بەردی زراو (بە ئینگلیزی: Gallstone) یەکێکە لە نەخۆشیەکانی تورەگەی زراو کە تێیدا بەرد لە ناو تورەگەی زراو لە پێکھاتەکانی زەرداو دروست دەبێت. زۆربەی خەڵکی توشبوو بە بەردی زراو (نزیکەی ٨٠٪) ھیچ نیشانەیەکی ئەو نەخۆشیەیان نیە. تورەگەی زەرداو بەشێکی کۆئەندامی ھەرسە دەکەوێتە ژێر جگەر، فەرمانی لە خۆگرتن و عەمبارکردنی ماددەی زەرداوە، کە لە کاتی پێویست دەریدەدات بۆ یارمەتی ھەرس کردنی چەوری. کاتێک بەردەکانی زراو ڕێڕەوەکانی زراو دەگرن، ھەندێک جار دەبێتە ھۆی دروست بوونی ژانەسکی لەناکاو لە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سک ، ئەمەش ساڵانە لە ١–٤٪ ی نەخۆشەکانی زراو دەردەکەوێ. ماکەکانی بەردی زراو بریتیە لە ھەوکردنی کیسەی زراو (cholecystitis) , ھەوکردنی پەنکریاس (pancreatitis) , زەردوویی (jaundice) و ھەروەھا ھەوکردنی ڕێڕەوەکانی زراو (cholangitis). نیشانەکانی ئەو لێکەوتانە بریتیە لە ژانە سک بۆ ماوەی درێژتر لە پێنج کاتژمێر، تا، زەردوویی، ڕشانەوە، تۆخبوونی میز، و کاڵ بوونی ڕەنگی پیسایی.

ھۆکارەکانی زیاد بوونی مەترسی بەردی زراو بریتیە لە: بەکار ھێنانی حەبی کۆنتڕۆڵی لەدایکبوون، دووگیانی، بۆماوەیی لە ھەبوونی نەخۆشی بەردی زراو، قەڵەوی، شەکرە، نەخۆشی جگەر، و خێرا دابەزاندنی کێش. بەردی زراو لە کۆلیستڕۆڵ , زەرداو، خوێ و بیلیروبین (bilirubin) پێک دێت. خواردنی تەندروستی پڕ لە ڕیشاڵ و پاراستنی کێشی لەش لە رێگەی وەرزش کردن مەترسی دروست بوونی بەردی زراو کەم دەکەنەوە. کاتێک ھیچ نیشانەیەکی ئەو نەخۆشیە نەبێت ئەوا پێویست بە چارەسەر ناکات. بەڵام بۆ ئەوانەی کە ژانیان ھەیە نەشتەرگەری لابردنی تورەگەی زراو ھەندێکجار پێویستە. ئەو نەشتەرگەریەش لە ڕێگەی چەند برینێکی بچووک یانیش لە رێگەی برینێکی گەورە و بە بەکارھێنانی سڕکردنی گشتی ئەنجام دەدرێت. لە دوای نەشتەرگەری بە گشتی ئەنجامەکە باش دەبێت. لەو کاتانەی کە نەشتەرگەری ناتواندرێت ئەنجام بدرێت ئەوا ھەندێک دەرمان بەکار دێت بۆ شکاندن و توانەوەی بەردەکە. بەڵام نەخۆشەکە دەبێت بۆ ماوەی چەند ساڵێک دەرمانەکە وەرگرێت .

لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا ١٠–١٥٪ ی گەورەکان تووشی بەردی زراو بوون. بەڵام ئەم تێکڕایە لە ئەفریقیا کەمترە تا ڕادەی ٣٪. لە ساڵی ٢٠١٣ نزیکەی ١٠٤ میلیۆن کەس (١٫٦٪) تووشی نەخۆشیەکانی زەرداو بوون کە بە ھۆیەوە نزیکەی ١٠٦٬٠٠٠ کەس مردن. ڕەگەزی مێ زیاتر تووشی بەردی زراو دەبن لە نێر، و بە گشتی لە دوای تەمەنی ٤٠ ساڵی دەبێت. کەمی ھۆڕمۆنی خەو (مێلاتۆنین) بەشداری دەکات لە دروست بوونی بەردی زراو، لەبەر ئەوەی دەردانی کۆلێستڕۆڵ لە ناو تورەگەی زراو کەم دەکاتەوە.

نیشانەکان دەستکاری

گرنگترین نیشانەی بەردی زراو بریتی یە لە ژانە سک، کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سک، بەشێوەیەکی گشتی کاتی خواردنی چەوری دوای نزیکەی ١–٢ کاتژمێر دەست پێدەکات، ھەندێک جار ژانەکە دەگوازرێتەوە بۆ شانی ڕاستی نەخۆشەکە، ئەگەر تورەگەی زراو تووشی ھەوکردن بێت ئەوکات ھێڵنج و ڕشانەوەی لەگەڵ دەبێت، ھەروەھا نەخۆش پلەی گەرمی لەشیشی بەرز دەبێتەوە. وە ئەگەر ڕێڕەوەکانی زەرداویش گیران بە ھۆی خزانی بەردەوە ئەوا نەخۆش تووشی زەردوویی دەبێت.

دەشتنیشانکردن دەستکاری

نیشانە کلینیکیەکان بەشێکی گرنگی دەستنیشان کردنە، ھەندێک لە پشکنینی خوێن دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت وەکو ڕێژەی خڕۆکە سپیەکان و ماددەی بیلوروبین لە خوێن. سۆناری سک یەکێکە لە ئامرازە ھەرە گرنگەکانی دەست نیشان کردن، کە تیایدا ڕێژەی ئەستووری دیواری توورەگەی زەرداو و قەبارەی توورەگەکە و ژمارە و قەبارەی بەردەکان و ھەروەھا تیرەی ڕێرەوی سەرەکی زەرداو دەست نیشان دەکرێت.

دەستنیشان کردنی نەخۆشی بەردی زراو زۆرجار لەڕێگەی سۆناری سک دەبێت، ھەندێک جار ڕێگەی تریش بەکار دێت. دەکرێ ھەندیک لە لێکەوتەکانی بەردی زراو لەڕێگەی پشکنینی خوێن دیاری بکرێت. بەردی زراو کە ١٫٩ سم دەبێت، کە دەبێتە ھۆی ھەوکردنی کیسەی زراو، دەتواندرێت لە سۆناردا ببینرێت. ھەندێکجار (٢٠٪) بەردی زراو لە تیشکی ئێکسی (x-ray ) ئاسایی دەردەکەوێت .

چارەسەر دەستکاری

لە کاتی ھەورکردن نەخۆش پێویستە بخەوێندرێت لە نەخۆشخانە و دەرمانی دژەبەکتریا وەربگرێت، نەشتەرگەری بە ناخبین (نازوور) باشترین چارەسەرە بۆ ئەوانەی ژانیان ھەیە، ئەگەر نەشتەرگەری نەکرێت، لە وانەیە بەردێک یان چەند بەردێک بخزێنە ناو ڕێڕەوی سەرەکی زەرداو و نەخۆش تووشی زەردوویی یان ھەوکردنی پەنکریاس بێت، ئەو کات چارەسەری قورستر دەبێت.

سەرچاوەکان دەستکاری