فەقی حوسێن ساغنیچ (بە کوردیی ژۆروو: Feqi Hüseyin Sağnıç) ناسراو بە ئاپێ فەقی یان مامێ فەقی، ( ١٩٢٦ لە خیزان - ١٢ی ئاداری ٢٠٠٣) زمانەوان و نووسەری کوردی خەڵکی باکووری کوردستان بوو.

ژیان دەستکاری

فەقی حوسێن ساغنیچ لە ساڵی ١٩٢٦ لە شاری خیزان لە پارێزگای بدلیس سەر بە باکووری کوردستان لە دایک بوو. ماوەی منداڵیی بە کاری بەردتاشی و دارتاشی دەبردە سەر. لە ساڵی ١٩٣٨ چووە مەدرەسە و لە ئەنجامی وانە خوێندنەکەی بوو بە فەقی. ئەو خوێندن و نووساندن بە پێتی لاتین فێر بوو و ھەروەھا جگە لە زمانی زگماکیی زۆی کە کوردیی کرمانجی بوو، زمانەکانی تورکی، عەرەبی و فارسییش دەزانی. لەو سەردەمە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان بە تەواوی قەدەخە بوو و فەقی ساغنیچ دەستی کرد بە لێکۆڵینەوەی زانستی لە سەری زمانی کوردی.[١]

ساغنیچ بەدوای چەندین کەڕەت دەستبەسەرکران و دارودرەوش، لە ساڵی ١٩٨٤ بە دوا لە شاری ئەستەمبوڵ نیشتەجێ بوو و درێژە بە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی دا. لە ساڵانی سەرەتای دەیەی ١٩٩٠ لە تورکیا قەدەخەبوونی مانی کوردی سڕاو و چالاکیی چاندی و وێشەیی کوردەکانی باکوور پەرەی گرت، و بنکەکانی مانی کوردی دامەزراو و چاپەمەنی و پەرتووک بە زمانی کوردی بڵاو کراو. فەقی ساغنیچیش وێڕای زانایانی دیکەی کورد لەوای مووسا عەنتەر، جەمشید بەندەر، ئیبراھیم گوربوز، ئیسماعیل بێشیکچی، یاشار کایا، عەبدولڕەحمان دوررە و سولەیمان ئیماموغلو لە ١٨ی نیسانی ١٩٩٢ لە شاری ئەستەمبوڵ ئینستیتیوتی کوردیی ئەستەمبوڵی دامەزراند و خۆی لەتێدا وانەی زمانی کوردی دەدا و ھاوکات دەستی کرد بە نووسینی وەتار سەبارەت بە زمانی کوردی لە گۆڤارەکانی جیاجیا و بە تایبەت گۆڤاری ڕەوشەن.[١]

مردن دەستکاری

فەقی ساغنیچ شەو و ڕۆژ سەرقاڵی لێکۆڵێنەوە و سەرنجدانەوە سەبارەت بە زمانی کوردی بوو و تا دواھەمین دەمی ژیانی سەرقاڵی کار کردن لە پێناوی وێشە و زمانی کوردی و چاندی کوردەکان بوو. لە ١٢ی ئاداری ٢٠٠٣ فەقی ساغنیچ کە خەریکی کاری لێکۆڵێنەوە لە سەر یەکێک لە بەرھەمەکانی بوو، سەکتەی مێشکی پێ ھات و لە حاڵی کار کردن چوو لەناوی کۆما و بە دوای ٤٤ ڕۆژ کووچی دوایی کرد. دواھەمین کتێبی دیرۆکا وێژەی کوردی بوو کە بەدوای مردنی گەیشت بۆ چاپ و نەیتوانی نوسخە چاپییەکەی بیبینێت.[١]

حەسەن کایا کە لەو کاتە بەرپرسی ئینستیتیوتی کوردیی ئەستەمبوڵ بوو، دەڵێت کە لە کاتێک کە فەقی ساغنیچ لە کۆمادا بوو، چووم بۆ سەری سەرینەکەی و پێ گۆتم کە دواھەمین کتێبەکەت لە چاپخانە لە ژێری چاپدایە، ئەو کاتە چاوەکانی نەختێک بزووت. بەدوای ئەوە پێ گوتم لە عێراق دەوڵەتێکی کوردی دامەزراوە، و بەڵێنت پێ دەدەم کە بەدوای ساغبوونەوەت پێکەوە بڕۆین بۆ ئەورە و سەبارەت بە کتێبەکەت وەتارێک بخوێنیتەوە.[١]

فەقی ساغنیچ بەدوای مردنی لە ناوچەی تاتوان لە پارێزگای بدلیس بە ئاخ سپیردراو.[١]

دەستبەسەر کردن دەستکاری

فەقی ساغنیچ بەھۆی لێکۆلینەوە زانستییەکانی لە سەر زمانی کوردی، چەندین کەڕەت لە لایەن حکۆمەتی تورکیا دەستبەسەر کراو. لە دەیەی ٦٠ەکان چەندین جار لە دەستی ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەرچوو و ھەردەم لە ھەیواییندا بوو. لە ١٢ی ئاداری ١٩٧١ و ھەروەھا بەدوای کوودەتای ١٩٨٠ی ئەرتەشی تورکیا دەستبەسەر کراو. تاوانی کە لە دادگا نیسبەت پێ درا، کوردبوون بوو.[١]

مەدرەسەکان دەستکاری

فەقی ساغنیچ کە خۆی لە مەدرەسە وانەی خوێندبوو، گۆتووە کە کاری توێژینەوە لە سەر زمانی کوردی لە بەڵگەکانی دەستیپێکردووەتەوە کە لە مەدرەسەکانی دەورەی عوسمانی لە گوندەکان و باژارەکانی کوردنشین بە زمانی کوردی بە جی مابووەتەوە.[١]

بەرھەمەکان دەستکاری

  • یووسڤ و زولەیخا، ١٩٩٨.
  • چیرۆکێن کوردی، ١٩٩٩.
  • پۆرترەکان، ٢٠٠٠.
  • دیرۆکا وێژەیا کوردی، ٢٠٠٢.

خەڵاتی فەقی ساغنیچ دەستکاری

ئینستیتیوتی کوردیی ئەستەمبوڵ بە شانازیی فەقی ساغنیچ خەڵاتیکی وێژەیی بە ناوی خەڵاتی فەقی ساغنیچ پێشکەش دەکات.[١]

سەرچاوەکان دەستکاری