ستیڤن پرویت (لەدایکبووی ١٩٨٤ لە سان ئەنتۆنیۆ، ولایەتی تێکساس، ئەمریکا) زیاتر ناسراوە بەوەی کە زۆرترین دەستکاری لە ویکیپیدیای ئینگلیزی ئەنجام داوە. ستڤین لەکۆی ئەو ٦ ملیۆن وتارەی لە ویکیپیدیای ئینگلیزیدا ھەیە زیاتر لە ٣٥٬٠٠٠ وتاری نووسیوە و ڕێژەی ٣ ملیۆن دەستکاری تێیاندا ئەنجام داوە و لە پلەی یەکەمدایە بە ٩٠٠٬٠٠٠ دەستکاری لەپێش ئەو کەسەی پلەی دووەمە. ساڵی ٢٠١٧ گۆڤاری تایم ستیڤنی بە یەکێک لەو ٢٥ کەسە دانا کە کاریگەری زۆریان لەسەر ئینتەرنێت ھەبوو ھاوشان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و جەی کەی ڕۆڵینگ و کیم کارداشیان. ستیڤن لەژێر نازناوی Ser Amantio di Nicolao چالاکییەکانی ئەنجام دەدات و ئەم ئەکاونتەی ساڵی ٢٠٠٦ دروستکردووە بەڵام یەکەم دەستکاری بە ئەکاونتی دیکە و لە ساڵی ٢٠٠٤ ئەنجام داوە.[١]

ستیڤن پرویت

لەدایکبووننزیکەی ١٩٨٤
سان ئەنتۆنیۆ، تێکساس، ئەمریکا
خوێندنگەبەکالۆریۆس لە زانکۆی ولیام و ماری
چالاکبوون٢٠٠٦-تا ئێستا
ناسراوە بەزۆرترین دەستکاری لە ویکیپیدیای ئینگلیزی
دیاریکرا وەک یەکێک لە کاریگەرترین ٢٥ کەس لەسەر ئینتەرنێت لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن گۆڤاری TIME

ژیانی سەرەتایی دەستکاری

ستیڤن پرویت ساڵی ١٩٨٤ و لە سان ئەنتۆنیۆی ولایەتی تێکساسی ئەمریکا لەدایکبووە و تەنھا منداڵی دایک و باوکییەتی، دایکی ناوی ئالا پرویتە و جولەکەیەکی ڕووسی پەنابەرە و باوکیشی ناوی دۆناڵد پرویتە لە شاری ڕیشمۆندی ڤێرجینیا. ساڵی ٢٠٠٢ خوێندنی ئامادەیی کۆتایی پێھێنا و ساڵی ٢٠٠٦ کۆتایی بە کۆلێژی مێژووی ھونەری ھێنا.[٢]

چالاکی لە ویکیپیدیا دەستکاری

ستیڤن دەڵێت ساڵی ٢٠٠٤ کە ھێشتا تازە بەکارھێنەرێکی ویکیپیدیا بوو دەستی بە بەکارھێنانی کرد لەدوای ئەوەی ویکیپیدیا لە ھەر گەڕانێکی گۆگڵدا دەردەکەوت و دوای ماوەیەک زانی ھەموو کەس دەتوانێت دەستکاری وتارەکان بکات یان وتار دروست بکات. ستیڤن یەکەم وتاری لەسەر پیتەر فرانسیسکۆ نووسی کە یەکێک لە باپیرە گەورانییەتی و بەژداری شەڕی سەربەخۆیی ئەمریکای کردبوو. یەکێک لەو شتانەی ستیڤنی بۆ ستایش دەکرێت ئەو کارەیە کە بۆ ژنانی ئەنجام کردووە. ستیڤن لە چالاکییەکانی ناو ویکیپیدیایدا گرنگی زۆری بە ژنان داوە و وەک دەڵێ ھەر لە سەرەتاوە تێبینی ئەوەی کردووە کە ژنان فەرامۆش کراون لە ویکیپیدیادا ھەربۆیەش بۆ خۆی وتاری لەسەر زیاتر لە ٦٠٠ ژن نووسیووە. زۆرجار دەگوترێت ویکیپیدیا سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو نییە، بۆ وەڵامی ئەمە ستیڤن دەڵێت ویکیپیدیا سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوە و ئەو لەکاتی توێژینەوەکانی ھەڵەی لە کتێبەکانیش دۆزیوەتەوە ھەربۆیە ئەگەر مامۆستا بێت ڕێگە لە قوتابییەکانی ناگرێت لە بەکارھێنانی ویکیپیدیا. ستیڤن زۆرینەی کاتی بەسەر دەبات بە ڕاستکردنەوەی ھەڵەی ڕێنووسی، ھەڵە بەکارھێنانی وشە، بەکارھێنانی نووسینی باری لاری و تۆخ کە ھەڵە بەکارھێنانیان یەکێکە لەو شتانەی بێزاری دەکات. ستیڤن دەڵێت کە داوای لێکراوە وتار دروست بکات بۆ کەسانی دیاریکراو و پارەشی پێشکەشکراوە بەڵام ئامادە نەبووە وەری بگرێت چونکە، وەک ستیڤن دەڵێ، ویکیپیدیا کۆمەڵگەیەکی ئازادە و شتێکی دروست نابێت پارە وەربگریت. ستیڤن دەڵێ دوای ئەوەی داوای لێکراوە ئامادە بووە وتارێک بۆ کەسانێک دروست بکات بەڵام تەنھا لە حاڵەتی ئەوەی کە کەسەکەی بە شایەنی ئەوە زانیبێت کە وتاری خۆیان ھەبێت لە ویکیپیدیادا و ئامادەش نەبووە ئەو زانیارییانە بەکاربێنێت کە کەسەکە پێی داوە، بەڵکو خۆی گەڕاوە بۆ زانیاری لەسەریان. ستیڤن دەڵێت بۆ نووسینی وتارەکانی سوودی زۆر لە کتێب وەردەگرێت و لە ساڵانی سەرەتاییدا ھەندێک شت لەسەر ئینتەرنێت بەردەست نەبوونە ھەربۆیە ئەو نووسینی ناو کتێبەکانی ھێناوەتە ناو ئینتەرنێت و ئەوەش ھەستێکی خۆشی پێدەبەخشێت. سەبارەت بە ئەگەری وەستاندنی چالاکییەکانی لە ویکیپیدیادا ستیڤن دەڵێت گومانم ھەیە ھەرگیز لە کارکردن لە ویکیپیدیادا بووەستم.[٣]

چاوپێکەوتن دەستکاری

لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ستیڤن بەشداری پڕۆگرامی CBS This Morning ـی کرد. لە چاوپێکەوتنەکەدا ستیڤن باسی لەوە کرد کە یەکەم وتار کە دروستی کرد لەسەر باوانێکی خۆی بوو و باسی لەوەش کرد کە چۆن کار دەکات بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بە ژنان بدرێت لە ویکیپیدیادا.[٤]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "The 25 Most Influential People on the Internet". Time.com.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ "THE WIKIMAN, How the most prolific Wikipedia editor is expanding what we know about the world". magazine.wm.edu.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ "Steven Pruitt's IAmA on Reddit". Reddit.com.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  4. ^ "Meet the man behind a third of what's on Wikipedia". Cbsnews.com.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)