ئۆتۆریتاریانیزم ("دەسەڵاتخوازی") یان ئۆتۆریتاریزم (Authoritarianism/Autoritarisme) سیستمێکە لە حکوومەت کە بە ھێزێکی ناوەندی بە توانا و ئازادیگەلی سیاسی سنووردار تایبەتمەند کراوە. ئازادییە تاکە کەسییەکان پاشکۆی دەوڵەتە و لەژێر سێبەری ڕژێمی پاوانخواز وەڵامدانەوەی یاسایی بوونی نییە.[١] پێناسەکردنێکی ڕوونی ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان دژوارە، چونکە چەمکەکە کۆمەڵێکی زۆر و جۆراوجۆر لە فۆڕمەکانی دەسەڵات لە خۆ دەگرێ. ئۆتۆریتاریزم بە چەندین جۆری ڕێژیم دەگوترێ کە نە دێمۆکراتن نە تۆتالیتەر، وەکوو: ڕێژیمە نیزامی‌یەکان، ھەندێک لە پاشایەتی‌یەکان، ھەندێک لە کۆماری‌یەکان و جۆرەکانی‌تر، بەڵام خاڵی ھاوبەشی ھەموویان کەڵکوەرگرتنی خراپە لە دەسەڵات. لە ھەموویاندا، دەوڵەت ھەوڵ دەدا لە جێگەی سازش لەگەڵ گرووپ و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە ڕێگەی ھێزەوە حکوومەت بکا، لە جێگەی ڕازیکردن فەرمان بدا و لە جێگەی مافەکان ڕێسای کردەیی جێگیر بکا. بە پێچەوانەی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان، ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان بەردەوام ھەوڵ دەدەن وێنەیەکی دێمۆکراتیک لە خۆیان پێشان بدەن، تەنانەت ھەندێکیان خۆیان بە دێمۆکراتیک ناو دەبەن. بەپێی پۆلێن‌بەندی ھاوچەرخی ڕێژیمە سیاسی‌یەکان، ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان نە دێمۆکراتیکن نە تۆتالیتەر، بەڵکوو لە نێوان ھەردوو جەمسەر دان (دیلان هەردی).[٢]

ئۆتۆریتاریزم لە نێوان تۆتالیتاریزم و دێموکراسیدا

تایبەتمەندییەکانی ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان دەستکاری

  • لە ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکاندا، ئازادی و پلۆڕاڵیزم سنووردارن و ئایدۆلۆژیای حیزبی دەسەڵاتدار یان حکوومەت بە سەر تەواوی کۆمەڵگادا ناسەپێندرێ. ئەگەر ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان، کۆنتڕۆڵی تەواویان بە سەر کۆمەڵگادا ھەیە و تەنانەت مۆدێل و شێوازی بیرکردنەوەش بۆ خەڵک دیاری دەکەن، ڕژیمە ئۆتۆریتەرەکان زیاتر گوشار دەخەنە سەر ناڕازیان و ئۆپۆزیسیۆن.
  • یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندی‌یەکانی ئۆتۆریتاریزم کە لەلایەن زاڤیێ کرێتیێ‌ـو توێژینەوەی لەسەر کراوە، «ئابووری تاڵانکردن» ـە. بە پێی ئەو تایبەتمەندی‌یە، ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان ھەوڵی بە کەسیی کردن و بنەماڵەیی کردنی سەرچاوەکانی دارایی وڵات دەدەن. لە ھەندێک مۆدێل‌دا، ئایدۆلۆژیایەکی میانەڕەو ھەیە کە ھەوڵ دەدا کۆمەڵگا بھێنێتە ناو دەوڵەت. بۆ ئەو جۆرە لە ئۆتۆریتاریزم، مۆدێرنیتە وەکوو ھەڕەشە سەیر دەکرێ. سەبارەت بە سەرکوت، لە ئۆتۆریتاریزمدا، سەرکوتکردن ناگشتێندرێ، بەڵکوو تەنیا کۆمەڵێک خەڵک یان چەند گرووپێکی تایبەت دەکرێنە ئامانج. ھانا ئارێنت پێیوایە، ئەگەرچی لە ئۆتۆریتاریزمدا ئازادی‌یەکان سنووردار کراون، بەڵام بە تەواوەتی وەلا نەنراون. ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان بەرگەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی سنووردار و ئۆپۆزیسیۆنێکی نەرم لەسەر شەقام و لە ناو بڵاوکراوەکاندا دەگرن‌و ڕەتی ناکەنەوە (دیلان هەردی).[٣]

سێ تایبەتمەندیی سەرەکیی ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان دەستکاری

ژوان لەنز سێ تایبەتمەندیی سەرەکیی ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکانی دیاری کردووە:

  • پلۆڕاڵیزمی سنووردار، لەبەر ئەوەی پلۆڕاڵیزمی بێ سنوور تایبەتە بە دێمۆکراسی لیبڕاڵ‌و نەبوونی پلۆڕاڵیزمیش تایبەتە بە ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان.
  • ھەبوونی مێنتاڵیتە لە جیاتی ئایدۆلۆژیا، چونکە ئایدۆلۆژیا نەگۆڕ، سیستەماتیک، یوتۆپیک و گشتگیرە و بەشێوەی عەقڵانی گەشەی پێدراوە، بەڵام بە پێچەوانەوە، مێنتاڵیتە شێوەی بیرکردنەوەیە و کەمتر سیستەماتیکە و زیاتر ئامۆڕف و بێ فۆڕمە، کەمتر عەقڵانی و زیاتر ئیحساسی و عاتفی‌یە.
  • نەبوون یان لاوازبوونی تەیارکردنی سیاسی، چونکە بە نەبوونی ئایدۆلۆژیایەکی بەھێز، تەیارکردن دژوار یان ئەستەمە. ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان سیستەمگەلێکی ئاڵۆزن، لەبەر ئەوەی تایبەتمەندی و توخمی مۆدێلی دژ بەیەک پێکەوە کۆ دەکەنەوە و پێکەوە دەیانگونجێنن. لە ھەندێک لە ڕێژیمە نادێمۆکراتیکەکان‌دا، دۆزینەوەی سروشت و ناوەرۆکی ڕێژیمە سیاسی‌یەکە دژوارە، لەبەر ئەوەی ڕێژیمەکە تایبەتمەندیی چەندین جۆری ڕێژیمی لە خۆیدا کۆ کردووەتەوە (دیلان هەردی).[٢]

بابەتە پەیوەندیدارەکان دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Sekiguchi, Masashi (2010-08-27). Government and Politics - Volume I. EOLSS Publications. p. 92. ISBN 978-1-905839-69-8. Retrieved 26 December 2016". {{cite web}}: Missing or empty |url= (help)
  2. ^ ئ ا ھەردی, دیلان (2019). رێژیمی سیاسیی ئێران: لە نێوان ئۆتۆریتاریزم و تۆتالیتاریزم دا. ھەولێر: ناوەندی ئاوێر. pp. ١٣–١٦.
  3. ^ ھەردی, دیلان. "ئۆتۆریتاریزم (دەسەڵاتخوازی)". رۆژنامەی کوردستان. ٧٧٦.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری