بەرەبەیانی مەسیحییەت

بەرەبەیانی مەسیحییەت (بەئینگلیزی: Early Christianity، بەعەرەبی: المسیحیة المبکرة)، زاراوەیەکە ئاماژە دەدات بە مەسیحییەت لەماوەی دوای مردنی یەسووع، لەساڵانی ٣٣ ی زایینی بەپێی تەقلیدی کڵیسایی و ھەتاوەکوو ساڵی ٣٢٥ ی زایینی و بەستنی ئەنجومەنی نیقییەی یەکەم، ئەو زاراوەیە زۆر جار بەھۆی بەرتەسکی ئەو ماوەیەوە بەکاردێت، چونکە تەنھا یەکەمین کڵێسای مەسیحییەت لەخۆ دەگرێت کە قوتابییەکانی یەسووع و ھاوچەرخەکانیانی لەخۆ گرتبوو.

دوایین نوێژی مەسیحییەکان لەکاتی ئاهەنگی ئەشکەنجەدانیان لە کۆلۆسیۆم، ڕۆما. تابلۆی ژان لیۆن جێرۆم

لەیەکەمین سەدەکاندا، مەسیحییەت ترازا لە یەھوودییەت و جیابووەوە بە شێوەیەکی تەواوەتی، بەمەش کڵێسا پەیمانی نوێ ژیا، لەسەر مەسیحییەکانیش ئەرک بوو کە بەرگری لە بیروباوەڕیان بکەن لەڕووبەرووبوونەوەی ئایینەکانی تردا کە بەسەرتاپای ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانیدا بڵاو بووبووەوە، ھەروەھا کۆمەڵێک چەوساندنەوەی زۆر بەسەریاندا ھات کە ئیمپڕاتۆرە ڕۆمانییەکان بەرپایان دەکرد دژ بە مەسیحییەت و شوێنکەوتووەکانی.

مێژوو دەستکاری

لەسەرەتای سەدەی دووەمی زایینیدا، مەسیحییەت بریتیی بوو لە کۆمەڵێک جەماعەتی پەرتەوازەی بچووک لەنێو کۆمەڵگادا لەنێو ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا، ھێزی باوەڕ و ڕۆشنبیری ڕۆمانییان شتێکی ناسراو بوو، ئەمە بەدەر بوو لەو کەسانەی کە نوێ بوون بۆ ئایینەکە. لەلایەکی ترەوە، گەورەترین ترس بۆ ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی بریتیی بوو لە رەتکردنەوەی مەسیحییەکان بۆ پەرستی ئیمپڕاتۆر کە رەگەزی یەکبوونی ئیمپڕاتۆرییەتەکە بوو، ئەمە جگە لە رەنکردنەوەیان بۆ سەرجەم بۆنە فەرمییەکان، ھەروەھا ئاشکرا کردنیان بۆ قۆرخکردنی ڕاستی و ھەڵبژاردنی مردن لەبری لادان لە ئایینەکە، ھەر ئەمەش بوو وایکرد کە وتاردەری ڕەوانبێژ لۆقیانۆس بڵێت کە ئەمانە مێشک و بیریان سووک و سادەیە و تاوانبار نین بەڵکو یەسووعی دووڕوو ھەڵیخڵەتاندوون و پێشەوا ئایینیەکانیش یارییان پێ دەکەن.[١]، لەگەڵ ئەمەشدا مەسیحییە پێشەنگەکان ئەوەیان بەشێوەیەکی تایبەت ڕەت دەکرەوە کە لەیەک خستن ھەبێت بە زانستە دنیاوییەکانەوە بەھۆی پەیوەندیداربوونی بەشێوەیەکی قایمەوە بە ئایینە بتپەرستەکانەوە.[٢]، ئەمە وایکرد کە مێژووناسی ڕۆمانی سەلەس دەوروبەری ساڵی ١٧٥ لۆمەی مەسیحییەکان بکات لەسەر پاڵپشتیکردن و بەرگریکردنیان لە نەزانی خۆیان.[٣]

باردودۆخەکان لەدوای نیوەی سەدەی دووەمی زایینییەوە بەرەو گۆڕان چوو، چونکە مەسیحییەکان درکیان بەوە کرد کە دووەمین گەڕانەوەی چاوەڕوانکراوی یەسووع کاتێکی زۆر درێژ دەخایەنێت و مانەوەیان لەسەر زەوی درێژە دەکێشێت، بۆیە ھەوڵیان دا کە باوەڕەکەیان بەشێوەیەکی پڕتر لە عەقڵانییەت و سیستەم پێشکەش بکەن بە بەکارھێنانی ڕۆشنبیرییەکانی سەردەمەکەیان، ئەم درکپێکردنە گەیشتە ئەوەی کە ئەگەر کڵێسا نەیەوێت ڕەزاگران بێت لەلای کۆمەڵگا، ئەوا پێویستە لەسەر کە بەزمانی ڕۆشنبیرانی سەردەمەکە و خودی سەردەمەکە خۆی قسە بکات[٤]، بەم جۆرە یەکەمین بەرگریکار لە مەسیحییەت جۆستینۆس بوو کە کوژرا لە ماوەی چەوساندنەوەکانی ساڵی ٥٦٠دا.[٥] لەدوای ئەمەشەوە نووسراو پەڕتووکەکانی بەرگری ڕووی لەزۆربوون کرد؛ ھبراپۆلیس، ئەبۆلینارۆس و میڵتۆن نووسراو و پەڕتووکەکانیان پێشکەشی ئیمپڕاتۆر مارکۆس ئۆریلیۆس کرد، ھەروەھا ئەسیناگۆراس و مڵیتادیس نووسراوەکانیان بڵاوکردووە لەدەوروبەری ساڵی ١٨٠دا[٥]، کەسانی ڕۆشنبیریش وەکوو کجولیانۆس و ئەگناتیۆس کە بووبوونە مەسیحی؛ بەشدارییان کرد لەڕێگەی خۆشکردن بۆ مەسیحییەت کە بچێتە ناو کۆمەڵگایەکی زاڵەوە. لەکۆتایی سەدەی دووەمدا ئیدی کێشەیەکی ئەوتۆ بوونی نەما، بەجۆرێ کە تەنانەت باوکانی مەسیحیش منداڵەکانیان دەناردە قوتابخانە بتپەرستییەکان چونکە لەپەروەردەیەکی مەسیحی درووست جیاواز نەبوو تەنھا لە کۆرسە ئایین و ئەخلاقییەکاندا نەبێت[٦]، ھەروەھا قوتابخانە مەسیحییەکان و پەڕتووکە مەسیحییەکان پەیدابوون دامەزران لەگەڵ دەستپێکی سەدەی سێیەمی زایینیدا و ژمارەی مامۆستایانی مەسیحی لە قوتابخانە یۆنانییەکان و ڕۆمانییەکاندا ڕووی لە زۆربوون کرد و لەساڵی ٢٦٤دا ئەناکۆلیۆس بووە سەرەک قەشەی لازقیە، یەکەمین ڕاگری مەسیحی لە کۆلیجی فەلسەفە لە زانکۆی ئەسکەندەرییە، پاشان قەشە مالیخۆن بووە بەڕێوەبەری قوتابخانەی وتاردان و ڕەوانبێژی لە ئەنتاکیە.

ژمارەیەکی زۆر لە لێکۆڵەرەوان وا دەبیین کە مەسیحییەت لە یەھوودییەتەوە گەلێک نزیک بووە لەڕووی داب و نەرییتەوە تا کۆتایی سەدەی دووەمی زایینی، بەڵام لەدوای ئەو ڕێکەوتەوە مەسیحییەت چووە ناو شارستانییەتی ھێلینییەوە کە بوارێکی تری بڵاوبوونەوەی بۆ دەڕەخسێنێت لەگەڵ دەستپێکردنی سەدەی سێیەمی زایینییەوە[٧]، لەلایەکی ترەوە، ئێریک کۆفمان ئاشکرای دەکات کە مەسیحییەکان سیستەمێکی کۆمەڵایەتی چالاکییان لەسەر تیشکی ئینجیلەوە گەشەپێداوە، بەپێچەوانەی بتپەرستەکانەوە؛ مەسیحییەکان لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکاندا گرنگییان بە نەخۆشەکانیان دەدا ئەمە ھاوشانی گرنگیدان بە کەمئەندامەکانیان، ئەمە جگە لە جەختکردنەوە لەسەر بەوەفابوونی نێرەکان لە ھاوسەرگیریدا و یەکێتی ئەو ھاوسەرگیرییە، ئەمە جۆرێک لە خێزانی سەربەخۆ و جێبەخۆگرتووی درووست کرد کە کۆمەڵگای ڕۆمانی لەدەستی دابوو، ھاوشانی ئەمانەش یاریدەدەری ژنە باوەڕدارە نوێیەکانیان دەکرد لەچوارچێوەی ئەو جێگیرییەدا تا منداڵیان ببێت و ژمارەیەکی زۆرتر لە منداڵ پەروەردە بکەن، ئەمە لەگەڵ ھەبوونی ژیانێکی کۆمەڵایەتی بێ وێنە و بێ ھاوتا لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵەیەکی دیاریکراودا و یارمەتیتدانی بەردەوامیان بۆ یەکتر.[٨]

کێشەی سەرەکی کڵێسا لە ماوەی ھەردوو سەدەی دووەم و سێیەمدا لە چەوساندنەوەی مەسیحییەکان لەلایەن ڕۆمانەوە خۆی دەبینێتەوە، لەسەرەتای دەرچوونی بەیاننامەی دەرکردنی مەسیحییەکان لەڕۆما لەساڵی ٥٨دا و تەنانەت تا ساڵی ٣١٢، مەسیحییەکان دەیان ناڵاند لەجۆرەھا جۆری چەوساندنەوە، کە ناخۆشترینیان بریتیی بوو لەچەوساندنەوەی نیرۆن کە ئاگرکەوتنەوە لە ڕۆمای لێ کەوتەوە، دۆمیتیانۆس کە سی و حەوت ساڵ بەردەوام بوو لەسەر چەوساندنەوەی مەسیحییەکان؛ سەرەتای ڕۆژژمێری ناسراو بە ڕۆژژمێری قبتی یان میسڕی دەستەبەر کرد، و بەپێی سەرچاوە و ژێدەرەکانی کڵێسای قبتی ئۆرسۆدۆکسی؛ سەدان ھەزار کەس لەماوەی ئەو چەوساندنەوەیەدا کوژراون[٩]، ھەریەک لە تراجان، مارکۆس ئۆریلیۆس، سێپتیمۆس سێڤیریەس، ماکسیمین، دێکیۆس، جالینۆس، ئۆریلیان و دیۆکلتیانۆس، بەگشتی لەمێژووی مەسیحییەتدا بە ١٠ چەوساندنەوە گەورەکە ناو دەبرێن[١٠]، بەڵام دۆخەکان بەرەو باشبوون چوو لەگەڵ دەرچوونی بەیاننامەی لێبوردانەی گالیریۆس و ھەنگاوەکانی ئیمپڕاتۆر قوستەنتین کە بووە ھۆی دەرچوونی بەیاننامەی میلانۆ لەساڵی ٣١٢ دا کە تێیدا دان دەنێت بە مەسیحییەتدا وەکوو یەکێک لە ئایینەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی، وێڕای ھەموو ئەو چەوساندنەوانەش، ھێزی دیمۆگرافی مەسیحییەت گەشەی دەسەند لەگەڵ ئەوەی کە تا دەوروبەری ساڵی ٣١٢ ـەش لە ناو ئیمپڕاتۆرییەکەدا کەمینە بوون، بەڵام دواتر بوونە ھێزێک کە ئیمپڕاتۆرییەت نەی دەتوانی دایان پۆشێت یان دانیان پیادا نەنێت.[١١]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ الكنيسة والعلم، جورج مينوا، ترجمة موريس جلال، دار الأهالي، طبعة أولى، دمشق 2005، ص.
  2. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.78
  3. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.82
  4. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.81
  5. ^ ئ ا الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.83
  6. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.84
  7. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص. 86
  8. ^ بڕوانە مێژووی شارستانییەت بوخچەی سێیەم، پەڕتووکی پێنجەم، بەشی ٢٨، بەندی یەکەم
  9. ^ سەرەتایەک بۆ ڕۆژژمێری قبتی
  10. ^ شەهیدبوون لە مەسیحییەتدا
  11. ^ لكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.109