محەممەد کابولی‌ یان قانع (١٨٩٨ – ١٩٦٥) شاعیرێکی بەناوبانگی کورد بووە. بەھۆی شیعرەکانییەوە بە «شاعیری چەوساوەکانی کوردستان» ناوبانگی دەرچووە.[١] شیعرەکانی قانع ھەوێنی بیرێکی پێشکەوتووخوازانەن.

محەممەد کابولی

لەدایکبوون١٥ی ئەیلولی ١٨٩٨
مەرگ٧ی ئایاری ١٩٦٥ (٦٦ ساڵ ژیاوە)
گوندی لەنگەدێ لە ناوچەی شلێر
ھۆکاری مەرگنەخۆشی تەنگەنەفەسی
شوێنی گۆڕگۆڕستانی شێخ ئەوڕەحمان
کارشاعیر

سەرەتای ژیان دەستکاری

قانع (ناوی تەواو: محەممەد کوڕی شێخ عەبدولقادر کوڕی شێخ سەعیدی دۆڵاشی) باوکی لە شێخانی کۆنەپۆشیی شاری مەریوان و دایکی کە ناوی ئامینە بووە لە شێخانی کەوڵۆس بوو. ساڵی ١٨٩٨ لە گوندی ڕیشێنی لە شارەزوور لە دایک بووە. دوای ئەوەی دەرەبەگەکانی ناوچەی مەریوان باوکی ئەم شاعیرە ئاوارە دەکەن، بەدەم لێقەوماوییەوە قانع وەکو مناڵی دەربەدەرێک لە ڕۆژی ١٥ی ئەیلولی ساڵی ١٨٩٨ی زایینی لە گوندی ڕیشێن[٢] لە بناری شارەزووری مەریوان لە دایک بووە بەو حاڵەشەوە کڵۆڵی دەستی لە یەخەی نەکردەوە، لە تەمەنی ٤٠ ڕۆژیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات و تازە پێ دەگرێت کاتێک دایکیشی کۆچی دوایی دەکات، مامەکانی نازی دەکێشن.

قانع سەبارەت بە زێدی خۆی وا دەڵێت:

لە ئەسڵا خەڵکی دۆڵاشم، مەریوان جێگەی ئەژدادمموحەممەد (کابولی)م ئەمما تەخەللوس (قانع)م ناوە

کە «دۆڵاش» گوندێک بووە لە نزیکی شاری مەریواندا.

تۆماری ژیانی ئەم مناڵە مەینەت دۆستە لە زەمینەیەکی دەربەدەری و پڕ لە کوێرەوەرییەوە دەستی پێ کرد، شەرم نییە ئەگەر بڵێین ڕۆژان لە نێو مناڵاندا و شەوان لەسەر تەنوور ژیانی بەسەر دەبرد.

تا ماوەیەک ئینجا بە ھۆی خزمێکی دووریانەوە کە ناوی (ئاغا سەید حسێن) و خەڵکی دێی چۆڕ دەبێت لە ناوچەی مەریوان پێ دەنێتە زەمینەی ژیانێکی ترەوە، ئاغا سەید دەیباتە لای خۆی و لە حوجرە دەینێرێتە بەر خوێندن. بەر لەوەی بە تەواوی فێری نووسین و خوێندن ببێت جار و بار شیعری سەرزەنشتیی دادەنا و ھەر ئەمەش بووە بنچینەی شاعیرێتی دوا ڕۆژی.

قانع لە کاتی بێ ئیشیدا خۆی بە خوێندنەوە و بابەتی وێژەییەوە دەبردە سەر، شیعر لەو کاتەدا شەوچەرەی کۆڕی شەوانە و کەرەستەی ڕۆشنبیرەکانی جەماوەر دەبێت، بۆیە ئەمیش یەکێک دەبێت لە سەوداسەرەکانی بازاڕی شیعر.

