جەنگی دەروونی بە چەند ناوێکی دیکەش ناسراوە وەک کردەی دەروونی، جەنگی سیاسیی، «دڵ و مێشک» لەگەڵ پروپاگەندە. دەستەواژەی جەنگی دەروونی بەکاردێت بۆ پێناسەکردنی ھەر کردەیەک کە لەڕێی شێوازی دەروونییەوە جێبەجێ بکرێت بەمەبەستی دروستکردنی کاردانەوەیەکی نەخشێنراو لە کەسانی دیکەدا.[١]

چەندین ڕێگە بەکار دێت کە ئامانجی نیشانە گرتنەوە و کارتێکردنە لە بنەما سەرەکییەکانی ژیان، باوەڕ، ھەست و سۆز، پاڵنەرەکان، ژیربێژی یان ھەڵسوکەوتەکانی کەسانی بەرامبەر و بەکاردێت بۆ بنیادنانی دانپێدانان یان پتەوکردنی ئەو ھەڵسوکەوت و ڕەوشتانەی بەلای کەسی دروستکەری جەنگەوە گرنگە. ھەروەھا سوودبەخشە بۆ تێکشکاندنی ورە و گڕ و تینی لایەنی بەرامبەر لەڕێی بەخەمۆکی کردنی باری دەروونیی سەربازەکانیان.

ئەم جۆرە جەنگ و ململانێیە تەنھا سەرباز و سوپاکان بە ئامانج ناگرێت، بەڵکوو دەشکرێت لایەنانی بەئامانجگیراو بریتی بن لە حکوومەتەکان، ڕێکخراوەکان، کۆمەڵەکان و تاکەکەسەکان. کارێکی یەکجار سەختە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان ئەم جۆرە جەنگ و ململانێیە ڕووبەرووی یاسا و دادپەروەری بکرێنەوە.

بەدرێژاییی مێژووی تۆمارکراوی مرۆڤایەتی، بەڵگەی جۆراوجۆر ھەن لەسەر جەنگی دەروونی. لە سەردەمانی نوێ، ھەوڵی زۆر دراوە بۆ ئەنجامدانی جەنگی دەروونی و ڕێگەی پەیوەندیکردنی بەکۆمەڵ ڕێخۆشکەر بووە لە دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دانیشتووانی لایەنی بەرامبەر و ھەر بەم ھۆیەشەوە لە چەندین جەنگ و کاتی جیاوازدا بەکارھاتووە. لەم ساڵانەی دوای دا و لەگەڵ پێشکەوتنی ئینتەرنێت و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دا، بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست و نەڵپەسێردراو بووەتە کارێکی ئاسان و ھەر کەسێک لە ھار شوێنێکی جیھان دەتوانێت بیکات.[٢][٣]

شێوازەکان دەستکاری

تازەترین ڕێگاکانی بەکارھێنانی جەنگی دەروونی بریتین لەم ڕێگا سەربازییانە:

  • کەمکردنەوەی ورە
  • بڵاوکردنەوەی کورتە نووسراوی بچووک بۆ ھاندانی چۆڵکردن یان پێدانی ڕێنمایی لەسەر چۆنیەتی خۆبەدەستەوەدان.
  • نەخشەسازیی سەربازیی ڕاچڵەکین و ڕاتەکاندن
  • لێدان و ئاراستەکردنی دەنگی مریشک و مۆسیقای بێزارکەر و دووبارەبووەوە بۆ ماوەیەکی درێژ بە دەنگێکی بەرز بەرامبەر ئەو لایەنەی لەژێر گەمارۆن.
  • ھاندان و باوەشکردنەوە بۆ لێبووردەیی، بە مەبەستی لابردن و سڕینەوەی نەریت و کولتووری «دوژمنی دۆڕاو» بەبێ توندوتیژی.
  • وێستگەی ڕادیۆیی پروپاگەندە
  • کردەی ناونانەوەی شارەکان و شوێنەکانی دیکە لە دوای گرتنیان. وەک لە جەنگی ڤێتنام و لە دوای سەرکەوتنی شیوعییەکان ھەستان بە ناونانەوەی شاری سایگۆن بە شاری ھۆ چی مین.
  • بەکارھێنانی ئامێری بڵندگۆی زۆر بەرز بە مەبەستی پەیوەندیکردن بە سەربازانی لایەنی بەرامبەرەوە.
  • تیرۆر
  • ھەڕەشەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و زیندەیی
  • جەنگی زانیاری

