لە بوارەکانی جوگرافیای سیاسی و پێوەندییە نێونەتەوایەتییەکاندا، سەرزەوی ناوچە یا ناوچەگەلێکی تێکتەنراوە کە بۆ ئەوەی دەستی بێگانە بە خەڵک و شوێنەکانی ڕانەگات ئەرکی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی بە تاک، کۆمەڵ، یا دامەزراوەیەک سپێردراوە.[١]

سەرەڕای جۆراوجۆریی ڕوانگەکان لەمەڕ مانای وشەکە، لە یاساکانی نێونەتەوەییدا، سەرزەوی پارچەیەکی لێنەبڕە لە پێکھاتەی وڵاتاندا: سەرزەوی یا خاکی ھەر وڵاتێ بریتییە لەو بەرینایییە (کە داگری ڕووی زەوی و ژێر زەوی و ئاسمان و بڕێ لە سەرچاوە دەریایییەکانی نزیک کەنارەکانیەتی) کە حکوومەتی ئەو وڵاتە داوای ئەکا و خۆی بە خاوەنی ئەزانێ و وڵاتانی تریش ئەو داوایەیان قەبووڵە و بە ھیی ئەوی ئەزانن.[٢]

جۆرەکان دەستکاری

سەرزەویی پایتەختی فیدراڵ دەستکاری

لە حکوومەتە فیدراڵەکاندا بۆ ئەوەی ویلایەتێک دەستڕۆشتووتر لەوانی تر نەبێ، پایتەختی وڵات ناخەنە ناو سنووری ھیچ ویلایەتێک. بە جێگەی ئەوە، بەتایبەت سەرزەوییەکی بۆ دیاری ئەکەن تا کورسیی حکوومەتی وڵات لەوێ جێگیر ببێ. بەو سەرزەوییە ئەڵێن سەرزەویی پایتەخت (Capital territory). بۆ نموونە پایتەختی وڵاتانی ھیند و پاکستان و ئۆسترالیا سەر بە ھیچ یەک لە ویلایەتەکان نین و خاک و سەرزەویی تایبەت بە خۆیانیان ھەیە.

سەرزەویی ناسەربەخۆ دەستکاری

سەرزەویی ناسەربەخۆ (Dependent territory) بە سەرزەوییەک ئەوترێ کە بۆ خۆی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و سەربەخۆ نەبێ بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتە حاکمەکەدا بێ.[٣] بۆ نموونە سەرزەوییەکانی بریتانیا لە ئەوبەر دەریاکاندا سەربە شانشینی یەکگرتوون، ھەرچەند خۆیان تا ڕادەیەک حوکمیان بە دەستەوەیە.

سەرزەویی ئەوبەر دەریاکان دەستکاری

سەرزەویی ئەوبەر دەریاکان (Overseas territory) ئەو سەرزەوییەیە کە بە ئۆقیانووسێک لەو وڵاتەی کە حوکمی پێ ئەکا جیا بۆتەوە. بۆ نموونە گرینلەند و دوڕگەکانی فارۆ بە بەشێک لە شانشینی دانمارک ئەژمێردرێن.

سەرزەویی جێناکۆکی دەستکاری

سەرزەویی جێناکۆکی (Disputed territory) بەو ڕووبەرە جوگرافیایییە ئەوترێ کە دوو وڵات یان زیاتر داوای بکەن. وەک کەشمیر کە ھیند و پاکستان، ھەر کامیان بە جیا، داوای ئەکەن. یان وەک کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری کە لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغداددا بوونە بە جێی ناکۆکی.

سەرزەویی داگیرکراو دەستکاری

سەرزەویی داگیرکراو (Occupied territory) ناوچەیەکە کە ھێزێک لە دەرەوە بە لەشکر دەستی بە سەریدا گرتووە، بەبێ ئەوەی بیلکێنێ بە قەڵەمڕەوی خۆیەوە.

چەند نموونەیەک لەم جۆرە سەرزەوییانە لە ڕابرددودا ئەمانەن: ئاڵمانیا دوای شەڕی دووەمی جیھانی، کوەیت دوای ئەوە لە ساڵی ۱۹۹۰دا ئێراق ھێرشی بۆ ھێنا، کۆزۆڤۆی داوی ساڵی ۱۹۹۹ و، زۆرێک تر.

لە نموونەکانی حاڵی حازریش ڕۆخی ڕۆژاوای ڕووباری ئوردن و ڕۆژھەڵاتی قودسن کە لە لایەن دەوڵەتی ئیسراییلەوە داگیر کراون.

سەرزەویی دەریایی دەستکاری

سەرزەویی دەریایی یا سەرزەویی نزیک دەریا (Maritime territory) بەو ئاوانە ئەوترێ کە نزیکن بە کەنارەوە و گەرچی بە ئاوگەلی سەرزەمینی ناژمێردرێن بەڵام ئەکرێ ھاتوچووی کەشتیگەلی وڵاتانی تری تیا قەدەغە بکرێ.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ پێناسی وەک ئەوەی فەرھەنگستانی زمانی فارسی کردوویە.
  2. ^ Brownlie, Ian (2008). Principles of public international law. {{cite book}}: Unknown parameter |ناونیشان= ignored (help)
  3. ^ "Declaration on the Granting of Independence to Colonial Countries and Peoples". United Nations General Assembly Resolution 1514 (XV). the United Nations General Assembly. 14 December 1960. Retrieved 23 September 2019 – via Wikisource.