(،) بۆر نیشانەی پشوویەکی کورتە، لەو شوێنە دادەنرێت کە وا لە ڕستەکە بکات ئاسان بخوێنرێتەوە، ڕوون بێت و بەباشی تێبگەیەنرێت. بۆر، چارەسەرێکی باشە بۆ ڕستەی دوورودرێژی پشووبڕ.

بەکارھێنان دەستکاری

  • لە دوای ناوی بانگکراوەوە، وەک:

کچینە، ھەوڵ بدەن، بە ھەوڵدان دەگەنە ئامانج.

  • لە نێوان جێگر و جێلێگیراودا، وەک:

مەستوورەی کوردستانی، ھۆنەر و مێژوونووس، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا دەژیا.

  • لەو شوێنانەی کە ژماردن و دووپاتبوونەوەی تێدایە، وەک:

خوێ، ڕۆن، پیاز و برنج ھەموو ئەو شتانەیە کە پێویستن. زانیارییەکی باش، باشی ھەبوو.

  • بۆ جیاکردنەوەی وشەی سەرسوڕمان و وشەی بانگلێکراو لە ڕستەدا، وەک:

ئۆف، چ ھەوایەک! پێنووسەکەم بدەرێ، ئاسۆ.

  • بۆ دابڕینی زنجیرە وشەیەک لە یەکتر، کە دوو دوو و پێکەوە بەکار ھێنرابن، وەک:

پێشمەرگە بە برسییەتی و تینوویەتی، بە ھیلاکی و ماندوویەتی، کۆڵی لێ نادات.

  • لە دوای گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ، بۆ نموونە ئەگەر قسەکەر، قسەیەکی کۆنی خۆی بگێڕێتەوە، وەک:

خۆم وتم، "چێکردنی ماڵپەڕ زۆر ئەستەم نییە."

  • لە پێش ئامرازی لێکدەری (وە، یا، یان) ەوە، بە مەرجێک نەکەوتبێتە سەرەتای ڕستەوە، وەک:

نە تۆ ھاتبووی بۆ کۆبوونەوەکە، وە نە ئاراسی ھاوڕێت. یا نامەکە بنووسە، یان پەڕتووکەکە بخوێنەرەوە.

  • لە دوای وشەی (بەڵێ، نە و نەخێر) ەوە، وەک:

بەڵێ، نامەکەم نارد. نە، لەو کاتەدا ناتوانم بەشدار بم.

  • لە باتیی فرمانێک بۆ ئەوەی دووپات نەبێتەوە، وەک:

من دەچم بۆ سلێمانی و ئەویش، بۆ ھەولێر.

  • لە ڕستەی لێکدراودا، دەتوانرێت لە بری ئامرازی لێکدەری (و) بەکار بھێنرێت، وەک:

شنۆ ویستی بچێ بۆ شایی، جلی لەبەر کرد، خۆی ڕازاندەوە، تەلەفۆنی لە ھاوڕێکانی کرد، یەکیان گرت، خۆیان گەیاندە شایییەکە.

  • دەتوانرێ لە بری (کە) ی لێکدەر لە ڕستەدا بەکار بھێنرێت، وەک:

پێم خۆشە، پێکەوە بچین بۆ سینەما. سوپاست لێ دەکەم، سەرت لێ دام. سەرنج: بۆر، دەبێ بلکێنرێ بە وشەکەی پێشیەوە و بۆشاییی ھەبێ لەگەڵ وشەی دوایدا.