لەیزەر یان لێزەر (بە ئینگلیزی: Laser) (بریتییە لە کورتکراوەی: light amplification by stimulated emission of radiation) بە واتای (بەتینکردنی ڕووناکی بە بەکارھێنانی تیشکدان بە بزوێنەدەرچوون). دەزگایەکە ڕووناکییەکی ھاوباری تاک شەپۆڵی لێوە دەردەچێت، لەیزەر ڕووناکی بەتین دەکات بەھۆی بزوێنەدەرچوونی تیشکدانەوە. دەزگای لەیزەر وزەی کارەبایی یان وزەی ڕووناکی یان وزەی کیمیایی دەگۆڕێت بۆ ڕووناکییەکی ھاوبار، چەند جۆرێکی جیاوازی سەرچاوەی لەیزەری ھەیە، بەڵام ھەموویان کۆمەڵێک ڕوخساری ھاوبەشیان ھەیە، بۆ ھەریەک لە سەرچاوەکان ناوەندی چالاک ھەیە، کاتێک وزەی دەدرێتێ ڕووناکییەکی ھاوبار بەرھەمدەھێنێت، لەوانەیە ناوەندە چالاکەکە ڕەق یان شل یان گاز بێت، پێکھاتەی ناوەندە چالاکەکە درێژیی شەپۆلی ڕووناکی لەیزەر دیاری دەکات.

لەیزەری سەوز (٥٢٠ نانۆمەتر) و شین (٤٤٥ نانۆمەتر) و سوور (٦٣٥ نانۆمەتر).

چۆنیەتیی کارکردن دەستکاری

دەزگای لەیزەر بەم شێوەیە کاردەکات: کاتێک کە ڕووناکییەکی وزە بەرز یان وزەیەکی کارەبایی یان کیمیایی بە ناوەندە چالاکەکەی ناو بۆڕییە شووشەکە دەدرێت، ئەوا گەردیلەکانی ناوەندە چالاکەکە بڕێک لەو وزەیە ھەڵدەمژن. کاتێک ڕووناکییەکی درێژی شەپۆڵ دیاریکراو دەکەوێتە سەر گەردیلە وروژاوەکان ئەوا گەردیلەکان ھاندەدات کە فۆتۆنێک دەربکەن کە ھەمان تایبەتمەندیی فۆتۆنە ھاندەرەکەی ھەبێت، ھەرکاتێکیش یەکێک لە گەردیلەکان لەخۆیەوە وزەکەی ون بکات «تیشک بدات»، لەخۆوەتیشکدان ڕوودەدات و ڕووناکیی ئاسایی بەرھەمدێت، ئەم شەپۆڵە سەرەتایییە یارمەتیی گەردیلە وزە بەرزەکانی تر دەدات، کە وزە زیادەکەی خۆیان ون بکەن، بەشێوەی شەپۆڵی ڕووناکی کە ھەمان سیفەتەکانی شەپۆڵە سەرەتایییەکەیان ھەیە، لەڕووی درێژیی شەپۆڵ و ڕەوگە و ئاڕاستەی بڵاوبوونەوە، و ئەم کردارەی درچوون پێی دەوترێت بزوێنەدەرچوون «دەرچوون بە بزواندن». زۆربەی ئەو وزە ڕووناکییەی لە بزوێنەدەرچوونەوە پەیدا دەبێت لە لاتەنیشتەکانی بۆڕییە شووشەکەوە دەردەچن، بەڵام ھەندێک لە ڕووناکییەکە بەدرێژاییی بۆڕییە شووشەکەوە دەڕوات، کە دەبێتە ھۆی زیادکردنی ژمارەی دەرچوونەکان لەگەڵ ئاڕاستەی بڵاوبوونەوەکەیاندا، ئەو دوو ئاوێنەیەی لە کۆتاییی ھەردوو بۆڕییە شووشەکەوە دانراون تیشکەکە دەگێڕنەوە بۆ ناو ناوەندە چالاکەکە و دەبێتە ھۆی زیادکردنی بزوێنەدەرچوون و، بەرھەمھێنانی ڕووناکییەکی ھاوبار بە بڕێکی زۆر. لەگەڵ ھاتوچۆکردنی تیشکەکە لە ناوەندە چالاکەکەدا توندییەکەی بەرە بەرە زیاد دەکات، لە ئاوێنە نیمچەڕوونەکەیانەوە بڕێک ڕووناکی توندی زۆری ھاوباری لەیزەری دەچێتە دەرەوە.

بەکارھێنانەکانی لەیزەر دەستکاری

لەیزەر لە زۆر بواردا بەکاردەھێنرێت، ھەر لە بەکارھێنانی ناوماڵەوە تا دەگاتە بەجێھێنانەکانی لە بواری پیشەسازی و سەربازی، ھەروەھا لە ھەندێک بوای دیاریکردن و چارەسەری پزیشکیش کەڵکی لێ وەردەگیرێ.

بەکارھێنانی لەیزەر بۆ پێوانی دوورییەکان دەستکاری

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی لەیزەر ئەوەیە، کەوا تیشکێکە بەشێوەی گورزەیەکی تەسک ئاڕاستەدەکرێت، بەپێچەوانەی ڕووناکیی گڵۆپی ئاسایییەوە، لەکاتێکدا لەیزەر بۆ شوێنە دوورەکان دەنێردرێت زۆر بەکەمی بەملاولادا بڵاودەبێتەوە، بۆیە دەتوانێت ئاڕاستە بکرێت، لەبەرئەوە دەتوانرێت لەیزەر بۆ پێوانی دوورییەکان بەکاربھێنرێت، بەوەی لەیزەرەکە ئاڕاستەی ڕوویەگی ڕووناکی دەرەوەی زۆر دوور دەکرێت، پاشان ئەوەی لە ڕوەکەوە دەدرێتەوە، وەردەگیرێتەوە. نموونە بۆ پێوانی دوورییەکیان بەھۆی لەیزەرەوە بریتییە لە زانینی دووری نێوان زەوی و ھەیڤ بەھۆی لەیزەر، بەوەی زاناکان تیشکی لەیزەر ئاڕاستەی ڕوویەکی تیشکدەرەوەی سەر ھەیڤ دەکەن.

بەکارھێنانەکانی لەیزەر لە پزیشکیدا دەستکاری

لەیزەر لەزۆر لە بەجێھێنانە پزیشکییەکاندا بەکاردەھێنرێت، بۆ نموونە دەتوانرێت لەیزەر بۆ لابردن یان کاڵکردنەوەی پەڵەکانی سەر پێست بەکاربھێنرێت، بێ ئەوەی کار لە شانەکانی دەوروبەریان بکات، بەتایبەتی ئەو پەڵانەی کە دروست دەبن لەسەر دەموچاوی ژنان لە دوای منداڵبوون. ھەروەھا لەیزەر دەتوانێت یارمەتی کرداری خوێنمەیین بدات. یەکێکی تر لە بەجێھێنانە پزیشکییەکانی لەیزەر ئەوەیە کە بۆ چارەسەری تۆڕەی چاو و نەشتەرگریی تری چاو بەکاردەھێنرێت، لەوانە چارەسەری ئاوی ڕەشی چاو کاتێک پەستانی شلەی ناو چاو زۆر دەبێت، کە ئەم نەخۆشییە ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێت ھۆی زیان گەیاندن بە دەمارەکانی چاو و دەبێتە ھۆی کوێربوون. ئاڕاستەکردنی لەیزەر بە گورزەیەکی تەسک و چڕ بۆ سەر ڕێڕەوێکی داخراو دەبێتە ھۆی سووتاندنی شانەیەکی بچووک، بەوەش پەستانەکە نزمدەبێتەوە و داخرانەکەش کەمدەبێتەوە. ھەروەھا لەیزەر بۆ ڕاستکردنەوەی کورتبینی چاو بەکاردەھێنرێت، ئەویش بە ئاڕاستەکردنی گورزەیەکی لەیزەری بۆ ناوچەی ناوەڕاستی گلێنەی چاو، بۆئەوەی تەختتر بێت.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • کتێبی فیزیا ١٢، چاپی دووەم - ٢٠١٢، «وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان».