سیستمی دامەزراوەیی

سیستمی دامەزراوەیی Organizational structure پێکھاتە، شێوازی ھەڵبەستن و ھۆنینەوەی سازمان، چۆنییەتیی دابەشینی دەسەڵات و کار، دابەشینی فەرمانداری و فەرمانبەری لە سازماندا دەگرێتەوە. داڕشتنی ساختاری سازمان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە وەک ڕشتەیەکی تایبەت بووەتە جێی سەرنجی بیرمەندانی وەک فایۆل Henri Fayol و تایلەر Frederick W. Taylor.

دایگرامی ١٨٦٢ ی حکوومەتی فێدەراڵ و یەکێتیی ئەمریکا

سێ لایەنی گرینگ دەستکاری

ساختاری سازمان جگە لەوەی وێنەیەکی گشتی و سەرلەبەری سازمانەکە پێشان دەدات، سێ لایەنی گرینگی کار دیاری دەکات:[١] «دامەزران»، «سنوورداری» و «ھاوئاھەنگی»:

- «دامەزران» - مرۆڤ کە جێی خۆی لە ساختاری سازمانەکەدا ناسی، دەزانێت ئەرک و مافی ھەم خۆی و ھەم کەسانی دەوروبەری چییە.

- «سنوورداری» - ساختاری سازمان سنووری کار بۆ ھەموو کەسێک دیاری دەکات. مرۆڤ ناتوانێ بە ئارەوزووی خۆی کار بکات. ساختار بڕیاری دابەشینی کار دەدات.

- «ھاوئاھەنگی» - ساختاری سازمان ئەرک و بەرھەمی کاری کارمەندان ڕێک دەخات، لەگەڵ یەکیان دەسازێنێت. ئەم سازانەیە دەبێتە زەمینە بۆ ئەوەی دەرئەنجامی ھاوئاھەنگیی بەرھەمی کارمەندان زیادتر بێت لە کۆی بەرھەمی تاکەتاکەیان.

ساختاری سازمان بۆچییە؟ دەستکاری

مرۆڤی خاوەن بیرۆکە و خولیا، ئامانجێکی تایبەت ڕەچاو دەگرێ و کار دەکات بۆ پێکانی ئەو ئامانجە. چی بکات باشە؟ چۆن بکات؟ کێی لەگەڵ بێت، ئەرک و بەرپرسایەتی چۆن دابەش بکرێت؟ چی بکەین بۆ ئەوەی ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییە ھاوئاھەنگ و ھاوسەما بێت؟ چەندین پرسیاری دیکەی گرینگی لەو بابەتە دێنە کایەوە. بە کورتی، مرۆڤ بۆ پێکانی ئامانج، پێویستی بە پێکھێنانی سازمانە و ئەم سازمانەش دەبێ ساختاری ھەبێت.

ھونەری داڕشتنی ساختار دەستکاری

داڕشتنی ساختاریش ھونەری خۆی ھەیە و ئەم ھونەرەش گۆشەنیگای جیاوازی ھەیە، یەک لەوان دەڵێ ساختار چوار جۆر ڕەھەندی ھەیە:

- «مەودای کۆنترۆڵ» Span of Control - واتە ژمارەی ئەو کەسانەی ڕێک لەم پێگەیەدا فەرمانبەرن، فەرمان لە سەرکاری خۆیان وەردەگرن و ڕاپۆرتی ئاڕاستە دەکەن.

- «نێوەندگیری» Centralization و «نێوەندپەرتی» Decentralization - دەکاتەوە چڕ یان پەرت کردنەوەی بەشەکانی سازمان. ساختاری نێوەندگیر ھەوڵ دەدات بەشەکانی کار کۆ بکاتەوە بۆ پتەو کردنی کۆنترۆڵ و کەم کردنەوەی خەرجی. ساختاری نێوەندپەرت بڵاویان دەکاتەوە، گرینگ ڕاھێزانی چوستی و کاریگەرییە نەک گیراندنی ھەموو بەشەکان لە یەک سەنتەردا.

- شێوازبەندی Formalization - لێرەدا جەخت لەسەر پێگە و ڕۆڵ دەکرێ مەبەستیش گورجاندن و چوستاندنی پرۆسەی بڕیاردانە لە سازمانەکەدا.

- بەشبەندی Departmentalization- لێرەدا سازمان بەپێی بوار دابەش دەکرێ، بۆ نموونە: جۆری بەرھەم، کارکرد یان پرۆسەی کار، وەڵات و ناوچە، بازاڕ و کڕیار.

