرۆڤایەتی- دەبێ  لە بەرانبەر هێرشە نەتەوەیی و سیاسییەكان بپارێزرێن.

٣. دەبێ ئەندامانی پێن كارتێكەریی خۆیان بەردەوام بۆ ئەوە بەكار بێنن كە لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە نیازی باش و رێزگرتنی یەكتری بەهێز بێت. ئەندامانی پێن دەبێ رێزی هەموو نەژاد و نەتەوەیەك بگرن و رقی لە هیچ كەسێك نەبێت بەهۆی بیروباوەڕ و نەتەوە و نەژاد و زمان، هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی مرۆڤەكان لە جیهاندا بە ئاشتی بژین، هەموو توانای خۆیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكەن.

٤. پێن ئەو هزرەش دەپارێزێت كە دەبێ رامان لە ناو هەر نەتەوەیەكدا و لە ئاستی نێونەتەوەییدا بێ تەگەرە دروست كردن رابگەیەندرێت.

ئەندامانی پێن ئەوە قبوڵ دەكەن كە چ لە وڵات و ئەو كۆمەڵگایەی كە تێیدا دەژین و پارچەیەكن لەوان، چ لە جیهانیشدا لە بەرانبەر هەموو جۆرە چەوساندنەوەكاندا لەسەر مافی رادەڕبڕین بێنەدەنگ.

پێن ئازادی چاپەمەنی دەپارێزێ، ئەوەش رادەگەیەنێت كە لە بەرانبەر هەموو جۆرە سانسۆرێك دەوەستێتەوە لە كاتی ئاشتیدا، پێن ئەوە بە گرنگ دەبینێ كە لە جیهاندا لە لایەنی سیاسیی و ئابوورییەوە و لە ئاستێكی بڵندا ئۆرگانیزە بكرێت و ببێتە شتێكی پێویست كە دەولەت، حكومەت، و دەزگاكانی میری بە ئازادی رەخنەیان لێ بگیرێ. چونكە ئازادی مانای دیسپلینێكی خۆویستە، ئەندامانی پێن خۆیان ئەوە قبوڵ دەكەن كە لەبەرانبەر شێوازە نەرێنیییەكان بوەستنەوە، وەكو ئەو بڵاوكردنەوە درۆییانەی كە لەژێر چەتری دەربڕینی ئازاد بڵاودەبنەوە، یان ئەو ساختەكارییەنی كە وەكو پیلان بۆ وەدەستهێنانی مەرامی سیاسی و تاكەكەسیی بەكار دێن.

٥. ئەندامیەتی لە پێن، بە بێ جیاوازی نەتەوە، زمان، نەژاد، رەنگ و ئایین بۆ هەموو نووسەر، وەرگێڕ، ئیدیتۆر، وەشانگەر، كە بتوانن بۆ ئەو ئامانجانە كار بكەن كراوەیە.

کۆنگرەی ١١یەمینی ناوەندی پێنی کورد لە رۆژانی ٧-٩ حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە شاری ئۆڵدێنبۆرگی وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، لەو کۆنگرەیەدا هەریەک لە ئەنیسا جەعفەری میهر و عومەر فیدان وەکو هاوسەرۆک هەڵبژێردران و دڵشاد خۆشناو بە سکرتێری ناوەندەکە هەڵبژێردران.

ئەندامانی دامەزرێنەر دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری

  • www.pen-kurd.org
  • www.pen-kurd.com