کە ئاگری شەڕی جیھانیی یەکەم گەیشتە ناوچەی مەریوان، لەبەر ئەوەی کە لایەنی ئایینی لە شەڕەکەدا بەھێز بوو، زۆربەی ڕۆشنبیرە ئایینییەکانی ئەو سەردەمەی ناوچەکە ڕاستەوخۆ تێکەڵاوی شەڕەکە بوون و خەڵکێکی زۆریان ڕاپێچی ناو شەڕەکە کرد.. بێ ئەوەی لە ستراتیژییەتی شەڕەکە و لایەنە سیاسییەکان و نیازی ئیمڕیالیزم و مەبەستەکانی بگەن. ئەمیش یەکێک دەبێت لەو کۆمەڵە ڕۆشنبیرە ئایینیانەی ئەو سەردەمەی ناوچەکەیان و وەکو یەکێک لەوان بەشداری شەڕەکە دەکات.. لایەنی بە ئایین بۆیاخکراوی شەڕەکە گەلێک کار دەکاتە سەر ڕێبازی بیرکردنەوەی بۆیە ئەو سەرەتا شیعرییەی کە لەسەر شیعری سەرزەنشتکاری دامەزرابوو بەجێ دەھێڵێت و ڕوو دەکاتە شیعری ئایینی و خواپەرستی.

کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆشیالیستی بە پێچەوانەی تای کێشی سیاسی ئەنجامی شەڕەکەی بە بارودۆخێکی سەر بە قازانجی زۆربەی گەلانی ناوچەکە کێشایەوە، سەرەتای بیرکردنەوەیەکی نوێ لە ژیانی ڕۆشنبیری شاعیردا سەری ھەڵدا.. دوا ئەوە جارێکی تر دەست دەکاتەوە بەخوێندن، ئینجا ھەوای گەڕان بە شارەکانی کوردستاندا دەبێتە خولیای، ھەر بۆیە بۆ خوێندن سنە، مەھاباد، شنۆ، ھەولێر، کۆیە، کەرکووک، سلێمانی و بیارە گەڕاوە. دوا قۆناغی خوێندنی دێنێتەوە بۆ مەریوان و ئینجا بە یەکجاری دەستی لێ ھەڵدەگرێ.

ژیانی لاوێتی دەستکاری

 
قانع لە چلەی ماتەمینی بێخود، ساڵی ١٩٥٥.

لە سەرەتای لاوێتیدا دووچاری نەخۆشی تەنگەنەفەسی دەبێت و تا دێت لێی زیاد دەکات لە ئەنجامدا ھەر بەو ئازارەش سەری نایەوە.

ئەو ناکۆکییە خێڵەکییانەی نێوان بنەماڵەی شاعیر و دەرەبەگەکانی ناوچەی مەریوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەناو جموجۆڵی فیکری شاعیردا زیادی دەکرد. ئەمە لە لایەک، لە سەرەتای بیستەکانیش بە دواوە کە ناو بە ناو ھەواڵی پەیوەندی سیاسییانەی توندوتۆڵی ھاریکاری نێوان کۆڕ و کۆمەڵ و تاقمە سیاسییکانی ئەو سەدەمەی باکووری کوردستان و کەمالییەکان دەگەیشت بێ ئارامی خۆی شیعری دادەگرت.. دیسانەوە لە لایەکی تریشەوە سەرکەوتنی شۆڕشە مەزنەکەی ئۆکتۆبەر و سەرەتای بڵاوبوونەوەی بیر و باوەڕی پێشکەوتووخوازانەی دژ بە فاشیزم لە نێو توێژ و کۆمەڵە خوێندەوارەکاندا، ئەمانە ھەموو زەمینەیەکی نیشتمان پەروەرانە و نەتەوایەتییانەیان خولقاندبوو، وە پاشگەزبوونەوەی کەمالییەکان بەرانبەر مەسەلەی کورد و بەرپابوونی شۆڕشە ناوبەناو پچڕاو و یەک لەدوای یەکەکانی باکووری کوردستان (ئاگری داخ) بیر و باوەڕی زۆربەی لاوە خوێندەوارەکانی خستە بەر مەودایەکی نەتەوایەتی و نیشتمانیانەی کاریگەر.

