عەلی قادر ناسراو بە مەردان (١٩٠٤ لە کەرکووک، عێراق – ٢٤ی تەممووزی ١٩٨١ لە بەغدا، عێراق) گۆرانیبێژ و مەقامبێژێکی کورد بوو.[١]

عەلی مەردان
زانیارییەکان
لەدایکبووی١٩٠٤
کەرکووک، عێراق
بنەچەکورد
مردووی٢٤ی تەممووزی ١٩٨١(١٩٨١-٠٧-٢٤) (٧٧ ساڵ ژیاوە)
بەغدا، عێراق
چەشنەکانکوردیی کلاسیکی
ساڵانی چالاکبوون؟ – ١٩٨١

ژیانی سەرەتا دەستکاری

عەلی مەردان لە ١٩٠٤[٢] لە شاری کەرکووک لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی لە دایک بووە. مامۆستا، خوێندنی لە تەکیەی کەرکووک و لە لای ماموستا ساڵەح دەست پێکردوە و ھەر لەوێشەوە لە لای مامۆستای دەنگ خۆش مەلا ڕەووف فێری تەجویدی قورئان و ھەندێ مەقاماتی کوردی و قۆڕیاتی تورکمانی بووە.

عەلی مەردان پاش ھەشت ساڵ تەکیە، شاری کەرکووکی بە جێھێشتووە و بە ماڵەوە چووە بۆ گوندی لەیلان.[٣] لەو گوندەدا تەموورە ژەنێکی بە توانا بە ناوی خدر بارام ناسیوە کە سوودێکی زۆری لێ وەرگرتوە بۆ مەقاماتی کوردی، بەڵام لە دوایدا کە دەچێت بۆ بەغدا، مەقاماتی کوردی و فارسی و عەرەبی لە مامۆستایانی تری فارس و عەرەب و کوردەوە فێر دەبێت و وەک شارەزایەک لە بواری مەقاماتی ناوچەکەدا جێگای خۆی دەبینێتەوە.

ھەر لەم بارەوە مامۆستا دەڵێت: مەقاماتی کوردی سەرچاوەیەکی کوردی دەوڵەمەندن بۆ ھونەری موزیک و گۆرانی گەلانی ناوچەکە. مامۆستا عەلی مەردان جگە لە دەنگە بەسۆز و ڕەسەنەکەی شارەزای ژەنینی چەن ئامێری مۆسیقا بووە کە خۆی ئامێری عودی زیاتر لا پەسەند بووە. ھەروەھا شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکمانی بووە. شیعری زۆربەی شاعیرەکانی لە دەیان بەستە و مەقامات دا خوێندووەتەوە. عەلی مەردان مەقام زان و داھێنەری کورد، پاش نیو سەدە خزمەتی بێووچان بۆ ئاواز و گۆرانی کوردی، لە ڕۆژی ھەینی ساڵی ١٩٨١کۆچی دوای کردووە لەگۆرستانی شێخ محێدین نێژراوە لە دوا وتەیدا داوا دەکات لە گردی سەیوان لە لای شاعیران و ھونەرمەندان بینێژن تا ھیچ کات و زەمەنێک لە ھونەر و ھونەرمەندان دوور نەبێت.

عەلی مەردان لە ماوەی ژیانیدا گەلێ گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی تۆمارکردووە، ئاوازی ھەندێک لە گۆرانییەکانیشی ھێندە بەرزن، بەچەند زمانێکی دی وتراونەتەوە.

شارەزایی و کارامەیی مامۆستا عەلی مەردان لە ھونەری مەقام دا ئەوەندە ئاشکرایە کە مامۆستاکانی مەقامی عێراقی عەلی مەردان بەمامۆستا و ڕابەری خۆیان دەزانن. مامۆستا عەلی مەردان کوردێکی دڵسۆز و خاوەنی ھەستێکی پاکی کوردایەتی بوو. ھەتا ڕۆژی کۆچکردنیشی، کە سوێندی بخواردایە، ھەر بە کوردستان سوێندی دەخوارد.

خێزان دەستکاری

عەلی مەردان لە ساڵی ١٩٣٧، هاوسەرگیری لەگەڵ زەینەب محەممەد کرد،[٤] بەیەکەوە چوار کچ و چوار کوڕی هەبووە، کچەکان ناویان مائیدە، ناهیدە، عەبدولقادر، قەدرییە، عەبدولوەهاب، عەبدولڕەزاق، ماجدە، دیار.[١]

ژیاننامە دەستکاری

مامۆستا عەلی مەردان لە ساڵی ١٩٠٤ لە شاری کەرکووک لەدایک بووە و لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆی دەڵێت: "بۆ گوزەرانی ژیانم، بەپای پەتی و سەری کۆتەوە، جوتیاری و شوانی و گاوانیم کردووە. لە شاری بەغداد بووم بە ھاوڕێی مورتەزاخانی ئیسفەھانی و ئەسغەری ھەمەدانی و محەمەد سەعیدی سابڵاغی و زۆر شت لەوانەوە فێربووم، چل شەویش لەگەڵ سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی یەکمان گرت و زۆر ھونەرمەندانە پێکەوە ژیاین. مامۆستا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "یەکەم مەقامم، مەقامی ئای ئای بوو، ئەوەی لە ١٩٣٩، لە ئێستگەی کوردی بە زمانی کوردی باجەڵانی بۆ تۆمارکرا.[٥] (ئەم قسەیە درۆیەکی شاخدارە جونکە عەلی مەردان لە ١٩٤١دا تێکەلی ڕادیۆی کوردیی بەغداد بووەو ڕادیۆکە لە ١٩٤٨دا دەستی بە تۆمارکردنی مووسیقاو گۆرانیی کرد/ بنۆرە؛ کەمال ڕەئووف محەممەد- مێژووی ڕادیۆی کوردیی بەغداد- بەرگ ١، جزمی ١–٣، ھەولیر ٢٠١٤).. مامۆستای گۆرانی مەقامی کوردی لە ساڵی ١٩٦٥ ـدا لە ئێستگەی ڕادیۆی تاران و کرماشاندا چەندین مەقام و گۆرانی تۆمارکردووە. دوا گۆرانی عەلی مەردان بەستەیەک بووە، ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٢ ـدا لە ئێستگەی کوردی بەغداد تۆماری کردووە. مامۆستا لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا و لە ٢٤ ـی تەممووزی ساڵی ١٩٨١ کۆچی دوایی کردووە و لە شاری کەرکووک لە گۆڕستانی گۆڕستانی پشت تەكیەی تاڵەبانی سپێردراوە.[٦]

گۆرانییە بەناوبانگەکان دەستکاری

بەشێکی گۆرانیی فاتمە بە دەنگی عەلی مەردانەوە

شیرین کەلامە، گیانە بەسییەتی، یاریکە ڕاکە پێکەنە، خۆم و عودەکەم، کەتان کەتانە، مێوڵێ و دێلێژە، ئەسمەر، وەرە قوربان، ھۆ برای جوتیار، لەیلێ، ڕەنجی بێوەرم، ھەوری لە قەدی ئاڵاوە، ە دەنگی خۆش بمھێنە جۆش، کە ئەو جوانە، ئەڕۆی ئۆغر، ە دایم دڵ تۆی ئەوێ، مامە، کەی دێتەوە، لە خرنە خرنە، ھەتا مردن، ئەڵوەن ناوت شیرینە، ئای چەندم خۆش دەوێ، ھەر تۆم ئەوێ تۆ، مینا گیان، لە کەلە دەنگی ساز دێ، شەو ڕۆژ، گۆڵە باخ، دەھەستە، کراس کودەری ئاوریشم، سەد جار بەو مانگە، ھەستە با بچین بکەین تەماشا، کۆڵان بە کۆڵان، ئەم پەرچەم و ئەگیجە، ئاخ چی بکە نیمە چارە، ئەو چاو جوانە، ھۆ کاکەی شوان، وەرە قوربان، فاتمە، برای شیرینم، خاڵۆ خاڵۆ، شەو و ڕۆژ لە خایاڵ و لە بەرچاوی.

مەقامە بەناوبانگەکانی دەستکاری

  • لەبەر چاوی بەد (مەقامی ماھوور)
  • چەند جارم وت (مەقامی ھەمایۆن)
  • با یادم کا فریادم کە (مەقامی ھیجران)
  • ڕەنجی بێوەرم (مەقامی بەیاتی شور)
  • ڕاستەی خیابان (مەقامی ئەڵاوەیسی)
  • لێم یاخی (مەقامی ئای ئای)
  • لەبەر نازی چاو بازان (مەقامی خورشیدی)
  • ئەی مانگ (مەقامی بەیات)
  • چی بکەم (ماقامی نەوا)
  • دڵ لە حەسرەت (مەقامی ئورفە)
  • مەمکوژە گیانە بە ھیجران (مەقامی دەشت)
  • بە داوی زۆڵفت (مەقامی ڕاست)
  • بە بەردی فیرقەتت (مەقامی ماڵەڵا ھیجرانی)
  • بە غەمزەی چاوی مەخموری (مەقامی نەوا)

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا "بەڵگەفیلمی عەلی مەردان". www.rudaw.net. Retrieved 2023-07-30.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ بەوتەی خۆی لە وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆی بەغدا
  3. ^ عەطا, محەمەد (2023-06-11). "عەلی مەردان دەنگێک بۆ ھەمیشە - Muziknas". Retrieved 2023-07-30.
  4. ^ "(عەلی مەردان)؛ ئەو هونەرمەندەی نەمامی مەقامی کوردیی کردە درەختێکی فرەچڵ و بەردار". CHRA.TV. 2010-04-19. Retrieved 2023-07-30.
  5. ^ "چەند وێستگەیەك لە ژیانی هونەریی مامۆستای مەقاماتی كوردی عەلی مەردان". ANF News. Retrieved 2023-07-30.
  6. ^ "بە مەقام و گۆرانی یادی عەلی مەردان كرایەوە". کوردی - RojNews.News. 2020-02-25. Retrieved 2023-07-30.