زۆرینەی ئەم ڕێگایەنە لە ماوەی جەنگی جیھانیی دووەم یان پێشتر پەرەیان پێ دراوە و لە ھەموو جەنگ و ململانێیەک بە ڕادەی جیاواز بەکارھێنراون. دانیاڵ لێرنەر، ئەندامی نووسینگەی خزمەتگوزارییە ستراتیژییەکان (OSS) کە بە لایەنی پێشووتری سی ئای ئەی (CIA) دادەنرێت، لە کتێبەکەی ھەوڵ دەدات شیکاری ڕێژەی کاریگەریی ڕێگا و شێوازە جیاوازەکانی جەنگی دەروونی بکات. لە پوختەی ھەوڵەکەی بۆی دەردەکەوێت کە بەڵگەیەکی زۆر کەم لەبەردەستن کە ھیچ یەکێک لە ڕێگاکان کاریگەرییەکی گەورە و یەکلایکەرەوەیان ھەبێت جگە لە ڕێگای پێدانی ڕێنماییی خۆبەدەستەوەدان لەڕێی بڵندگۆوە لە کاتێک سەرکەوتن یەکجار نزیکە. بەھۆی ئەمەوە دەردەکەوێت کە دەستنیشانکردنی ڕێژەی سەرکەوتوویی یان شکستی جەنگی دەروونی گەلێک سەختە.[٤]

بەھەمان شێوە دانیاڵ لێرنەر کردەکانی جەنگی دەروونی بەسەر سێ بەش پۆلێن دەکات:

  • پروپاگەندەی سپی: ڕاستگۆیانەیە و بەشێوەیەکی توند لایەنداری ناکات و سەرچاوەی زانیارییەکان باوەڕپێکراو و پشتڕاستکراوەن.
  • پروپاگەندەی خۆڵەمێشی: بەشێوەیەکی گشتی و زۆرینە ڕاستگۆیانەیە و ھیچ زانیارییەکی تێدا نییە بتوانرێت بەدرۆ بخرێتەوە بەڵام سەرچاوەی زانیارییەکان نادیارن و دەستنیشان نەکراون.
  • پروپاگەندەی ڕەش: لە ناوەڕۆکەوە ھەڵخڵەتێنەرە و ڕاستگۆ نییە، ئەو زانیارییەی لە پەیامەکە خراوەتەڕوو پەیوەستکراوە بە سەرچاوەیەکەوە کە سەرچاوەکە ھیچ بەرپسیار نییە لە دروستکردنی ئەو زانیارییە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Szunyogh, Béla (1955). Psychological warfare; an introduction to ideological propaganda and the techniques of psychological warfare. United States: William-Frederick Press. p. 13. Retrieved 2015-02-11.
  2. ^ Wall, Tyler (September 2010). U.S Psychological Warfare and Civilian Targeting. United States: Vanderbilt University. p. 289. Retrieved 2015-02-11.
  3. ^ Kirdemir, Baris (2019). "HOSTILE INFLUENCE AND EMERGING COGNITIVE THREATS IN CYBERSPACE". Centre for Economics and Foreign Policy Studies. {{cite journal}}: Cite journal requires |journal= (help)
  4. ^ David Nicolle, The Mongol Warlords: Genghis Khan, Kublai Khan, Hulegu, Tamerlane (2004) p. 21