لەو کاتەدا کە سەرەتای شاعیرێتی شاعیر بوو زۆر بە گورجی باری سەرنج و شێوەی ناوەڕۆکی شیعرەکانی لە دڵداری و ئایینییەوە گۆڕدران بۆ نیشتمانپەروەرێتی. وەک خۆی چەند جارێک لە پێشەکی دیوانە شیعرەکانی سەردەمی خۆیدا باسی کردووە و لە چەند لایەکی تریشەوە لێی دواوە؛ کتێبێکی دەستنووسی فارسی بە ناوی (وقایق الاردەلان)ی دەست دەکەوێت کە باسی ڕاپەڕینەکانی تیرەی ئەردەڵانییەکان دەکات بەرانبەر داگیرکەران، ئەمیش ئەوەندەی تر کار دەکاتە سەر دیوی ناوەوەی شاعیر و بەرھەمە شیعرییەکانی کە لێرەدا بە تەواوی قۆناغی شیعری دڵداری جێ دەھێڵێت و شاعیر دوای ئەو قۆناغە دەبێتە شاعیرێکی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەر.

ژیان دەستکاری

قانیع کوڕێکی بووە بە ناوی وریا.

بیروباوەڕی سۆشیالیستی و دژە دەرەبەگایەتی دەستکاری

بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی سۆشیالیستی لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتی ئەو سەردەمە بەربەست کرابوو، لەو کاتەدا باس و بەسەرھاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆشیالیستی و ئامانج و لایەنە سیاسی و ئابووری و نەتەوایەتییەکان بەزۆری بەسەر زارەکی باس دەکران. شاعیریش لەو سەردەمەدا ھەست بە سەرەتای ڕژێمی سۆشیالیستی دەکات و دەڵێت:

با سێ قات نەبێت خانوو سەراکەتپارەی قاتێکیان بدە بە براکەت
دەوڵەمەدن مەڵێ ھەوڵی بۆ خۆیەنەبوونی ھەژار، نەبوونی تۆیە

بەھۆی شەڕی جیھانیی دووەمیەوە بیروباوەڕی پێشکەوتووانە لە وڵاتدا پەرەی سەند و ئەم پەرەسەندنەش بووە ھۆی زیاتر ھاندانی شاعیر لە دژی ڕژێمی دەرەبەگایەتی و کۆڵۆنیالیزم. ئەو ناکۆکییە خێڵەکییانەی نێوان شاعیر و چەند دەرەبەگێک گۆڕایە سەر شێوەی کێشەیەکی سیاسی دژ بە تێکڕای ڕژێمەکە. ھەرچەندە مەودای بیرکردنەوەی لە کێشەی نێوان خاوەن موڵک و ڕەعیەتەکان قوڵتر بوایەتەوە ئەوەندە ھەڵوێستی بەرانبەر تێکڕای دەرەبەگایەتی توندتر دەبوو، لەم قۆناغەدا شاعیر تێکەڵ بە ئەدەبی شۆڕشی نھێنی بوو.

لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای کوردەواری ئەو سەردەمە کۆمەڵگایەکی ئایینی و دەرەبەگایەتی بووە، سروشتی کۆمەڵگاکەمان لە وڵاتێکی پیشەسازی نەچووەکە دەسەڵاتی سەرمایەداران خەڵکایان چەوساندبێتەوە بۆیە شیعرەکانی بە زۆری لەگەڵ جوتیاراندا دەدوێ و بەرھەڵستی دەرەبەگەکان دەکات. شاعیر باوەڕی بە یەکگرتنی جەماوەر و سەرکەوتنی ڕژێمی سۆشیالیستی ھەبووە، بۆیە ڕوو دەکاتە دەرەبەگ و ھەوڵی شۆڕشی نھێنی دەدات بە گوێیدا و دەڵێت:

گوێگرە قانوونی سۆشیالیستی دەنگی دایەوەڕۆژی مەرگت زۆر نزیکە ئەو دەنگە یاسینتە
نۆکەر و پێش خزمەت و کارەکەر و دایانەکەتکەوتە ڕۆژی خۆی بزانە دوژمنی خوێنینتە
باخێ ھێندە قایم و مەحکەم نەبووی من ناتگەمێدەستی ئیستیعمارە ھێز و کۆمەک و پەرژینتە

شاعیر لەو باوەڕەدا بووە کە لە وڵاتێکی فرە نەتەوەدا مومکن نابێت کە ھەموو نەتەوەکانی ناو چوارچەوەی ئەو وڵاتە وەک یەک بژین و لە ڕووی یاسای کۆمەڵایەتییەوە یەکسان بن و ئابووری وڵات بە ئابووری ھەموو نەتەوەکان وەک یەک بدرێنە قەڵەم و وەکو یەک سەربەستی سیاسییان بدرێتێ، بۆیە ھەمیشە لە ھەڵوێستی سیاسییانەی نەتەوە سەرەکەییەکانی ئەو جۆرە وڵاتانە سڵەمیوەتەوە و لە شیعرەکانیدا ئەمەی بە لادێنشینەکان گەیاندووە.