جۆری ساختار دەستکاری

کەواتە سازمان، بە کارمەندان و کاروبارەوە، بەرتاوی جۆری ساختارە. ساختار کاریگەریی ھەم ئایەتی (پۆزەتیڤ) و ھەم نایەتی (نێگەتیڤ) ھەیە لەسەریان. لێرەدا سەیری چەند جۆرێکی جیاوازی ساختار دەکەین:

- ساختاری ھەرەمکار Hierarchical Structure

- ساختاری تەکولۆ (ماتریکس) Matrix Structure

- ساختاری تۆڕبەند Network Structure

ساختاری ھەرەمکار Hierarchical Structure دەستکاری

ساختاری ھەرەمکار Hierarchical Structure لە ھونەری سازمانگەریدا جۆرێکە لە ساختاری سازمان Organizational structure و بەگشتی بۆ دابەشینی ئەرک و ماف دوو جۆری ھەیە:

- ساختاری کارکرد Functional Structure

- ساختاری بەشکار Divisional Structure

ساختاری ھەرەمکار جەخت لەسەر فەرمان و چاودێری دەکات. شیرازەی ھەم پێگە و بەرپرسایەتی، ھەم بڕیار و جێبەجێ کردنی کار بە وردی دیاری کراون. ئەوجا بۆ دڵنیابوون لە چەرخاندنی کاروبار و دەستەبەر کردنی چەندوچۆنی بەرھەمھێنان، کۆنترۆڵ دەخرێتە گەڕ.

شائەرکی ڕێبەر لێرەدا فەرماندارییە. ڕێبەر فەرمان دەدات و سەرکاران - واتە بەڕێوەبەری پیادەکار و سەرۆکبەش - ئەرکیان گەیاندنی ئەو فەرمانەیە بە لێژاری سازمانەکەدا. ئەم گەیاندنی فەرمانە بریتییە لە دابەشینی ئەرک بەسەر بەشەکانی سازمانەکەدا و چاودێریی کارمەندان.[٢]

ساختاری کارکرد Functional Structure لە ساختاری کارکرددا، ئەرکی ھاوجۆر لە یەک یەکەدا گرد دەکرێنەوە و بەوەش کارزانی و توانای ھاوجۆر لە یەک خانەدا جێ دەگرن. بۆ نموونە، ھەر کارێک پەیوەندی بە ئابوورییەوە ھەبێ لە یەکەی «ئابووری» دا ڕێک دەخرێت.

ساختاری کارکرد ھەم توانا و کارزانیی سازمان لە بواری تایبەتدا کۆ دەکاتەوە و ھەم ڕزگاریشی دەبێت لە دووپات کردنەوەی ھەمان کار لە بەشی جیاوازدا. بەڵام لایەنی دیکەی ھەیە لاوازە، بۆ نموونە: دوور نییە بەشی جیاواز «فەرھەنگ» ی جیاواز بۆ خۆی جودا بکاتەوە و گیانی یەکبوون و گشتەکی (ھۆگریی ھاوکۆ بۆ یەک گشتەی سەرلەبەر) لاواز بێت. پتەوبوونی پەیوەندیی نێوان بەشەکان بەندە بە ویستی ھاریکاریی سەرۆکبەش و بەڕێوەبەران. ئەوان ھاریکار و دۆست نەبن، ھاوئاھەنگی دژوار دەبێت.

ساختاری بەشکار Divisional Structure لە ساختاری بەشکاردا، ھەر بەشێک دەبێتە خاوەن ھەموو ئەو ھونەر و ئەرکانەی پێویستە بۆ جێبەجێ کردنی کاروباری خۆی. کەسانی قانوونناس، ئابووریناس و ھتد، لە بری ئەوەی لە یەکەی کارکردی خۆیاندا کۆ ببنەوە، بەسەر ھەموو بەشە جیاوازەکانی سازمانەکەدا بڵاو دەبنەوە. مەبەستیش لێرەدا ئەوەیە ھەر بەشێک سەربەخۆ پێداویستییەکانی خۆی دابین بکات و ناچار نەبێ بۆ ھەر جۆرە کارێک ڕوو لە بەش و لایەنێک بنێت.

خاڵی بەھێز و لاوازی ساختاری ھەرەمکار ئەم دوو جۆرە ساختارە ھەرەمکارە: «ساختاری کارکرد» و «ساختاری بەشکار» ھەر یەکەیان لە ھەلومەرجی خۆیدا ھەم کاریگەرە و ھەم گیرۆدەی کۆسپی تایبەتە.[٣]

- «ساختاری کارکرد» کارزانیی گشت سازمانەکە لە یەکەی دیاریکراودا کۆ دەکاتەوە و ئاستی خەرجی دا دەگرێت. بەڵام ھەموو بەشێک وابەستەی سەرلەبەری سازمانەکەیە و بە تەنێ کاری بۆ ناچێتە سەر.

- «ساختاری بەشکار» ھەموو بەشێک خاوەن توانای خۆیەتی، وابەستەی بەشەکانی دیکە نییە، سەرفەرازە و باشتر دەروەستی گۆڕانکاری دێت. بەڵام ئەرکی گەورە و خەرجیی مەزنی لەسەر شانە.

لێکدانی ئەم دوو جۆرە لە بارودۆخی پێویستدا شێوازێکی دیکەی ساختار پێک دێنێ. ئەم ساختارە چەند ناوێکی ھەیە، بۆ نموونە ساختاری پرۆژەکاری یان ماتریکس. لێرەدا ناوی دەنێین ساختاری «تەکولۆ».

ساختاری تەکولۆ (ماتریکس) Matrix Structure دەستکاری

 
A matrix organization

ساختاری تەکولۆ (ماتریکس) Matrix Structure لە ھونەری سازمانگەریدا جۆرێکە لە ساختاری سازمان Organizational structure. ئەمیان جۆرە تێکبەستنێکی ھەردوو مۆدێلی «ساختاری کارکرد» و «ساختاری بەشکار» ە.

ئەم ساختارە کاتێک کاریگەرە مرۆڤ بیھەوێ بەشی پێویست لە توانا و کارزانیی گشت سازمانەکە لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەرخان بکات بۆ ئەرک و پرۆژەی دیاریکراو. بەڕێوەبەری پرۆژە کارمەندی تایبەتی خۆی نییە، کارمەند لە بەشی جیاواز و کارکردی جیاوازەوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو وام (قەرز) وەردەگرێت.

سوود وەرگرتن لە توانای ھەمەڕەنگی نێو سازمان بۆ جێبەجێ کردنی ئەرک جیاواز لە بواری جیاوازدا، خاڵی گەشی ئەم جۆرە ڕێکخستنەیە. ئەم جۆرە بزۆزی و بوارگۆڕییە زەمینە خۆش دەکات بۆ ڕاھێزانی توانای کارمەندان.

بەڵام ساختاری تەکولۆ خاڵی لاوازیش ھەیە، بۆ نموونە: سنووری ئاشکرای ئەرک و دەسەڵات کاڵ دەبێتەوە. فەرمانبەر لە بری یەک سەرکاری ئاشکرا و دیاریکراو، دوو یان چەند سەرکارێکی لێ پەیدا دەبن و ھەریەک ئامانج و مەرجی خۆی دەبێت، دووریش نییە ئەم دیاردەیە ببێتە مایەی فرەکوێخایەتی و ئاڵۆسکان.

بەگشتی مرۆڤ لە کاتی پرۆژەکاریدا پەنا دەباتە بەر سازمان و ساختاری تەکولۆ، بەڵام ئەم جۆرە ساختارە ئاسان نییە و گەر ناچاری نەبێت، فۆرمی دیکە کاریگەرترن.

ساختاری تۆڕبەند Network Structure دەستکاری

ساختاری تۆڕبەند Network Structure لە ھونەری سازمانگەریدا جۆرێکە لە ساختاری سازمان Organizational structure. لێرەدا چەندین سازمانی تایبەتکار لە بواری جیاوازدا لە چێوەی تۆڕێکی فەرمی و جێکەوتوودا، بۆ جێبەجێ کردنی کاری جیاواز، ھاریکاریی یەکدی دەکەن.[٤] لەبری ئەوەی گشت ئەرک و سەرجەم کاری پێویست لە یەک سازماندا ئەنجام بدرێت، سازمانی جودا ئەرکی جودا دەگرنە ئەستۆ و لە تۆڕێکی دیاریکراودا، بە شێوەیەکی فەرمی، کار بە یەکدی دەسپێرن.

لە ساختاری تۆڕبەنددا دیاردەی ھاریکاری و ھاوئاھەنگی خاڵی ھەرە گرینگ و ھەستیارە. بێ جۆشدانی پەیوەندی و ڕێکخستنی ھاریکاری، بێ ھاوئاھەنگیی نێوان سازمانگەلی نێو تۆڕ، ڕەوتی کار بەربەیار سەرکەوتوو نابێ.

گەشە کردنی تۆڕبەندیی لە دونیای کاردا کە بەشێکی زۆری سەودا و مامەڵەیە لەتەک دەوروبەردا، ھەلومەرجی خۆی ھەیە، بۆ نموونە:

  1. دیاری کردنی ئامانج
  2. دیاری کردنی یاوەر – کێین ئەوانەی لەم بوارەدا دەتوانم ھاوکارام بن؟
  3. پەیوەندیی کەسەکی - مرۆڤ و پەیوەندییەکانی مرۆڤ ھەم لە نێو سازمانەکەی خۆیدا و ھەم لەگەڵ دەوروبەردا ھۆکاری گرینگن بۆ دۆزینەوەی بواری نوێ، جا بوار زانست بێ یان ھونەر، بازاڕ بێ یان سیاسەت.
  4. تۆڕبەندیی ناوەکی و دەرەکی - گەشەندی کاروبار پێویستی بە ساز کردنی پەیوەندیی دروستە لەگەڵ دەوروبەردا
  5. ھەموو دیدارێک دەرفەتە بۆ تۆڕبەندی و ئەمانیش دەرفەتن بۆ فێربوون - تۆڕبەندی نە لە بۆشاییدا دروست دەبێ و نە لەخۆڕا گەشە دەکات.

وەک لەم خاڵانەی سەرەوەدا خویا دەبێت، دانوستان بەردی بناخەی پەیوەندییە. دانوستانیش ھەم فەرمی ھەیە ھەم نافەرمی. لێرەدایە مرۆڤ ھونەری پەیوەندسازی Public Realtions - PR دەخاتە کار بۆ جۆشاندنی دۆستایەتی و خامۆش کردنەوەی نەیاری.[٥]

ساختاری تۆڕبەند تایبەتمەندیی بەھێزی ھەیە، بۆ نموونە: جەخت کردن لەسەر کڕۆکی کار و شامەبەستی سازمانەکە - بوار و ئەرکی لابەلا «دەرسپێر» دەکرێن.

خاڵی لاوازیش بریتییە لە: «وابەستەبوون» بە لایەنی دەرەکییەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی تایبەت. ھەیشە لە بواری سازمانگەریدا ئەم تۆڕبەندییە بە ساختار نازانێت[٦] و پێی وایە تۆڕبەندی تەنھا شێوازێکە بۆ ڕاپەڕاندی کار نەک بۆ ڕوون کردنەوەی سەرلەبەری ساختاری سازمان.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Jacobsen, Dag Ingvar & Thorsvik, Jan. Hur moderna organisationer fungerar. Studentlitteratur (2002): 83
  2. ^ Svedberg, Lars. Gruppsykologi - Om grupper, organisationer och ledarskap. Studentlitteratur. Tredje upplagan. 2003 (2003): 252.
  3. ^ Bakka, Jørgen F. & Fivelsdal, Egil & Lindkvist, Lars. Organisationsteori: Struktur - Kultur - Processer. Liber (1999):48.
  4. ^ Jacobsen, Dag Ingvar & Thorsvik, Jan. Hur moderna organisationer fungerar. Studentlitteratur (2002): 275
  5. ^ Briner, Wendy & Hastings, Colin & Geddes, Michael. Projektledaren. Svenska förlaget (1999): 170.
  6. ^ Karlöf, Bengt & Lövingsson, Fredrik Helin. Management från A till Ö - Förklaringar till 150 begrepp och modeller. SIS Förlag (2007): 240.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری

Nationalencyklopedin[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]

(Jacobsen, Dag Ingvar & Thorsvik, Jan. Hur moderna organisationer fungerar. Studentlitteratur (2002

(Bakka, Jørgen F. & Fivelsdal, Egil & Lindkvist, Lars. Organisationsteori: Struktur - Kultur - Processer. Liber (1999

(Briner, Wendy & Hastings, Colin & Geddes, Michael. Projektledaren. Svenska förlaget (1999

(Karlöf, Bengt & Lövingsson, Fredrik Helin. Management från A till Ö - Förklaringar till 150 begrepp och modeller. SIS Förlag (2007

(Svedberg, Lars. Gruppsykologi - Om grupper, organisationer och ledarskap. Studentlitteratur. Tredje upplagan (2003

«سازمانگەری»