بەوەرز یان مشکەخۆرە یان دەڵەك (ناوی زانستی: mustela nivalis) گیانەورێکی بچوکی شیردەر و گۆشتخۆرە لاشەیەکی درێژکۆلە و دەستو پێ بچوکە، چڕنوکی ھەیە و توانای ھەڵبەزین و دابەزینی بۆ سەردرخت و شوێنە بەرزەکان ھەیە، ملی درێژکۆلە و دەمی بەرز و پڕ مووە (سمێڵ)، جۆرەکانی بەوەرز ١٢- ٤٥ سم درێژن. گوێی کورت و خڕ و کەوانەیە، ڕەنگی مووی پشتی قاوەیی سورباوە، ژێر مل و سکی سپیە، ھەندێکیان خۆڵە مێشیە، کلکی توکنە و لە کلکی سمۆرە بجوکتر و کورتترە و کۆتاییەکەی ڕەشە، فەروی ھەندیکیان بە زستانان بە تەواوی سپی دەبێت بە تایبەت ئەو جۆرانەی کە لە شوێنە کوێستان و بەفراویەکان دەژین، (ڕەنگەکان بەپێ شوێن و ژینگە گۆڕانکاری بەسەر دێت) واتە ئەوەی سەروە سیفەتی بەوەرزی کوردستانە بۆیە ڕەنگەکان لە وڵاتانی تر جیاوازن.

بەوەرز

بەوەرز لە خێزانی موستیلایە کە چەندین جۆرن بە پێی پۆلێنکردنی شارەزایانی بواری گیانەوەر نزیکەی ٥٧ جۆر ھەیە لەسەر زەوی (سمۆرە و بۆنکە و چالەکە و تا سەگڵاویش) دەگرێتەوە، بەوەرز لە ھەمویان بچوکترە، کەسیفەتەکانیم لەسەروە باس کردوە، ھەشیانە گەوەرەیە نزیکەی یەک مەتر درێژەو، نزیکەی ٢٠کگم قورسە، لەزۆربەی ولاتانی جیھان ھەیە، ئاسیا، ئەوروپا، ئەمریکای باکور، باکوری ئەفریکا، ھەروەھا لەکوردستان ھەیە، تەنیا لە ئوسترالیاو تەوەری باشور دا نیە.

بەوەرز بە گیانەوەرێکی ڕاوچی دێتە ئەژمار واتە ڕاوی نێچیرەکانی دەکات، مشک، کەروێشک، مار، مارمێلکە و باڵندەکان ڕاو دەکات، ھەروەھا ھێڵکەی باڵندەو مریشک و سیسرگ و کولە دەخوات، لەھەندێ شوێنی باشوری ئێران مشکی خورمای پێ دەڵێن.

ژیانی بەوەرز ئاسایی نزیک گوند و گوزەرانی خەڵک و کێڵگە کان دەژی، لە ناو کون و کەڵکە بەرد ھێلانەی خۆی دەکات، ھەر بۆیە ڕاوی مریشک و کەڵەشێرو جوجکەو باڵندە ماڵیەکانی تریش دەکات، من بەچاوی خۆم لە گوندەکەی خۆمان بینیومە کەچۆن جوجکەی مریشکی مل شکاندوەو خوێنەکەی مژیوە، واتە بەوەرز بە گازگرتن لەژێر کەلەی سەر یان جومجمەی نێچیرکەی و ملی دەشکێنێت و خوێنەکەی دەخوات، ئەم گیانەوەرە ڕاوچیە بەدرێژایی شەو ڕۆژ چالاکە، توانای بۆنکردنی بەھێزە و بەوشیوە نێچیرەکانی دەدۆزێتەوە، ھەروەھا ھەستی بینین و بیستنیشی بەھێزە، بەوەرز ماڵی دەکرێ وەک سمۆرە.

زاوزێی بەوەرز لە وەرزی گەرمادا ڕوو ئەدات، دوو جار سک و زا دەکات، ماوەی ئاوسی ٣٥ ڕۆژە (٣-١٠) بەچکەی دەبێت، بەچکەکانی سەرەتا کوێرن و دوای سێ ھەفتە چاویان دەکەنەوە (چاویان ئەترەکێ)، تا تەمەنی سێ مانگی بەشوێن دایکیانەوە دەبن و دایکی بەخێویان دەکات، دواتر وردەوردە لەدایکیان جیا دەبنەوە خۆیان فێری خواردن و ژیان دەبن، لەیەک ساڵیدا باڵق دەبن، بەوەرزی کەژی تەمەنیان کورتترە لەچاو ئەوانەی کە ماڵی دەکرێن کە نزیک دەساڵ دەژین.

مرۆڤ و ھەڵۆ کان مێمڵ و دوژمنی بەوەرزن زۆر لێان دەترسێ بۆیە لەکاتی ھێرش دا بۆ سەری بۆنێکی ناخۆش بەرئەداتەوە وەک پەرجەکردار و بەرگری لەخۆی، چونکە جەندین گلاند (ڕژێن) لەبن کلکی زۆربەی گیانەوەررەکنی ئەم خیزانە وەک سمۆرەو بەوەرز.. ھتد، شارەزایان دەلێن بۆنە ناخۆشەکە دەبێتە ھۆی کوێر بونی کاتی ھێرش بەرەکان، بەو جۆرە خۆی قوتار دەکات.

فەرو ی خیزانی موستیلا لە دێرزەمانەوە لەلای خەڵکی سەر زەوی جیگای سەرنج بوە بۆیە ڕاویان کردوە تا سودی لێ ببین بە تایبەت سمۆرە و سەگڵاو (سمۆرەی دەریا) جۆرەکانی تریان.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • وتارێکی د. ناجح گوڵپی، پزیشکی ڤ‌ێترنەری ڕاوێژکاری، ٢٠/٧/٢٠١٥