مردن دەستکاری

قانع لە ٧ی ئایاری ساڵی١٩٦٥ بەھۆی نەخۆشی لە گوندی لەنگەدێ چەمی شلێری پێنجوێن کۆچی دوایی کردووە، و لە گوڕستانی گوندی لەنگەدێ بە خاک سپێراوە.

نەبوو ڕۆژێ لە کوردستان سەرۆکێ یاخۆ خەمخوارێھەمیشە بۆ نەبێ کوردان بەڵا و ناسۆری لێ بارێ
ئەگەر مردم لەسەر قەبرم بنووسن تۆخوا یارانشەھیدی عیشقی میللەت بووی کەچی نەتدی پەلامارێ

ھۆنراوەکان دەستکاری

قانع لە زۆر بواردا شیعری نووسیوە لەوانە: دڵداری، نیشتمانی، کۆمەڵایەتی، نەتەوایەتی، شۆڕشگێرانە و ئایینی. ئەمانە ھەندێک نموونەی شیعریی «قانع»ن:

شیعری ئایینی دەستکاری

یا موحەممەد لێو بە بار و دڵ بە بوریانم مەکەئەی ڕەئیسی ھەردوو دنیا، دیدە گریانم مەکە
دەستە ئەژنۆ و چاوەڕێگەی دەستی یارانم مەکەمن کە ئالی تۆم، زەلیلی باری عوسیانم مەکە
غەیری قاپی ڕەئفەتت، بۆ کەس سەناخوانم مەکە!

شیعری دڵداری دەستکاری

مەسیح گەر بێتە سەر قەبرم بخوێنێ پێی دەڵێم: لاچۆدڵم پێکراوی تیری غەمزەو و پەیکانی موژگانە
ئەگەر تۆ نۆبەرەی ماچێکی لێوی خۆت بە من بەخشیمەعبەد چۆڵ ئەکەم بیللا، ئەچم بۆ کونجی مەیخانە

شیعری نیشتمانپەروەری دەستکاری

یان

قوربانی ئەم خاکەیە، ئەم ڕۆحە لەبەرماسۆزی دڵی پڕ دەردە، کە خولیایە لەسەرما
ئامادەیی مەیدانم و ئەم بەرگە کە پۆشیمکفنە ، نەوەکو چاکەت و پانتۆڵە لەبەرما

بەرھەمەکان دەستکاری

  • گوڵاڵەی مەریوان
  • باغچەی کوردستان
  • چوارباخی پێنجوێن
  • شاخی ھەورامان
  • دەشتی گەرمیان
  • زایەڵەی زرێبار، بەرھەمە بڵاونەکراوەکانی[٣]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ دیوانی قانع، کۆکردنەوەی بورھان قانع، نەشری پانیز، 1386ی ھەتاوی.
  2. ^ لە ھەندێک چاپەمەنی سەردەمی ژیانیدا نووسراوە، لە دێی کەڵۆس لە دایک بووە، بەڵام ئەوە بۆ مەبەستێکی تایبەتی بووە.
  3. ^ کوردی, ماڵی کتێبی (۱۳۹۹-۰۱-۲۰T22:26:57+00:00). "مامۆستا قانع و مامۆستا شێرکۆ بێکەس". ماڵی کتێبی کوردی (بە فارسی). Retrieved 2020-12-17. {{cite web}}: Check date values in: |date= (help)
  • دیوانی قانع، کۆکردنەوەی بورھان قانع، نەشری پانیز، ١٣٨٦ی ھەتاوی.
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی شەشەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٤٣٥ تا ٤٥٩، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر٢٠۰۷.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری