تەحسین تەھا (لەدایکبووی ٢٥ی ئەیلوولی ١٩٤١ لە ئامێدی - مردووی ٢٨ی ئایاری ١٩٩٥ لە ھۆڵەندا) گۆرانیبێژێکی کورد بوو.[١] تەحسین تەھا لە چەند بەرھەمێکی شانۆییشدا نواندنی کردووە.[٢]

تەحسین تەھا
لەدایکبوون٢٥ی ئەیلوولی ١٩٤١
ئامێدی، عێراق
مردن٢٨ی ئایاری ١٩٩٥(١٩٩٥-٠٥-٢٨) (٥٣ ساڵ ژیاوە)
پیشەمۆسیقاژەن، گۆرانیبێژ، چالاکوان
ئامێری مۆسیقادەنگ

ژیان دەستکاری

ژیانی سەرەتایی دەستکاری

تەحسین تەھا ساڵی ١٩٤١ لە ئامێدی لە دایک بووە. چونکە باوکی فەرمانبەر بووە، لە گەلێک شار و شارۆچکە و ناوچەی دەڤەری بادینان ژیاوە، بۆیە تەحسین خوێندنی لە ناوچەی مانگیش و باتووفە و شاری دھۆک تەواو کردووە و دوای خوێندنی قۆناغی ناوەندی، چووەتە بەغداد و لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان وەرگیراوە و خۆی فێری ژەنینی ئامێری عوود کردووە و پڕۆڤەشی لەسەر سترانبێژی کردووە و ھاتوچۆی ئێستگەی ڕادیۆی کوردی کردووە لە بەغدا و لەو ئێستگەیەدا سترانی بەسۆزی پێشکەش بە گوێگران کردووە.

ژیانی ھونەریی دەستکاری

تەحسین تەھا ساڵی ١٩٥٨، یەکەم گۆرانی خۆی بە ناوی «ئەشکەرا ناکەم یا لبەر ڤی دڵی» بڵاو کردووەتەوە. تەحسین تەھا ھاوینی ١٩٦٤، خوێندنی ھونەرە جوانەکان تەواو دەکات[٣] و بۆ پاییزی ئەو ساڵە دەکرێت بە مامۆستای پەروەردەی ھونەر لە قوتابخانەی مەخمووری سەرەتایی لە پارێزگای ھەولێر. گەلێک چالاکیی ھونەریی لە بواری مۆسیقا و سروودی نیشتمانی لەو شارۆچکەیەدا دەنوێنێت و بزووتنەوەی شانۆش لە شارۆچکەکە پێش دەخات و ماڵەکەیشی دەکاتە مەڵبەندێکی ھونەری و یانەی مۆسیقازان و گۆرانیبێژانی کورد.[٤] تەحسین ساڵی ١٩٦٨ دەگوێزێتەوە بۆ شاری ھەولێر و لە قوتابخانەی یەکەمی نموونەیی ھەولێر دەکرێت بە مامۆستای سروود و مۆسیقا، گیانی ھونەریی لە نێو قوتابییەکانیدا پەروەردە دەکات و لە دەرەوەی قوتابخانە‌شدا لەگەڵ دەستەیەک لە مۆسیقازان و ھونەرمەندی ئەم شارە تیپی مۆسیقای ھونەری ھەولێر دادەمەزرێنێت.[٥] ھونەرمەند تەحسین تەھا لە بەشی چالاکیی ھونەریی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی ھەولێر دەکرێت بە ڕاھێنەری مۆسیقا و سروودی قوتابخانەکان و دەستەیەکی باش لە قوتابییەکانی فێری مۆسیقا دەکات.

کۆچی دوایی دەستکاری

تەحسین تەھا لەو سەردەمەی کە باری کوردستان سەخت بووە چووەتە وڵاتی ھۆڵەندا و چەند ساڵێک لەو وڵاتەدا ژیاوە، تاکوو لە ٢٨ی ئایاری ١٩٩٥دا لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی لە ٤ی حوزەیران دەگاتەوە کوردستان و لە ئامێدی بە خاک دەسپێردرێت.[٣]

ھونەری تەحسین تەھا دەستکاری

ئاوازەکانی ئەم ھونەرمەندە پتر لە ئاوازی میللی و کەلەپووری ھونەری نەتەوایەتی کوردەوە وەرگیرابوون و گیانی ژیانی گوند و لادێیان پێوە دیار بوو؛ ھەموویان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەڤین و خۆشەویستییەوە سەریان ھەڵدابوو، زۆربەی ئەو ئاوازانەیشی لەسەر مەقامی بەیات دەگوتران، چونکە لەگەڵ دەنگە بەسۆزە‌کەی دەگونجا و لە مۆسیقازان و ئاوازدانەرەکانی کورد زۆر ڕای لە دڵشاد سەعید و ئەنوەر قەرەداغی بوو، لە گۆرانیبێژەکانیش زۆر ڕای لە محەممەد عارفی جزیری و تایەر تۆفیق و شەماڵ سائیب بوو. ئەنوەر قەرەداغی لەبارەی تەحسین تەھا وتوویەتی: «بە ھونەرەکەی خزمەتێکی باشی بە ھونەری نەتەوەکەی کرد و توانیبووی شوێنی خۆی لەناو دڵی جەماوەرکەی بکاتەوە و ھەمیشە ھەوڵی داوە کە قورسایی خۆی بپارێزێت».[١]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا تەحسین تەھا، ھونەرمەندی گەلێک، ماڵپەڕی کوردستانی نوێ، ٤ی ئەیلوولی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  2. ^ تەحسین تەھا، ھونەرمەندی گەلێک[بەستەری مردوو]، ماڵپەڕی ڕۆژنیوز، ٢٨ی ئایاری ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  3. ^ ئ ا تەحسین تەھا، ماڵپەڕی خاک تیڤی، ٢٩ی ئایاری ٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە.
  4. ^ مامۆستا-تەحسین-تەھای-ھونەرمەندە ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا (تەحسین تەھا)ی ھونەرمەندە[بەستەری مردوو]، ماڵپەڕی کوردستان تیڤی، ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.
  5. ^ بەوێنە.. وێنەیەکی دەگمەنی ھونەرمەندی میللی تەحسین تەھا بڵاو دەبێتەوە، ماڵپەڕی باسنیوز، ٢ی نیسانی ٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە.