شەبەنگپێوی بارستایی پلازمای جووتکراوی سەپێنەر

شەبەنگپێوی بارستایی پلازمای جووتکراوی سەپێنەر (بە ئینگلیزی: Inductively coupled plasma mass spectrometry؛ کورتکراوەی ICP-MS) جۆرێکە لە شەبەنگپێوی بارستایی کە بۆ لێکۆڵینەوە لە بڕ و جۆری کانزاکان و ھەندێ لە ناکانزاکان بەکاردێت. ئەم جۆرە ئامێرانە لە توانایان دا ھەیە تا چڕی ١٠١٥ (ppq کورت کراوەی part per quadrillion) لە ماددە بپێوێت. خێرایی و ھەستیاری ئەم ئامێرە وای لێکردوە کە زۆر بابەتی کیمیای شیکردنەوە و زۆرێ لە بابەتە تەئلیلیەکانی تر بەکار بێت.[١]

گڕی ئاگرین تایبەت بە ICPMS بۆ بەرھەم ھێنانی پلازما لە گازی ئارگۆن

شێوەی ئیش کردن دەستکاری

شێوەی ئامادە کردنی نموونە دەستکاری

گازی ئارگۆن دەستکاری

لە ICP-MS سەرچاوەی دروست کردنی ئایۆن، بریتیە لە پلازمای گازی ئارگۆن کە پلەی گەرمیەکەی دەگاتە ٨٠٠٠ کلڤن. سەرەتا پلازما بە ھۆی مەشعەلێک لە جنسی کوارتز بەرھەم دەھێنرێت. پاشان نموونەی تاقی کردنەوەکە بە شێوەی تۆزکراو دەپڕژێنرێت و بە ھۆی بەر کەوتنی بەو پلازمایەوە دەبێ بە ئایۆن.

(M → M+ + e-)

بەکار ھێنانی گازی ئارگۆن بە دوو ھۆکار دێت: ئەکەم بە ھۆی فراوانی گازی ئارگۆن کە ھەرزانترە لەو گازانەی کە لە کۆتا کۆڵۆمی خشتەی توخمە کیمیاییەکان (ناسراو بە گازەکانی نۆبڵ) نوسراوون. ھەروەھا ووزەی یەکەم ووزەی ئایۆنی بەرزترە لە توخمەکانی وەک ھێلیۆم، فلۆر، و نیۆن. کەواتە پلازمای گازی ئارگۆن خێراتر و ئاسانتر دەتوانێت ئەلێکتڕۆنێک لە ماددەی نموونە وەرگرێت و بیکات بە ئایۆن. لەم شێوەیەش دا ئایۆنی ماددەی کانزایی زیادتر دەتوانن لە ناوەندەکەدا بمێننەوە.[٢]

لەیزەر دەستکاری

بە گشتی بۆ بە ئایۆن کردنی نموونە کانزاییەکان سود لە لەیزەر وەردەگیرێت. لەم تەکنیکەش دا نموونەکە پێویستە لە شێوەی ھەورێک لە دەنکۆڵەی زۆر ورد بپڕژێنرێنە ناو پلازما.

بەھەڵمبوون دەستکاری

تەکنیکێکی تر بریتیە لە بە ھەڵم کردنی ماددەکە بۆ ئەوەی ئاسان تر ئاڕاستە بکرێ بۆ ناو پلازماکە.

جیاکردنەوە دەستکاری

بە مەبەستی دروست کردنی پەیوەندی لە نێوان بەشی پلازما و بەشی شەبەنگ پێوی بەرستایی، پێویستە ئایۆنەکانەکانی نموونەکە بە ناو جیاکەرەوەیەک دا تێ بپەڕن کە تیرەکەی دەگاتە نزیک ١ تا ٠٬٤ میلیمەتر. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بۆشاییەکی گونجاو فەراھەم بکرێت بۆ ئەوەی ئایۆنەکان داخڵ بەم تیوبە ببن.

پێش جیاکردنەوەی بارستایی، پێویستە ئایۆنە موجەبەکان (کە بە ھۆی پلازماکەوە بەرھەم ھاتوونە) جیا بکرێنەوە لەو گەردە بێ بارگانە. بۆ ئەم مەبەستەش دوو شێوە ئیش کردن ھەیە:

  1. بەکار ھێنانی خانەیەک کە بە ھۆی بەرکەوتنەوە کارلێک دەکات بە شێوەیەک کە ئەم خانانە وەک فیلتەرێک کار دەکەن بۆ تێپەڕینی تەنھا ئایۆنە موجەبەکان.
  2. بە کار ھێنانی ناوەندی کارلێک. لەم شێوەیەدا بە بەکار ھێنانی گازی کرلێک کەر وەک ئۆکسیجن و ھێلیۆم ڕێگری دەکەن لەو بەشەیەی کە پێویست ناکات لە نموونەکەدا بمێنێت.

پێوانەکردن دەستکاری

ئایۆنە موجەبەکان لە سەر ئەساسی نسبەی بارستایی لەسەر بارگە (m/z) جیادەکرێنەوە و پاشان بە ھۆی پڕۆسەی فۆتۆکارەبایی دەبینرێنەوە. بە ھۆی کۆمیۆتەرێکەوە داتای بەدەست ھاتوو شی دەکرێتەوە.

بەکارھێنانی لە تەکنۆلۆژیای نانۆ دەستکاری

بە ھۆی ئەم ئامێرەوە دەشێ لە یەک کاتدا چەندین توخم دیاری بکرێت. ھەر وەھا زۆر ھەستیارە و بچوکترین بڕ دەدۆزێتەوە. یەکێک لە بە کارھێنانەکانی بۆ تەنۆلکە نانۆییەکانە.

سەرچاوەکان دەستکاری